حکومەتی بەریتانیا هەڵمەتێکی هۆشیاریی بە زمانی کوردی لەسەر کۆچی نایاسایی دەستپێدەکات

#بەریتانیا#کۆچی نایاسایی#قاچاخچی
4 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 مانگ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • حکومەتی بەریتانیا هەڵمەتێکی بەرفراوان بە زمانی کوردی بۆ روبەڕوبونەوەی کۆچی نایاسایی دەست پێدەکات
Primary Asset

سبەی
حکومەتی بەریتانیا هەڵمەتێکی بەرفراوان بە زمانی کوردی بۆ روبەڕوبونەوەی کۆچی نایاسایی دەست پێدەکات و مەترسییەکانی ئەو کۆچە و لێکەوتەکانی دەخاتەڕوو و هۆشداریی دەدات لەوەی وڵاتەکەی سزای داناوە بۆ قاچاخچییەکان و ئەوانەی بەنایاسایی کۆچ دەکەن، سەرەڕای ئەو مەترسییانەی لەو رێگایە روبەڕویان دەبێتەوە.

سایتی فەرمیی حکومەتی بەریتانیا لاپەڕەیەکی تایبەتی هۆشیاریی سەبارەت بە کۆچی نایاسایی بە زمانی کوردی کردوەتەوە، بۆ خستنەڕووی مەترسییەکانی کۆچ بە نایاسایی و یاسای نوێی کۆچکردن بۆ بەریتانیا و ئەو روداو و مەترسییانەی روبەڕووی کۆچبەران بوەتەوە لە رێگەی نایاسایی و لەناو بەلەم و بارهەڵگرەکان.

هەڵمەتەکە بەناوی راستییەکان دەربارەی کۆچ بۆ بەریتانیا بڵاودەکرێتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، قاچاخچیەکان پێت دەڵێن کە کۆچی نایاسایی بۆ بەریتانیا کارێکە مەترسیی نییە و ئاسانە و دەتوانیت لێرە ژیانێکی خۆش بۆخۆت دابین بکەیت، بەڵام ئەم قسەیە زۆر لە ڕاستی دوورە، چونکە کۆچی نایاسایی بۆ بەریتانیا گەلێک تێچوونی هەیە. تەنانەت لەوانەیە گیانیشت تێدا بچێت. گەلێک ژن و پیاو و منداڵ لەناو لۆرییەکاندا مردوون کاتێک هەوڵیان داوە لەڕێگەی بەلەمی بچووک یان خۆشاردنەوە بێنە بەریتانیا.

لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا هاتووە: کۆچی نایاسایی بۆ بەریتانیا زۆر لەوە مەترسیدارترە کە خەڵک بیری لێدەکەنەوە، قاچاخچییەکان سەلامەتی تۆیان بەلاوە گرنگ نییە، تەنها پارەکەی تۆیان بەلاوە گرنگە. خەڵکێکی زۆر، بە منداڵیشەوە، بە سەختی بریندار بوون یان مردوون لە هەوڵی کۆچکردن بۆ بەریتانیا بە بەلەمی بچووک یان لۆری. نابێت چیتر لەم ڕێگایەدا کەس بمرێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە: تەنانەت ئەگەر لەم گەشتە مەترسیدارە ڕزگاریشت بێت، ئەوا هێشتا ڕووبەڕووی مەترسی گەورە دەبیتەوە لە کاتی گەیشتنت بۆ بەریتانیا.

لە هەڵمەتە میدیاییەکەی بەریتانیادا باسی مەترسیی گەشتکردن بۆ بەریتانیا بە بەلەمی بچووک و لۆری و بارهەڵگر کراوە کە چەند مەترسیدارە و چۆن ژیان دەخاتە مەترسییەوە، سەرەڕای ئەوەی مەترسی هەیە لەکاتی گەیشتنیش بە بەریتانیا روبەڕی کۆیلایەتی مۆدێرن ببنەوە.

توندکردنەوەی رێوشوێنەکان

حکومەتی بەریتانیا رێوشوێنەکانی توندتر دەکاتەوە بۆ رێگریی لە کۆچی نایاسایی و قاچاخ و بڕیار دەدات هەر پەنابەرێک بە قاچاخ خۆی بگەیەنێتە ئەو وڵاتە بەهیچ شێوەیەک رەگەزنامەی پێنادرێت.

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند: بڕیارەکە لە رۆژی 10ـی شوباتی 2025 دەرچووە و کەوتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە هەر کەسێک بە رێگایەکی نایاسایی کە ئەو ناوی ناوە "گەشتی مەترسیدار" و بە بەلەمی بچووک، یان خۆشاردنەوە لەناو بارهەڵگر و هەر هۆکارێکی دیکەی گواستنەوە خۆی گەیاندبێتە بەریتانیا بڕیارەکە دەیگرێتەوە، بەبێ گوێدانە ئەو دۆخ و کاتەی پێیدا تێپەڕیووە داواکارییەکەی بۆ وەرگرتنی رەگەزنامە رەتدەکرێتەوە. 

لە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆدا رونکردنەوەی زیاتر داوە بەوەی هەر کەسێک لە دوای 10ـی شوبات داواکاریی پێشکەش بکات بۆ وەرگرتنی رەگەزنامەی بەریتانی، سەیری دۆسیە و پێشینەکەی دەکرێت، ئەگەر بەشێوەیەکی نایاسایی گەیشتبێتە خاکی ئەو وڵاتە ئەوا راستەوخۆ داواکارییەکەی رەتدەکرێتەوە، بەبێ گوێدانە ئەو کاتەی کە تێپەڕیوە بەسەر هاتنی بۆ بەریتانیا.

لەبەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا هاتووە :"ئەو کەسەی داوای رەزامەندی رەگەزنامە بکات، ئەگەر رەزامەندی پێشوەختە، یان مۆڵەتی کارکردن، یان رێگەپێدانی ئەلیکترۆنی نەبێت، راستەوخۆ داواکارییەکەی رەتدەکرێتەوە".

وەزارەتی ناوخۆ، وردەکاریی زیاتری بڵاوکردوەتەوە لەسەر ئەو کەسانەی بە "گەشتی مەترسیدار" دەگەنە بەریتانیا، ئەویش گەشتکردن و پەڕینەوە لە دەریا بە بەلەمی بچووک، خۆ حەشاردان لە ناو بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی گەورە و هۆکارەکانی دیکەی گواستنەوە.

کەناڵی (BBC) بەریتانی بڵاوی کردەوە؛ ئەو کەسانەی پێشتر بە رێگای نایاسایی و قاچاخ دەگەیشتنە بەریتانیا بۆ ماوەی 10 ساڵ چاوەڕوان دەبوون بۆ وەرگرتنی رەگەزنامە، بەڵام بەپێی بڕیارە نوێیەکە پێویست بە چاوەڕوانی ناکات و وەڵامەکەیان رەتکردنەوەی داواکاریی پێدانی رەگەزنامەیە.

ئەنجومەنی پەنابەرانی بەریتانیا بڵاوی کردەوە؛ بڕیارە و رێنماییە نوێیەکان رێگریی لە زیاتر لە 71 هەزار پەنابەر دەکات بۆ وەرگرتنی رەگەزنامە.

ئێنڤەر سۆلۆمۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوە خێرخوازییەکە "ئەنجومەنی پەنابەران" رایگەیاندووە: ئەم هەنگاو و بڕیارە نوێیەی حکومەت زۆر ناژیرانەیە، خەڵکی بەریتانیا دەیانەوێت ئەو کەسانەی مافی پەنابەریی و مانەوەیان پێدراوە، تێکەڵی کۆمەڵگە بکرێن، نەک رێگریی و بەربەستیان بۆ دروست بکرێت.

وتیشی :"پیاوان و ژن و منداڵانی پەنابەر، دەیانەوێت هەست بەوە بکەن بەشێکن لەو وڵاتەی کە پەناگەیەکی پێبەخشیوون و پاڵپشتیان بێت بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی ژیانیان، بۆیە پێویستە حکومەت پێداچوونەوە بەو بڕیارەیدا بکات".

هەر لەوبارەوە کۆلیین یۆ، پارێزەری کۆچبەران رایگەیاند: بڕیارە نوێیەکەی حکومەت پێشێلکارییەکی روونی رێککەوتننامەی پەنابەرانە.

هەرچەندە هێشتا پارتی پارێزگاران وەڵامی بڕیارەکەی حکومەتیان نەداوەتەوە، بەڵام کێمی بادێنۆچ سەرۆکی پارتی پارێزگاران بە کەناڵی (BBC) راگەیاندووە: مافی هاووڵاتیبوون و نیشتەجێبوونی هەمیشەیی تەنها دەبێت بۆ ئەو کەسانەبێت کە پابەندبوونی ڕاستەقینەیان بە بەریتانیاوە هەیە.

دەستگیرکردنی قاچاخچییەکان

ئەوە لەکاتێکدایە لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە بەریتانیا هەڵمەتێکى بۆ دەستگیرکردنى قاچاخچییەکان لەناویاندا ئەو قاچاخچییانەی خەڵکی کوردستانن چڕکردووەتەوە وەک رێکارێک بۆ سنوردارکردنى تەواوەتى بۆ پەڕینەوەى کۆچبەران بە نایاسایی بۆ ئەو وڵاتە.

دوایین قاچاخچى خەڵکى هەرێمى کوردستان هەفتەی رابردوو لەلایەن دەزگاى نیشتمانى بەرەنگاربوونەوەى تاوانەوە لە بەریتانیا دەستگیرکرا، ناوى رێبین شەریفە و تەمەنى 25 ساڵە، لەگەڵ قاچاخچییەکى دیکەی ئەلبانى تەمەن 47 ساڵ دەستگیرکراوە، ئەویش لەسەر داواکارى فەڕەنسا بە تۆمەتی بە قاچاخبردنی خەڵک بەکارهێنانی بەلەمی بچووک لە کەناڵى ئینگلیزەوە.

مانگى رابردووش گروپێکی سێ کەسی لە هەرێمی کوردستان بەهەماهەنگى دەزگاى نیشتمانى بەرەنگاربوونەوەى تاوانى بەریتانی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکران بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ (ئامانج حەسەن زادە) کە ماوەیەک بەر لەئێستا بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤیدیۆکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە بەریتانیا دەستگیرکراو و بە 17 ساڵ زیندانیکردن لەلایەن سزا درا.

یەکێکی دیکە لە دەستگیرکراوەکان پیاوێکی 40 ساڵە کە کاری حەواڵەی بانکی دەکات لەبری (ئامانج حەسەن زادە)، واتە ئەم کەسە نێوەندگیر بووە لەنێوان قاچاخچییەکان و پەنابەران.

کەسی سێیەم، کەسێکی 30 ساڵانە و بە تۆمەتی نێوەنگیریکردن لەنێوان پەنابەران و قاچاخچییەکان کاری کردووە، واتە پەنابەری زیاتر بۆ قاچاخچییەکان کۆکردوەتەوە.

هەر سێ دەستگیرکراوەکە لە نێوان 8 بۆ 12ـی مانگى رابردوو لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکراون.

ئامانج حەسەن زادە ناسراوە بە (ئامانج زەمان)، هاوڵاتیی هەرێمی کوردستانە تەمەنی 34 ساڵە و لە شاری پریستۆنی بەریتانیا نیشتەجێبووە، بە تۆمەتی پەڕاندنەوەی پەنابەران لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا لەلایەن دادگای بەریتانیاوە سزادراوە.

ئامانج ئەو کاتە ئاشکرا بوو کە لە دانیشتنێکی گۆرانی وتنی میلیدا (گەعدە)، گۆرانیبێژەکە بەندی بەباڵا هەڵدەدات و بە باشترین قاچاخچیی پێناسەی دەکات، ئەو ڤیدیۆیە بوو بە هۆکاری دەسگیرکردن و سزادرانی بۆ ماوەی17ساڵ لەلایەن بەریتانیاوە.

بەپێی ئامارەکانی بەریتانیا، تەنها لە 2024 زیاتر لە 70 پەنابەری نایاسایی لە کەناڵی ئینگلیز خنکاون، حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت بەهەر ڕێگایەک بێت چوونی پەنابەرانی نایاسایی بۆ وڵاتەکەی رابگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەکانی رابردوودا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ژمارەیەک کۆبونەوەیان کرد.

لە سەرەتای ساڵی 2020  تا کۆتایی 2024، زیاتر لە 16499 هاوڵاتی عێراقی لە رێگەی بەلەمی بچووک و بەرێگای نایاسایی لە کەناڵی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندوەتە بەریتانیا، بەجۆرێک 12%ـی ئەو کەسانەیان پێکهێناوە کە لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا گەیشتونەتە خاکی بەریتانیا.

بەپێی ئامارەکانی حکومەتی بەریتانیا، لە ساڵی 2023 عێراقییەکان لە ریزبەندی پێنجەمی ئەو هاوڵاتیا بیانییانە بوون کە بە بەلەمی بچوک لە فەرەنساوە گەیشتبونە بەریتانیا، ساڵی 2024 ریزبەندییەکەیان دابەزیووە بۆ حەوتەم.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی