پشتیوانی لە تایبەتکردنی دادگایەکی سلێمانی بە دۆسیەی رۆژنامەنووسان دەکرێت

#دادگا#یاسای رۆژنامەگەریی#دادگای سلێمانی#رۆژنامەنووسان#چمک#میترۆ
5 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 مانگ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • دادگایەکی سلێمانی تایبەت دەکرێت بە بینینی ئەو دۆسیانەی پەیوەندی بە یاسای رۆژنامەگەرییەوە هەیە و یاسای کاری رۆژنامەگەرییان لەسەر پیادە دەکرێت
  • و رێکخراوەکانی پەیوەست بە کاری رۆژنامەگەریی پشتیوانی و پێشوازی لە بڕیارەکە دەکەن
Primary Asset

سبەی

دادگایەکی سلێمانی تایبەت دەکرێت بە بینینی ئەو دۆسیانەی پەیوەندی بە یاسای رۆژنامەگەرییەوە هەیە و یاسای کاری رۆژنامەگەرییان لەسەر پیادە دەکرێت و رێکخراوەکانی پەیوەست بە کاری رۆژنامەگەریی پشتیوانی و پێشوازی لە بڕیارەکە دەکەن.

بەپێی فەرمانێکی کارگێڕی، سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە (13ـی ئازاری 2025) دەرچووە، دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی/1، تایبەتمەند دەبێت بە بینینی ئەو سکاڵایانەی کە پەیوەندیدارن بە رۆژنامەنوسان لەناو شاری سلێمانی و یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان بەسەریدا پیادە دەکرێت.

لە بڕیارەکەدا هاتووە: سەرجەم داواکارییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی رۆژنامەنووسی لە دوای کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، هەواڵەی دادگای کەتنی سلێمانی/6 دەکرێت بۆ یەکلایی کردنەوەیان.

سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی رایگەیاندووە: بە مەبەستی ئەنجامدانی باشترین مامەڵەی یاسایی لەگەڵ رۆژنامەنوسان و خێراتر راییكردنی كەیسەكانیان ئەو بڕیارەیان داوە.

میترۆ پشتیوانی لە بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوە دەكات

لەیەکەم کاردانەوەشدا سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان رایگەیاند: پشتیوانی لە دوو بڕیارەكەی سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی دەكەین و داوا دەكەین لە هەموو دادگاكانی تری هەرێمی كوردستان پەنا بۆ ئەو رێوشوێنانە ببرێت كە دەبنە فاكتەری جێبەجێكردنی یاسای رۆژنامەگەری.

سەنتەری میترۆ رایگەیاندووە: بڕیارەكەی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، دوای كۆبونەوەیەكی هاوبەشی لایەنە پەیوەندیدارەكان و چەند دەزگایەكی میدیایی و سەندیكا و سەنتەری میترۆ دێت، کە سەرەتای ئەم مانگە ئەنجامدرا، یەك لەو داواكاریانە كە خرانەڕوو، سكاڵای پەیوەندیدار بە رۆژنامەنووسان و بڵاوكردنەوە، بچێتە بەردەستی دادوەرێكی پسپۆر لە یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان و ئەو داواکارییەش لەلایەن جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پیشتیوانی لێكرا.

لە راگەیەندراوەکەی سەنتەری میترۆدا هاتووە: کەیسەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە سروشتی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە یاسای تایبەتی خۆی بۆ دەرچووە، بەڵام سەرباری یاساكە جارێ هێشتا كار بە یاسای سزادانی عێراقی و یاسای تر لە دادگاكانی هەرێم لێكۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنووس دەكرێت.

سەنتەری میترۆ لە كاتێكدا كە پێشوازی لە دوو بڕیارەكەی سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی دەكات، داواش دەكات لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان پەنا بۆ ئەو رێوشوێنانە ببرێت كە دەبنە فاكتەری جێبەجێكردنی یاسای رۆژنامەگەری و سەروەربوونی یاسا.

چمک: پێشوازیی لە بڕیارەکە دەکەین

هەر لەوبارەیەوە د.شوان ئادەم ئەیڤەس، سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی (چمک) وێڕای دەستخۆشیی و پێشوازییکردنی لە بڕیارەکانی سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، ئاشکرای کرد کە کاراکردنی دادگای تایبەتمەند بە دۆسییەکانی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی، خواستێکی لەمێژینەی ئەوان و سەرجەم خەمخۆرانی کایەی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەرییە.

ئاماژەی بەوەکردووە بەو بڕیارە، هەم کواڵیتی پڕۆسەی دادبینیی و یەکلاکردنەوەی دۆسییەکان جیاوازتر دەبێت، هەم لەمەودوا خاوەن هزر و ئەهلی قەڵەم جۆرە تایبەتمەندییەکیان دەبێت کە تێکەڵ بە دۆسییە و تاوانی تاوانبارانی دیکە نەکرێن. بەتایبەت ئەگەرهاتوو لەم دادگە تایبەتمەندانەی رۆژنامەواناندا، کەسانی کراوە و خوێندەوار لە رووی میدیایی و دیجیتاڵییەوە دابنرێن کە بڕوای تەواوەتییان بە مافەکانی مرۆڤ و  ئازادییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی هەبێت.

کارو ئەرکی ئەو دادگایە چییە و لەکوێیە؟

دادگاى لێکۆڵینەوەى سلێمانى/1 کە شوێنى کار کردنی لەناو بینای شارەوانی سلێمانییە، لە شەقامی سالم، تایبەتە بە بینینى ئەو کێشانەى کە لە سنوری بنکەى پۆلیسى ئەزمەڕ و سەرا هەیە، هەروەها کێشەى پاسپۆرت و بنکەى پۆلیسی نەخۆشخانە و بنکەى پۆلیسی ونبووەکان.

 بەپێى مادەى 31 لە یاسای دەسەڵاتی دادوەرى ژمارە 23ـى ساڵى 2007، لە هەر شوێنێک دادگاى بەرایى هەبێت پێویستە یەک دادگای لێکۆلێنەوە یان زیاتر هەبێت،  بەشێوەیەکی گشتى ئەرکی دادگاکانی لێکۆڵینەوە بریتى یە لە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەى کە لە سنوری دەسەڵاتی ئەو دادگایە رودەدات و کۆکردنەوەى بەڵگە لەسەر تۆمەتباران و پاش تەواوبونی لێکۆڵینەوە ئەگەر بەڵگە هەبوو دژى تۆمەتباران ئەوا هەواڵەى دادگاى تایبەتمەند دەکرێت بەپێى جۆرى دۆسیەکە بۆ دادگایی کردنیان.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی