پسپۆڕان؛ چۆنێتی خەو گرنگترە لە چەندێتییەکەی

#خەو#چۆنێتی خەو#چەندێتی خەو#زانکۆی ستانفۆرد#جۆن هۆپکینز
3 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 مانگ نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
پوختە :
  • پسپۆڕێک: کاتێک دەتەوێت بزانی چەندێک خەوت پێویستە، گرنگە بیر کە چۆنێتی (کوالێتی) خەوەکە بکەیتەوە.
  • پسپۆڕەکە: ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە لە خەو هەستایت هەستێکی باشت هەبێت.
Primary Asset

ژنێک لە کاتی خەوتندا

سبەی

لای پسپۆڕانی تەندروستی چۆنێتی خەو لەپێشینەیە، نەک چەندێتی، واتە خەوێکی باش پەیوەست نییە بەوەی چەندێک زۆر کەسەکە خەوتووە، بۆیە کەسانێک هەن سەرەڕای خەوێکی زۆر، بەڵام هەر هەست بە شەکەتی دەکەن.

مرۆڤ سێ لەسەر یەکی ژیانی بە خەو بەسەر دەبات، بەڵام وەک پسپۆڕان باسی لێوە دەکەن دەکرێت چەندێتی خەو لە کەسێکەوە بۆ کەسیكی دیکە بگۆڕێت. پێویستی خەو لە تەمەنە جیاوازەکاندا دەگۆڕێت، بۆ نموونە منداڵی ساوا پێویستە زیاتر لە 14 کاتژمێر لە رۆژێکدا بخەوێت، بەڵام کەسانی پێگەیشتووی سەروو 65 ساڵ کەمتر لە حەوت کاتژمێریان پێویستە.

دکتۆر رافایل پێلایۆ، پسپۆڕی خەو لە زانکۆی ستانفۆرد، سەبارەت بەوەی هەر کەسێک چەندێک خەوی پێویستە دەڵێت: "کاتێک دەتەوێت بزانی چەندێک خەوت پێویستە، گرنگە بیر کە چۆنێتی (کوالێتی) خەوەکە بکەیتەوە"، پسپۆڕەکە دەشڵێت: "ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە لە خەو هەستایت هەستێکی باشت هەبێت".

دکتۆر پێلایۆ دەڵێت: "ئەگەر کەسێك پێم بڵێت کاتێکی زۆر دەخەوێت، بەڵام کە لە خەو هەڵدەستێت هەست بە ماندوێتی دەکات، کەواتە شتێک هەڵەیە".

سەبارەت بە خەوی پێویست بەپێی تەمەنەکان مۆلی ئاتوود، پزیشکی خەوی رەفتار لە زانکۆی جۆن هۆپکینز، دەڵێت: منداڵی ساوا پێویستی بە 14 بۆ 17 کاتژمێر خەوە لە رۆژێکدا، چونکە منداڵی ساوا بەزویی گەورە دەبێت بۆیە پێوستی بە خەوێکی زۆرترە.

بڕی خەو بۆ کەسانی بەتەمنتر و گەنجان جیاوازە. بەپێی دامەزراوەی نیشتیمانی خەو، زۆرینەی کەسانی پێگەیشتوو لە نێوان تەمەنەکانی 26 بۆ 64 پێوستیان بە حەوت بۆ نۆ کاتژمێر خەوە لە رۆژێکدا، بەڵام کەسانی 65 ساڵ و سەرووتر دەتوانن کەمتر لە حەوت کاتژمێر بخەون، هەروەها گەنجانی تەمەن 16 بۆ 25 ساڵ دەتوانن کەمتریش لەو بڕە بخەون.

خولی خەوی مرۆڤ وەک دکتۆر ئاتوود باسی لێوە دەکات پێکدێت لە کۆمەڵێک قۆناغ، هەر قۆناغێک 90 خولەکە. قۆناغی یەکەم شەپۆلی خاوی خەو، یان خەوی قوڵ کە زۆر گرنگە بۆ چاککردنەوەی جەستە. هەر لەو قۆناغەدا هۆرمۆنەکانی گەشە دەردەدرێن.

کاتژمێرەکانی کۆتایی شەو گرنگە بۆ فێربوون و چەسپاندنی بیرەوەری، لەو پرۆسەیەدا یادەوەریی کورتخایەن دەگۆڕێت بۆ یادەوەریی درێژخایەن. لە قۆناغەکانی کۆتایی خەودا مرۆڤەکان ئەزموونی خەو بینین دەکەن.

پسپۆڕان باوەڕیان وایە منداڵی ساوا 50% خەویان قۆناغی خەوی قوڵە واتە هۆرمۆنەکانی گەشە زیاتر دەڕژێن، بۆیە بە شێوەیەکی خێرا گەشە دەکەن، بەڵام لە کەسانی پێگەیشتوودا، چونکە گەشە وەستاوە، قۆناغەکانی کۆتایی خەویان زیاترە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی