
نزیکەی هەشت ملیۆن هاوڵاتی لە عێراق موچە لە حکومەت وەردەگرن
سبەى
چاوەڕواندەکرێت حکومەتى عێراق لەچەند رۆژى داهاتوودا خشتەى بودجەى 2025 رەوانەى پەرلەمان بکات کە بڕەکەى نزیکەى 200 تریلیۆن دینارە و دوو لەسەر سێی بۆ موچە تەرخانکراوە، حکومەتى هەرێمیش چاوەڕوانى پەسەندکردنیەتى بۆ ئەوەى گۆڕانکاریی لەو رێکارە کاتییانە بکات کە پەسەندیکردووە بۆ راگرتنى دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە.
کورتهێنانى 64 تریلیۆن دینار
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکارى دارایی سەرۆک وەزیرانى عێراق بە رۆژنامەى سەباحى فەرمى راگەیاند، بودجە بەسەر دوو بەشى سەرەکیدا دابەشکراوە، کە یەکێکیان بەکاربردنە کە 68-70%ى بودجەى بۆ تەرخانکراوە بۆ موچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێرى کۆمەڵایەتى، بەشەکەى دیکە بۆ وەبەرهێنان و پڕۆژەکانى گەشەپێدان و خزمەتگوزارییە.
رونیشیکردەوە، کۆى گشتى بودجە نزیکەى 200 تریلیۆن دینارە، لەگەڵ کورتهێنانى گریمانەیی بەبڕى (64) تریلیۆن دینار، کە لە داهاتى ناوخۆیی پڕدەکرێتەوە ئەگەر تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت دابەزێت بۆ خوار 70 دۆلار یان هەناردەکردنی نەوت بۆ خوار 3.4 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح جەختیکردەوە، حکومەت پابەندە بە گەرەنتیکردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و نزیکەی هەشت ملیۆن هاوڵاتی موچە لە حکومەت وەردەگرن، ئەمەش بەشدارە لە پاڵپشتیکردنی دارایی نزیکەی 40 ملیۆن کەس بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ.
ئاماژەی بەوەشکرد، جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، وەک ئاو، کارەبا، قوتابخانە و نەخۆشخانەکان، هاوتەریب لەگەڵ دەستەبەرکردنی موچە، لە پێشینەی کارەکان دەبێت.
چاوەڕواندەکرێت پشکى هەرێم لە خشتەى بودجەى 2025 گۆڕانکاریی بەسەردابێت، دواى ئەوەى رۆژى 3ى شوباتى 2025، هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق لەسەر چارەسەرى کێشەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان رێککەوتن، بەجۆرێک بەغداد بۆ ئەمساڵ تەواوى موچەى فەرمانبەران دەنێرێت و هەرێمیش رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى بەغداد دەکات.
رێککەوتنەکە دواى رۆژێک هات لە پەسەندکردنى هەموارى بودجەى عێراق لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە، کە هەردوو حکومەت ئومێدیان لەسەر هەڵچنیوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەداراییەکانى نێوانیان.
بەپێی یاساى رێکخستن و بەرێوەبردنى دارایی، دەبوو ئەنجومەنى وەزیران لە تشرینى یەکەمى 2024 بودجە رەوانەى پەرلەمان بکردایە، بۆ ئەوەى پێش ساڵى نوێ پەسەند بکرایە، بەڵام تا ئێستا رەوانەى نەکردووە.
جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لەگەڵ گەیشتنى خشتەى بودجە لیژنەکەیان کۆدەبێتەوە و راپۆرتى خۆى لەو بارەیەوە بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمان بەرزدەکاتەوە.
حکومەتى هەرێم چاوەڕوانە
حکومەتى هەرێمى کوردستان رۆژى 5 شوبات 10 بڕیارى دەرکرد بۆ رێکخستنى رێکارە داراییەکانى لەگەڵ بەغداد، تا پەسەندکردنى خشتەکانى بودجەى 2025 لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە کە وادەکەى نادیارە.
بەپێی رێکارەکان، لیستى موچەى مانگى یەکى ئەمساڵ دەکرێتە بنەما بۆ ژمارەى موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان و تەرخانکراوە داراییەکان.
رێکارێکى دیکە تایبەتە بە راگرتنی دامەزراندن بە هەموو شێوازەكانی (هەمیشەیی- گریبەست- كاتی- دامەزراندن لەسەر داهاتی ناوخۆ- بەلەجیاتی دانان- وانەبێژ- خۆبەخش)، گەڕانەوە بۆ وەزیفە یان هەر شێوازێکى دیکەى دامەزراندن.
راگرتنی بەخشین و بەستنی دەرماڵە بۆ موچەخۆران و پابەندبوون بەو رێژەو بڕانەی كە لە لیست موچەی مانگى یەکى ئەمساڵ هاتووە، رێکارێکى دیکە کە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بڕیارى لەسەرداوە.
هەر بەپێی رێکارەکان، دامەزراندن بە پلەى تایبەت لەبەڕێوەبەرى گشتى بەرە سەرەوە رادەگیرێت، لەگەڵ قەدەغەکردنى گواستنەوەى راژەى فەرمانبەران، راگرتنى ئەژمارکردنى خزمەت، کارکردن بە بڕیارەکانى وەزارەتى دارایی عێراق لەبارەى سەرموچە و پلە بەرزکردنەوە.
رێکارێکى دیکە تایبەتە بە پابەندکردنى وەزارەتەکان بۆ بەرزنەکردنەوەى داواى درێژکردنەوەى تەمەنى خانەنشینى.
ئەنجومەنى وەزیران جەختیکردووەتەوە، کارکردن بەو رێکارانە کاتییە و سەرتاسەرییە، تا پەسەندکردنى خشتەکانى بودجە لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە بەردەوام دەبێت و پێویستە سەرجەم وەزارەتەکان بیخەنە بوارى جێبەجێکردنەوە.
