“سودانی لە هەرێم نیگەرانە”؛ فراکسیۆنە کوردییەکان لەسەر نوسراوەکەى تەیف سامى دەجوڵێن

#مووچە#تەیف سامى#هەرێمى کوردستان#عێراق
2 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • سەرچاوەیەکى بەرپرس لە فراکسیۆنە کوردییەکانى پەرلەمانى عێراق رۆژى پێنج شەممە بە سبەى راگەیاند، جموجۆڵ هەیە بۆ کۆبوونەوەى فراکسیۆنە کوردییەکان لەو بارەیەوە، بەمەبەستى تاوتوێکردنى نوسراوەکەى تەیف سامى، بەو پێیەى بەپێی نوسراوەکە چیتر بەغداد مووچەى فەرمانبەران رەوانەى هەرێم ناکات.
Primary Asset

سبەى

فراکسیۆنە کوردییەکان لەسەر نوسراوەکەى تەیف سامى لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانەوە دەجوڵێن، سەرچاوەیەکیش جەختدەکاتەوە جگە لە تەیف سامى، سودانیش لە هەرێم نیگەرانە.

تەیف سامى وەزیرى دارایی عێراق رۆژى 28 ى ئایار لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەى حکومەتى هەرێمى کردووە لەبارەى مووچەى مانگى ئایارى فەرمانبەران جەختدەکاتەوە، تەرخانكراوی دارایی هەرێم بەڕێژەى 12.67 لەیاسای بودجەی سێ ساڵی كۆتایی هاتووە، بەو پێیەى بڕى 13 ترلیۆن و 547 ملیار دینارى رادەستکراوە لەکۆى خەرجى کردەیی.

نوسراوەکەى تەیف سامى دواى سێ رۆژ هات لە رەوانەکردنى لیستى مووچەى مانگى ئایارى فەرمانبەران بۆ بەغداد و رەوانەکردنى شاندێک لەو بارەیەوە بۆ وەڵامدانەوەى تێبینییەکانى بەغداد.

سەرچاوەیەکى بەرپرس لە فراکسیۆنە کوردییەکانى پەرلەمانى عێراق رۆژى پێنج شەممە بە سبەى راگەیاند، جموجۆڵ هەیە بۆ کۆبوونەوەى فراکسیۆنە کوردییەکان لەو بارەیەوە، بەمەبەستى تاوتوێکردنى نوسراوەکەى تەیف سامى، بەو پێیەى بەپێی نوسراوەکە چیتر بەغداد مووچەى فەرمانبەران رەوانەى هەرێم ناکات.

سەرچاوەکە ئاماژەى بەوەکرد، ئەو پرسە تەنها پەیوەندى بە تەیف سامییەوە نییە، بەڵکو محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانیش لە هەرێمى کوردستان نیگەرانە، ئەوەشى بە فراکسیۆنە کوردییەکان راگەیاندووە.

وەزارەتى دارایی عێراق لە نوسراوەکەیدا جەختیکردووەتەوە، هەرێمى کوردستان لەکۆى 19.9 ترلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوت لە ساڵى 2023 ەوە تا مانگى نیسانى ئەمساڵ، تەنها 598.5 ملیار دینارى رادەستى بەغداد کردووە، بۆیە ناتوانن بەردەوام بن لە ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان.

تا ئێستا وەزارەتى دارایی و حکومەتى هەرێمى کوردستان هیچ هەڵوێستێکیان لەسەر نوسراوەکە رانەگەیاندووە.

ڤیان سەبرى سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق بە رۆژنامەنوسانى راگەیاند، بڕیارەکەى تەیف سامى “سیاسییە” و وەکو فراکسیۆنە کوردییەکان یاداشتێکى ناڕەزایی دەدەنە سەرۆک وەزیرانى عێراق.

لاى خۆیەوە، د.نەرمین مەعروف ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رۆژى چوارشەممە دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ تەیف سامى رایگەیاند، "ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی دارایی پێجەوانەی بڕیاری ژمارە ٢٢٤ی دادگای فیدڕاڵییە ، هەروەها ئەو شێوازەی پشکی هەرێمی پێ ئەژمار کراوە لەو نووسراوەی وەزارەتی دارایی هیچ بنەمایەکی یاسایی و ژمێریاری نییە، جگە لەوەی حکومەتی فیدڕاڵ هێشتا خشتەی داهات و خەرجی ساڵی ٢٠٢٥ نەناردووە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، کە پێچەوانەی مادەی ٧٧/دووەم لە یاسای بودجەی سێ ساڵەیە".

جەختیشیکردووەتەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەموو رێکارێکی دەستوری و پەرلەمانی دەگرنەبەر.

رۆژی پێنج شەممە  ( 22ی ئایاری 2025 ) بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی نیسانی ساڵی ( 2025 ) كە بڕەكەی پەنجا ملیارو پێنج سەدو بیست و دوو ملیۆن و حەوت سەدو  پەنجا هەزار دینارە، بەشێوەی كاش خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق.

 رۆژی سێشەممە 13ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی (959) ملیار و (514) ملیۆن دیناری وەك شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خستەسەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق.

ئەوەش لەكاتێكدایە، رۆژی 22 ی نیسان هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی نیسانی رەوانەی بەغداد كرد، بەڵام ناردنی پارەی مووچە لەلایەن بەغدادەوە دواكەوت بۆ رۆژی 13 ی ئایار.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی