سبەى
تەیف سامى وەزیرى دارایی عێراق گەیشتنى دۆخى ئابورى عێراقى بە هێڵى سور راگەیاند، بەهۆى کەڵەکەبوونى قەرزەکانەوە و پەرلەمانى ئاگادارکردووەتەوە کە خشتەى بودجە رەوانەى پەرلەمان ناکەن تا کێشەى کورتهێنان چارەسەر نەکرێت.
رائید مالیکى ئەندامى پەرلەمانى عێراق کە رۆژى چوارشەممە لەگەڵ تەیف سامى کۆبووەتەوە لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، تەیف سامى پێی راگەیاندووە کە خشتەى بودجە رەوانەى پەرلەمان ناکەن تا ئەو کاتەى کورتهێنانى بودجە لە لایەن بانکى ناوەندییەوە پڕ دەکرێتەوە لە رێگەى قەرز یان قەواڵەى داراییەوە.
بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، تەیف سامى باسى لەوەشکردووە، کە قەرزى ناوخۆیی و دەرەکى گەیشتووەتە نزیكەی (125 - 130) ملیار دۆلار، ئەوەش گەیشتنە بە هێڵى سور.
بەپێی یاساى رێکخستن و بەرێوەبردنى دارایی، دەبوو ئەنجومەنى وەزیران لە تشرینى یەکەمى 2024 خشتەى بودجە رەوانەى پەرلەمان بکردایە، بۆ ئەوەى پێش ساڵى نوێ پەسەند بکرایە، بەڵام تا ئێستا رەوانەى نەکردووە.
بەپێی رەشنوسى خشتەى بودجە کە ئەنجومەنى وەزیران هێشتا رەوانەى پەرلەمانى نەکردووە، بودجەى 2025 بە نزیکەى 200 تریلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت، لەگەڵ کورتهێنانى گریمانەیی بەبڕى (64) تریلیۆن دینار.
لەبارەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانەوە، ، رائید مالیکى دەڵێت، وەزارەتى دارایی عێراق ناردنى موچە بۆ هەرێمى کوردستان رادەگرێت، لەبەرئەوەى کێشەکان چارەسەر نەکراون و نەوت و داهاتى نانەوتى رادەستى بەغداد ناکرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، تەیف سامى وەزیرى دارایی عێراق رۆژى 28 ى ئایار لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەى حکومەتى هەرێمى کردووە لەبارەى مووچەى مانگى ئایارى فەرمانبەران جەختدەکاتەوە، تەرخانكراوی دارایی هەرێم بەڕێژەى 12.67 لەیاسای بودجەی سێ ساڵی كۆتایی هاتووە، بەو پێیەى بڕى 13 ترلیۆن و 547 ملیار دینارى رادەستکراوە لەکۆى خەرجى کردەیی.
نوسراوەکەى تەیف سامى دواى سێ رۆژ هات لە رەوانەکردنى لیستى مووچەى مانگى ئایارى فەرمانبەران بۆ بەغداد و رەوانەکردنى شاندێک لەو بارەیەوە بۆ وەڵامدانەوەى تێبینییەکانى بەغداد.
وەزارەتى دارایی عێراق لە نوسراوەکەیدا جەختیکردووەتەوە، هەرێمى کوردستان لەکۆى 19.9 ترلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوت لە ساڵى 2023 ەوە تا مانگى نیسانى ئەمساڵ، تەنها 598.5 ملیار دینارى رادەستى بەغداد کردووە، بۆیە ناتوانن بەردەوام بن لە ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان.
د.نەرمین مەعروف ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رۆژى چوارشەممە دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ تەیف سامى رایگەیاند، "ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی دارایی پێجەوانەی بڕیاری ژمارە ٢٢٤ی دادگای فیدڕاڵییە ، هەروەها ئەو شێوازەی پشکی هەرێمی پێ ئەژمار کراوە لەو نووسراوەی وەزارەتی دارایی هیچ بنەمایەکی یاسایی و ژمێریاری نییە، جگە لەوەی حکومەتی فیدڕاڵ هێشتا خشتەی داهات و خەرجی ساڵی ٢٠٢٥ نەناردووە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، کە پێچەوانەی مادەی ٧٧/دووەم لە یاسای بودجەی سێ ساڵەیە".
جەختیشیکردووەتەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەموو رێکارێکی دەستوری و پەرلەمانی دەگرنەبەر.