سبەی
لە دوێنێ چوارشەممەوە کە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ لەگەڵ زیاتر لە 100 کەسی دیکە دەستگیر کراون، شارەکە خرۆشاوە و ترسی ئەوە هەیە قەییومی لەجێ دابندرێت.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە دوو دۆسیەی جیاواز و بە تۆمەتی "پەیوەندی هەبوون لەگەڵ پەکەکە لە میانی لێکتێگەیشتنی شار کە جۆرێک لە ڕێککەوتن بوو بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ڕابردوو لە نێوان دەم پارتی و جەهەپە" و ئەنجامدانی گەندەڵی لە کارەکانی شارەوانیدا، لە بەرەبەیانیی دوێنێ 19ـی ئاداری 2025ەوە دەستگیر کراوە.
دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە کاتێکدایە ماوەیەکە بە فەرمی بووەتە کاندیدی کاندیدا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرکۆماری تورکیا و ئەوەش ترسی زۆری خستووەتە دڵی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی.
تائێستا لە کوێ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کە ئەندامی جەهەپەیە خۆی کاندید کردبێت، ئاک پارتی بەرامبەری شکستی هێناوە و بۆیە ئەردۆغان کە بە هۆی گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی هەموو دەسەڵاتەکانی تورکیای لە دەستی خۆیدا کۆکردووەتەوە، لە هیچ سڵ ناکاتەوە تا ڕێگە لە ئیمامئۆعڵو بگرێت لەگەڵیدا بکەوێتە ڕکابەری.
لەبارەی قۆناغی دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و زیاتر لەو 100 تۆمەتبارەی دیکە کە دوێنێ دەستگیر کراون، ڕۆژنامەنووس وەلی تۆپراک بە کەناڵی سۆزجو'ی ڕاگەیاند ئەمڕۆ گوتەیان لێ وەردەگیرێت.
چاوەڕێ دەکرێت ئێوارەی ڕۆژی شەممە ئیمامئۆغڵو تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان ڕەوانەی دادگا بکرێن.
لە شەوی شەممەوە تا بەرەبەیانی یەکشەممە لە لایەن داواکاری گشتییەوە گوتەیان لێ وەربگیرێت.
دواتر و هەر هەمان ڕۆژ بە داواکردنی خستنە زیندانەوە ڕەوانەی دادگای بەرایی بکرێن.
ئەو رۆژنامەنووسە وای بۆ دەچێت ڕۆژی یەکشەممە کە هەڵبژاردنی نێوخۆیی جەهەپە بەڕێوەدەچێت بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی ئەو پارتە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرکۆمار، بڕیاری زیندانیکردنی ئیمامئۆغڵو بدرێت.
ئەگەر دۆخێکی دیکە نەیەتە پێش، ئەو ڕۆژە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەخرێتە زیندان.
ئێستا پرۆسەی دەستگیرکردنەکە لەلایەن نوسینەگەی تاوانە ڕێکخراوەکانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ئیستانبوڵەوە بەڕێوە دەبرێت.
لە لایەکی دیکەوە ئەو نوسینگەیە دەیەوێت دۆسیەیەکی دیکە لەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ئامادە بکات و بانگەشەی ئەوە دەکات ناوبراو پەیوەندی بە پەکەکەوە هەبووە.
ئامانجیش لەو کارە ئەوەیە ئەکرەم ئیمامئۆعڵو لە سەرۆکایەتیکردنی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ دوربخرێتەوە و داود گول، پارێزگاری ئیستانبوڵی بە قەییوم لەجێ دابندرێت.
دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دوای ئەوە دێت لە چەندین ناوچەی تورکیا ڕەت کراوەتەوە هۆڵی دیدار و کۆبوونەوە بە ئیمامئۆغڵو بدرێت تا وەک کاندیدی کاندیدای جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرکۆماری تورکیا، وتاری تێدا بدات و لە نوێترین پێشهاتیشدا ڕۆژێک بەر لە دەستگیرکردنی، بە گوشاری ئاک پارتیی دەسەڵاتدار سەرۆکایەتیی زانکۆی ئیستانبوڵ بڕیاریدا دانپێدانان بەو بڕوانامەیەی کاتی خۆی بە ئەکرەم ئیمامئۆعڵوی داوە هەڵبوەشێنێتەوە.
هۆکاری ئەمەیش بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە گوایە هەڵەی زەق کراوە و نەدەبوو بڕوانامە بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 28 قوتابی دیکە بدرێت.