خامنەیی
سبەی
عەلی خامنەیی، رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە پەیامێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، "پێویستە ئەمەریكیەكان ئەوە بزانن كە هەر دەستێوەردانێكی سەربازیی وادەكات رووبەڕووی زیانێك ببنەوە كە نەتوانرێت قەرەبوو بكرێتەوە".
عەلی خامنەیی لە وتارێكدا كە ئاژانسی "تەسنیم" ی ئێران بڵاویكردووەتەوە، "ستایشی رەفتاری گەلی ئێرانی كردووە كە پتەو و ئازایانە و ورد وەڵامی هێرشی دوژمنكارانەی ئیسرائیلیان داوەتەوە". ئەوەشی وەك "بەڵگەیەك بۆ پێگەیشتنی گەل و تێگەیشتن و بەرزبوونەوەی رۆحی مەعنەوی كۆمەڵگەی ئێران گەڕاندووەتەوە".
رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەشڵێت "گەلی ئێران بە چەسپاوی لەبەرامبەر جەنگێكی داسەپێندراو وەستاوەتەوە و بەهیچ شێوەیەك ئاشتی سەپێندراو قبوڵ ناكات و تەسیلم نابێت".
خامنەیی دواین وتەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەرامبەر ئێران بە "هەڕەشە و سوك" ناودەبات و دەڵێت "ئاقڵمەندان گەلی ئێران و مێژووەكەی دەناسن، بۆیە بە زمانی هەڕەشە لەگەڵی قسە ناكەن، چونكە گەلی ئێران ژێردەستە ناكرێت، پێویستە ئەمەریكیەكان ئەوە بە باشی بزانن كە هەر دەستێوەردانێكی سەربازیی وەڵامێكی دەبێت كە بەهیچ شێوەیەك زیانەكانی قەرەبوو ناكرێتەوە".
لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی رابردوەوە 13 ی حوەزەیرانی 2025 ئیسرائیل هێرشی لەناكاوی بۆسەر چەند پێگەیەكی ئەتۆمیی و دامەزراوەی سەربازیی لە ئێران دەستپێكرد، دواتریش ئێران بە هێرشی موشەكیی و درۆن وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە، تائێستاش هێرشەكان بەردەوامن و بەهۆیەوە دەیان كەس لەهەردوولا كوژراون و سەدانی دیكەش برینداربوون.
وتەكانی خامنەیی لەكاتێكدایە، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كۆنتڕۆڵكردنی تەواوەتی ئاسمانی ئێرانی راگەیاند و رایگەیاند " دەزانن عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران لە كوێ خۆی حەشارداوە بەڵام جارێ نایكوژن".
ترەمپ لەپۆستێكدا لە تۆڕی تروس سۆشیال نوسیویەتی، ئێستا بەتەواوی و بەشێوەیەكی گشتگیر ئاسمانی ئێران لەدەستی ئەواندایە.
ترەمپ رۆژی دووشەمە فەرمانی بە دانیشتوانی تاران كرد شارەكە چۆڵ بكەن، لەگەڵ چڕكردنەوەی بۆردومانكردنی شارەكە لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەوەش دوای چەند كاتژمێرێك لە داوایەكی هاوشێوەی بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بۆ چۆڵكردنی شارەكە.
ترەمپ هەروەها پێشتر داوای لە ئێران كردبوو قسەیان لەگەڵدا بكات پێش ئەوەی كار لەكار بترازێت.
لەكاتێكدا ترەمپ تاوتوێی بەشداری راستەوخۆ لە جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل دەكات، ململانێیەكی نوێ لە واشنتن سەریهەڵداوە لەنێوان هەڵۆكانی كۆمارییەكان، كە داوای هێرشی دەستبەجێ دەكەن بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، لەگەڵ بەشێكی تر لە كۆمارییەكان كە داوای پابەندبوونی ترەمپ دەكەن بە بەڵێنەكانی لەكاتی هەڵبژاردن لەبارەی دەستوەرنەدانی ئەمەریكا لەشەڕێكی نوێی دەرەكیدا.
ئەوە لەكاتێكدایە، ئەمەریكا دەستیكردووە بە گواستنەوەی فڕۆكەی هەڵگری سووتەمەنی و كەشتیگەلی “یو ئێس ئێس نیمیتز” بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش وەك بەشێك لەو ئامادەكارییانەی كە شارەزایان دەڵێن پێویستە بۆ بەشداریی ئەمەریكا لەشەڕەكە.