ئایا خۆری ئەردۆغان لەسەر دەستی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ئاوا دەبێت؟

#ئەردۆغان#ئیمامئۆغڵو#تورکیا#سەرکۆمار#هەڵبژاردن
3 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 مانگ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • هێشتا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا لەگەڵ ئەو ترسەدا دەژی کە سێ هەڵبژاردنە یەک لە دوای یەک ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ چۆک بە پارتەکەیدا دەدات. بۆیە لە هیچ شتێک سڵ ناکاتەوە تاکوو ڕێگە لەوە بگرێت لەگەڵ خودی خۆیدا بکەوێتە کێبڕکێ و بۆ ئەمەیش بە تەواوی تواناکانی و بەکارهێنانی دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەریش لە تورکیا، دەیەوێت کۆتایی بە ژیانی سیاسیی ئەو کەسایەتییە بهێنێت کە وەک سەرەخۆری خۆی بۆی دەڕوانێت.
Primary Asset

سبەی

هێشتا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا لەگەڵ ئەو ترسەدا دەژی کە سێ هەڵبژاردنە یەک لە دوای یەک ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ چۆک بە پارتەکەیدا دەدات. بۆیە لە هیچ شتێک سڵ ناکاتەوە تا ڕێگە لەوە بگرێت لەگەڵ خودی خۆیدا بکەوێتە کێبڕکێ و بۆ ئەمەش بە تەواوی تواناکانی و بەکارهێنانی دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەریش لە تورکیا، دەیەوێت کۆتایی بە ژیانی سیاسیی ئەو کەسایەتییە بهێنێت کە وەک سەرەخۆری خۆی بۆی دەڕوانێت.

سەرەڕای ئەوەی 23 ساڵە ئاک پارتی حوکمڕانی تورکیایە، بەڵام لە دوای هەموارکردنەوەی دەستوری تورکیا لە 2018 و گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی تەواوی دەسەڵاتەکانی تورکیا بە دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریشەوە لە دەست ئەردۆغان کۆ بووەتەوە و تورکیای کردووەتە وڵاتێکی پۆلیسی سەرکوتکار.

ئەردۆغان چی بووێت و کێی بوێت دۆسیەی یاسایی لەسەر تۆمار دەکرێت و زیندانی دەکرێت، بۆیە زیندانەکانی تورکیا پڕن لەو چالاکوانە سیاسییانەی ئەردۆغان لێیان دەترسێت و دیارترین نموونەی ئەوەیش سەڵاحەدین دەمیرتاشە کە وەک زۆربەی چاودێرانی سیاسیی دەڵێن چونکە بە ئەردۆغانی گوت: "تۆ ناکەین بە سەرۆک"، زیاتر لە هەشت ساڵە زیندانی کراوە.

ئێستا ئەردۆغان لە هەموو کەس زیاتر ڕقی لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵویە و زۆر لەوە دەترسێت لەسەر دەستی ئەو کۆتایی بە حوکمڕانی خۆی و پارتەکەی بێت کە ماوەی 23 ساڵە حوکمڕانی تورکیان.

لە کوێ ئیمامئۆغڵو خۆی کاندید کردبێت، لەوێ شکستی بە ئاک پارتی هێناوە

ئەو ترسەی ئەردۆغان و پارتەکەی شتێکی نوێ نییە لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، چونکە کاتێکیش لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ لە 31ـی ئاداری 2019 ئەکرەم ئیمامئۆغڵو توانی بە پشتیوانی دەنگدەرانی هەدەپە کە ئێستا دەم پارتی درێژەپێدەریەتی بە جیاوازییەکی کەم بەپێش بیناڵی یڵدرم کاندیدەکەی ئاک پارتی بکەوێتەوە. بڕیاردرا جارێکی دیکە دەنگەکان بە دەست بژمێردرێنەوە.

هەرچەند دوای ژماردنەوەی دەنگەکانیش، هەر دەنگەکانی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە هیی بیناڵی یڵدرم زیاتربوو. بەڵام ئاک پارتی و ئەردۆغان ئەو ڕاستییەیان پێ قبوڵ نەکرا و دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیایان ناچار کرد هەڵبژاردنەکە دووبارە بکاتەوە. 

هەرچەند بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکە، تەنیا بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە لە بەرژەوەندی ئاک پارتی کۆتایی بێت، نامەیەکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڵاوکرایەوە کە داوای لە دەنگدەرانی هەدەپە کرد نەبنە بەشێک لەو جەمسەرگیرییەی لە تورکیا لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دروست بووە.

بەڵام نامەکەی ئۆجەلان نەک هەر نەبووە هۆی ئەوەی هەدەپە لە پشتیوانییەکانی بۆ ئیمامئۆغڵو بکشێتەوە، بەڵکو ڕێژەی دەنگەکانی ناوبراو زۆر زیاتریشی کرد.

لە کاتێکدا لە جاری یەکەم لە هەڵبژاردنەکە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە 48.77% و بیناڵی یڵدرم لە سەدا 48.61%ـی دەنگەکانی بە دەست هێنابوو، بەڵام لە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکەدا کە لە 23ـی حوزەیرانی 2019 ئەنجام درا ڕێژەی دەنگەکان ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بۆ لە 54.22% هەڵکشا و هیی بیناڵی یڵدرمیش بۆ لە 45% دابەزی.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ڕابردوویش هەرچەند زۆربەی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەکەی پێشوو بڕیاریاندا بە کاندیدی خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن، بەوجۆرەش ئەکرەم ئیمامئۆغڵو توانی بە پێش کاندیدەکەی ئاک پارتیی دەسەڵاتدار و هاوپەیمانەکانی بکەوێتەوە.

بەم جۆرە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستانبوڵ کە لە 31ـی ئاداری 2024 ئەنجام درا، ئیمامئۆغڵو توانی ڕێژەی لە 51.21% و موراد کوروم'ی کاندیدی ئاک پارتی و هاوپەیمانی جومهور لە 39.59%ـی دەنگەکانی بە دەست هێنا.

ئەوەیش بووە برینێکی قوڵ لەسەر دڵی ئەردۆغان و ئاک پارتی و ئەوەی بیر خستنەوە لە هەر هەڵبژاردنێک ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بەشداری کردبێت لەوێ ئاک پارتی شکستی هێناوە.

یەکەم شکستهێنانی ئاک پارتی بەرامبەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە ساڵی 2014 بوو کاتێک خۆی کاندید کرد بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی قەزای بەیلیکدوزو لە ئیستانبوڵ.

هەرچەند ئاک پارتی توانیبووی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2009 لە بەیلوکدوزو کە ساڵێک پێشتر کرابوو بە قەزا و سەرۆکایەتیی شارەوانی بۆ داندرا، لە 32.10% و جەهەپە لە 30.60%%ـی دەنگەکان بە دەست بهێنێت، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی 2014، ئەکرەم ئیمامئۆعڵو توانی بە بەدەستهێنانی لە 50.82%ـی دەنگەکان بە سەرۆک شارەوانی هەڵببژێردرێت و لە بەرامبەردا کاندیدەکەی ئاک پارتی لە 39.64%ـی دەنگەکانی بە دەست هێنا.

بە هۆی ئەو خزمەتگوزارییە زۆرەی لە شارەوانیی بەیلیکدوزو پێشکەشی کرد، ئیمامئۆغڵو هەر زوو بووە جێی سەرنجی تەواوی هاوڵاتییانی ئیستانبوڵ.

بە هۆی ئەو خزمەتگوزارییانەیش دوو خولە پێشکەشی گەورەشای ئیستانبوڵی دەکات، ئێستا بووەتە جێی سەرنجی زۆربەی هاوڵاتییانی تورکیا کە دەگوترێت ئەردۆغان باسی لەوە کردووە "هەرکەسێک ئیستانبوڵ بباتەوە، تورکیا دەباتەوە".

چونکە هەر خودی ئەردۆغانیش کە تەمەنێکە حوکمڕانی تورکیایە دوای ئەوەی لە 27ی ئاداری 1994 بە سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ هەڵبژێردرا و بۆ ماوەی چوار ساڵ و 224 ڕۆژ لەو پۆستەدا مایەوە، بە جۆرێک خزمەتگوزاری پێشکەش کرد بووە جێی سەرنجی تەواوی خەڵکی تورکیا و لەوکاتەوە ئەستێرەی بەختی درەوشایەوە. 

هەرچەند ئەو وتەیەی ئەردۆغان دوای هەڵبژاردنی ئیمامئۆغڵو بە سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ لە 2019 و لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی  2023 بەدیش نەهات، کە تیایدا ئاک پارتی توانی بە بەدەستهێنانی لە 36.30% دەنگەکان بووەوە بە براوەی یەکەم و جەهەپەیش لە 28.80%ـی دەنگەکانی بە دەست هێنا و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماریش جارێکی دیکە ئەردۆغان هەڵبژێردایەوە.

ئایا حوکمڕانی ئاک پارتی دەگاتە چارەکە سەدەیەک؟

ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بۆ تەواوی پارتە سیاسییەکانی تورکیا شۆکهێنەر بوو و هیچ چاودێرێکی سیاسییش مەزەندەی نەکردبوو.

لەو هەڵبژاردنەدا کە لە 31ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو دوای تێپەڕینی 22 ساڵ لە حوکمڕانی بۆ یەکەمجار ئاک پارتی لە براوەی یەکەمەوە بوو بە براوەی دووەم و لە 35.49%ـی دەنگەکانی بەدەست هێنا.

لە بەرامبەردا جەهەپە کە موستەفا کەمال ئەتاتورک دایمەزراندووە و دامەزرێنەری کۆماری تورکیایە، دوای تێپەڕینی 47 ساڵ، جارێکی دیکە بووە براوەی یەکەمی تورکیا و لە 37.77%ـی دەنگەکانی بەدەست هێنا.

هەرچەند لە سەرەتادا ئەردۆغان و ئاک پارتی وایان نیشاندا کە دەتوانن ئەو ڕاستییە قبوڵ بکەن، بەڵام هێشتا ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا تێپەڕ نەبووە، دەست کراوە بە دەستگیرکردن و دوورخستنەوەی ئەو سەرۆک شارەوانییانەی لەسەر لیستی جەهەپە توانیوویانە ببن بە سەرۆک شارەوانی.

جیاواز لە دوو خولی پێشووی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، کە بە پاساوی ئەندامبوون لە پەکەکە سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە و بەدەپە دەستگیر دەکران و قەییومیان لەجێ دادەندرا، ئەمجارە ئەردۆغان کە ترسی ئەوەی تێکەوتووە دەستی لە بنی هەمبانەکە دەربچێت، دەستی کردووە بە لەکارلادان و دەرکردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپەیش.

تائێستا حکومەتی ئاک پارتی قەییومی لە جێی 12سەرۆک شارەوانی داناوە، کە 10یان ئەندامی دەم پارتی و دووەکەی دیکەیشیان کوردن و لەسەر لیستی جەهەپە توانیوویانە ببن بە سەرۆک شارەوانی.

ئەو سەرۆک شارەوانییانە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە لە کارەکانیان دور خراونەتەوە و قەییومیان لەجێ داندراوە.

تا دوێنێ سەرۆک شارەوانییەکانی قەزای بێشکتاش و بەیکۆز لە پارێزگای ئیستانبوڵ کە ئەندامی جەهەپەن بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل و ئەنجامدانی گەندەڵی لەکار لادراون.

قەییوم لە جێی دوو سەرۆک شارەوانیی جەهەپە داندراوە و پێنجیشیان دەستگیر کراون

ئەمڕۆ جگە لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لەنێو ئەو 106کەسەی لە میانی لێکۆڵینەوە لە سێ دۆسیەی جیاواز (پەکەکە، گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن و ڕووداوەکانی پارکی گەزی) بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، ڕەسوڵ ئێمراهـ شاهان، سەرۆکی شارەوانی قەزای شیشلی و محەمەد موراد چاڵک، سەرۆکی شارەوانیی قەزای بەیلیکدوزو'یش بەدی دەکرێت.

 هۆکاری دەستگیرکردنی ڕەسوڵ ئێمراهـ شاهان بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە گوایە لە میانی "لێکتێگەیشتنی شار" کە جۆرە ڕێککەوتنێکی نێوان جەهەپە و  دەم پارتی بوو بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە چەند ناوچەیەک، هەلی کاری بۆ ئەوانە ڕەخساندووە کە گوایە هاوسۆز و پشتیوانی پەکەکەن. 

محەمەد موراد چاڵکیش بە تۆمەتی ئەوە دەستگیر کراوە کە گوایە هاوشێوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە تۆڕێکی تاوانکاریدا بووە، بە شێوەی نایاسایی دەستی بەسەر زانیارییە کەسییەکاندا گرتووە، بە گەندەڵی و نایاسایی تەندەری بۆ خەڵک دەرچوواندووە و بەرتیلی وەرگرتووە. 

دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دوای ئەوە دێت لە چەندین ناوچەی تورکیا ڕەت کراوەتەوە هۆڵی دیدار و کۆبوونەوە بە ئیمامئۆغڵو بدرێت تا وەک کاندیدی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرکۆماری تورکیا، وتاری تێدا بدات و لە نوێترین پێشهاتیشدا دوێنێ و بە گوشاری ئاک پارتیی دەسەڵاتدار سەرۆکایەتیی زانکۆی ئیستانبوڵ بڕیاریدا دانپێدانان بەو بڕوانامەیەی کاتی خۆی بە ئەکرەم ئیمامئۆعڵوی داوە هەڵبوەشێنێتەوە.

هۆکاری ئەمەیش بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە گوایە هەڵەی زەق کراوە و نەدەبوو بڕوانامە بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 28 قوتابی دیکە بدرێت. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی