پۆلیسی ئێران: عێراق رێگریی لە سێ بارهەڵگر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە بگەنە ئێران

#ئێران#ئیسرائیل#عێراق#فڕۆکەی بێفڕۆکەوان#مۆساد#سیخوڕ
5 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • پۆلیسی ئێران رایگەیاند: لەماوەی 24 سەعاتی رابردوودا 14 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلیان تێکشکاندووە، عێراقیش رێگریی کردووە سێ بارهەڵگری گواستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بگەنە وڵاتەکەیان.
Primary Asset

وتەبێژی پۆلیسی ئێران

سبەی

پۆلیسی ئێران رایگەیاند: لەماوەی 24 سەعاتی رابردوودا 14 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلیان تێکشکاندووە، عێراقیش رێگریی کردووە سێ بارهەڵگری گواستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بگەنە وڵاتەکەیان.

عەمید سەعید مونتەزیر مەهدی، وتەبێژی پۆلیسی ئێران رایگەیاند: لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا توانیوانە 14 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی تێکبشکێنن و ژمارەیەک وەرشەی دروستکردنی تەقەمەنی و تەقینەوە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چوار پەروانە (کوادکۆپتەر) ئاشکرا بکەن و دەستیان بەسەردا بگرن.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران "ئیرنا" لەسەر زاری وتەبێژی پۆلیسی ئێرانەوە بڵاوی کردەوە: وەرشەکان لە پارێزگاکانی تاران، ئەلبورز و ئەسفەهان بوون، شوێنی دروستکردنی تەقەمەنی و تەقینەوە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژبوون، دوای دۆزینەوەیان دەستیان بەسەردا گرتوون".

 وتەبێژی پۆلیسی ئێران رایگەیاند: لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا دەستیان بەسەر سێ بارهەڵگری دیکەی پڕ لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخوڕەکانی ئیسرائیلدا گرتووە لە تاران و ئەلبورز.

مونتەزیر مەهدی، ستایشی حکومەتی عێراقیشی کرد، کە بەردەوامە لە پەیوەندی دیپلۆماسی و دراوسێیەتی باش و پاراستنی سنورە هاوبەشەکان، لەو چوارچێوەیەشدا دەستیان بەسەر سێ بارهەڵگری گواستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا گرتووە پێشئەوەی بگەنە خاکی ئێران.

ئەوە لەکاتێکدایە لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە بەرەبەیانیی رۆژی هەینی رابردووەوە (13ـی حوزەیرانی 2025) ئێران دەستگیرکردنی ژمارەیەک سیخوڕی ئیسرائیل و دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەک وەرشەی دروستکردنی تەقەمەنی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل وێنەی ژمارەیەک کارمەندی مۆسادی بڵاوکردەوە کە لە ناو خاکی ئێرانەوە ژمارەیەک سەکۆی هاویشتنی مووشەک و دژەئاسمانی دەکەنە ئامانج.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ: مۆساد بەتەواوەتی رۆچووەتە ناو دەمودەزگاکانی ئێرانەوە

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، چەندین مانگی خایاندووە تا ئیسرائیل هەزاران پارچەی درۆنی بە قاچاغ بردووەتە ئێران، پارچەکان لەڕێگەی جانتا، بارهەڵگر و کۆنتەینەرەوە براونەتەوە ناو ئێران، لەگەڵ پارچەی درۆنەکاندا تەقەمەنیش براونەتە ئەو وڵاتە.

بریکارەکانی مۆساد دابەشبوون بەسەر چەند تیمێکدا، بەشێکیان نزیک سیستمە بەرگرییەکان و بەشێکی دیکەیان نزیک سیستمەکانی هەڵدانی موشەک بوون. لەکاتی دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، تیمەکان بە درۆنەکان سیستمی بەرگریی و هەڵدانی موشەکەکانییان بەئامانج گرتووە.

ئۆپەراسیۆنی بریکارە مەیدانییەکانی ئیسرائیل، یارمەتیدەر بووە بۆ تیگەیشتن لە سروشتی وەڵامدانەوەی ئێران. هەروەها ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکردایەتی بریکارە هەواڵگرییەکانی مۆساد ئامانجی ئەوە بووە مەترسی لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل نەهڵێن بە پەکخستنی سیستمە بەرگرییەکانی ئێران. لە سەرەتای هێرشەکەدا تیمەکانی مۆساد رێگرییان کردووە لە ئاراستەکردنی ژمارەیەکی زۆر موشەک بە ئاراستەی ئیسرائیل.

هێرشەکانی مۆساد بۆ سەر سیستمە بەرگرییەکانی ئێران زۆر کاریگەر بووە، زۆر بەخێرایی یارمەتی ئیسرائیلی داوە بۆ باڵادەستی خۆی لەسەر ئاسماندا بسەپێنێت.

ئۆپەراسیۆنەکانی مۆساد تەنها لێدان نەبوو لە سیستمە بەرگرییەکانی ئێران، بەڵکو ژمارەیەکی زۆریش فەرماندەی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمیان کوشتووە.

تیمەکانی مۆساد لە ئێران ساڵانێکە خۆیان ئامادەکردووە بۆ ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوە. تیمەکان دەیانزانی ئێران سیستمە موشەکییەکانی دەشارێتەوە، تەنها لەکاتی هێرشکردندا دەردەکەون، بۆیە پێویست بووە کارێک بکەن سیستمەکان بکەونە دۆخی ‌هێرشەوە بۆ ئەوەی تیمەکانی هەواڵگریی ئیسرائیل هێرشیان بکەنەسەر و تێکیانبشکێنن.

بریکارە مەیدانییەکانی مۆساد بەڕێگەی جیاواز تەقەمەنییان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بەکاریبهێنن بۆ درۆنەکان. ئیسرائیل لە وڵاتی سیێەم مەشقی بە سەرۆک تیمەکان کردووە، پاشان سەرۆک تیمەکان لە ئێران مەشقیان بە بریکارانی دیکە کردووە.

تیمەکانی مۆساد چاودێری جوڵەی موشەک هاوێژەرەکانیان کردووە، پێش هەڵدانی موشەکەکان بە ئامانجیان گرتوون. مۆساد تەنانەت زانیاری هەبووە لەسەر ئەو بارهەڵگرانەی موشەکەکانیان بۆ شوێنی هەڵدانیان گواستووەتەوە. تیمەکان دەیان بارهەڵگری پڕ موشەکیان تەقاندووەتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی