وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئیسرائیل خاوەن چەکی ئەتۆمییە و 90 کڵاوەی جەنگی هەیە

#ئیسرائیل#ئێران#چەکی ئەتۆمی
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ'ی ئەمەریکی ئاماژە بەوە دەدات ئیسرائیل کە بانگەشەی ئەوە دەکات ئێران لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیک بووەتەوە، دەیان ساڵە بە نهێنی بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی تایبەت بە خۆی هەیە.
Primary Asset

سبەی

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ'ی ئەمەریکی ئاماژە بەوە دەدات ئیسرائیل کە بانگەشەی ئەوە دەکات ئێران لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیک بووەتەوە، دەیان ساڵە بە نهێنی بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی تایبەت بە خۆی هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاری ڕۆژنامەکە ماوەیەکی کەم لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە لە 1948 ئیسرائیل بە مەبەستی دروستکردنی بەرنامەی ئەتۆمی تایبەت بە خۆی لەپێناو "دڵنیاییدان بۆ مانەوەی خۆی" دەستی کردووە بە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بە نهێنی و ژمارەیەک لە پسپۆڕانیش ئاماژە بەوە دەدەن بەرنامەکە بەردەوامە لە فراوانبوون. لە بەرامبەردا هێشتا ئیسرائیل ئامادە نییە دان بەوەدا بنێت.

ئەڵێکسێندەر کەی بۆڵفراس پسپۆڕی ئاسایشی ئەتۆمی لە دامەزراوەی کارە ستراتیژییە نێودەوڵەتییەکان لە لەندەن ئاماژە بەوە دەدات کە لە ئیسرائیل بە فەرمی نە دان بەوەدا دەنێت و نە نکۆڵیشی لێ دەکات.

ئیسرائیل خاوەن 90 کڵاوەی جەنگییە

ئەڵێکسێندەر کەی بۆڵفراس سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی دەکرێت بە جۆرێک بیر لەو گوتەیەی ئیسرائیل بکرێتەوە کە دەڵێت ئەو یەکەم وڵات نابێت چەکی ئەتۆمی دەهێنێتە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کە بەمە ڕەوایەتی دەدات بە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی خۆی. 

دەستپێشخەری کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکە ئەتۆمییەکان و هەڕەشەی ئەتۆمی وای بۆی دەچێت ئیسرائیل زیاتر لە 90 کڵاوەی جەنگی هەیە و  بە جۆرێک مادەی پێویستی ئەتۆمی لەبەردەستدایە کە بەشی سەدانی دیکە دەکات. 

هەرچەند بەپێی داتاکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم 30 وڵات توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمییان هەیە، بەڵام تەنیا ناوی نۆ وڵات دیارە کە خاوەن چەکی ئەتۆمین. ئیسرائیلیش لە دوای کۆریای باکور وڵاتی خاوەن بچوکترین جۆری تەقەمەنییە.

پسپۆڕان وای بۆ دەچن ئیسرائیل بە فڕۆکە جەنگییەکان، ژێردەریایییەکان و موشەکهاوێژە بالیستیکییەکان دەتوانێت کڵاوە جەنگییەکان ئاراستە بکات.

ڕێککەوتننامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانی واژوو نەکردووە

ئیسرائیل هاوشێوەی هیندستان، پاکستان، کۆریای باکور و باشوری سودان یەکێکە لەو وڵاتانەی واژووی لەسەر پەیماننامەی ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکە ئەتۆمییەکان نەکردووە. 

بەپێی ئەو پەیماننامەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە 1970ەوە کاری پێ دەکرێت، ئەو وڵاتانەی واژوویان لەسەر کردووە پەیمانیان داوە وزەی ئەتۆمی بۆ جەنگ بەکار نەهێنن و ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی بگرن. ئێرانیش یەکێکە لەو وڵاتانەی واژووی لەسەر پەیماننامەکە کردووە.

ئیسرائیلیش بۆ ئەوەی واژوو لەسەر پەیماننامەکە بکات، پێویستە واز لە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی بهێنێت. 

لە پەیماننامەکەدا دان بە بەریتانیا، چین، فەڕەنسا، ڕووسیا و ئەمەریکادا نراوە کە خاوەن چەکی ئەتۆمین و ئەم پێنج وڵاتە هاوکات ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتین. 

لە کەیەوە ئیسرائیل خاوەن چەکی ئەتۆمییە؟

دامەزراوەی وزەی ئەتۆمیی ئیسرائیل لە 1952 دامەزراوە. ئێرنست دەیڤد بێرگمان وەک یەکەم سەرۆکی ئەو دامەزراوەیە کاتی خۆی ڕاگەیاند کە بۆمبی ئەتۆمی دڵنیایییان پێ دەدات "هەرگیز جارێکی دیکە وەک (گۆشتی) مەڕ ناکرێن بە قیمە".

بەپێی ڕاپۆرتەکان ئیسرائیل لە 1958ـەوە دەستی کردووە بە بەرنامەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ناوچەی دیمۆنا لە باشوری ئیسرائیل. 

بەپێی ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی ئەمەریکا لە 1960 پڕۆژەی دیمۆنا دامەزراوەی سەرلەنوێ وەگەڕخستنەوەی بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆمیش لەخۆ دەگرێت. 

ڕاپۆرتەکەی هەواڵگریی ئەمەریکا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی پڕۆژەکە پەیوەندی هەیە بە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمییەوە.

کۆمەڵەی کۆنتڕۆڵکردنی چەک ئاماژە بەوە دەدات ئیسرائیل لە 1967ـەوە توانای بەرهەمهێنانی تەقەمەنییە ئەتۆمییەکانی بە نهێنی پێش خستووە. 

فیدراسیۆنی زانایانی ئەمەریکایش ئاماژە بەوە دەدەن لە 1973ـەوە ئەمەریکا گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی ئیسرائیل چەکی ئەتۆمی هەیە. 

پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەدەن ئیسرائیل بۆ ئەوەی لەژێر چەتری پاراستنی ئەتۆمیی ئەمەریکادا نەبێت، بەبێ باسکردن دانی بەوەدا ناوە کە خاوەن چەکی ئەتۆمی خۆیەتی.

 چەکە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل لە کوێن؟

لە بنکۆڵکارییەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی تا ئێستا ئیسرائیل لە جەنگەکانیدا چەکی ئەتۆمی بەکارنەهێناوە و بۆ ئەم مەبەستەیش زانیارییەکانی کتێبخانەی دیجیتاڵی جوو بڵاو کراونەتەوە.

بەم پێیە وا بیری لێ دەکرێتەوە ئیسرائیل لە کاتی جەنگەکانی عەرەب-ئیسرائیل لە 1967 و 1973 بۆمبی ئەتۆمی ئامادە کردبێت.

لەو سەردەمەدا بە هۆی ئاشکراکردنی ئەمە لە لایەن مانگی دەستکردنی ڤێڵا'ەوە ڕووداوەکە بە ناوی "ڕووداوی ڤێڵا" تۆمار کرا. 

لە کتێبی ڕۆژانی کۆشکی سپی جیمی کارتەر، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا کە لە 2010 بڵاو کرایەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە دوای ئەوەی ئیسرائیل تاقیکردنەوەی بۆ تەقینەوەیەکی ئەتۆمی کردووە لە نزیک باشوری کۆماری ئەفریقای باشور، ناوبراو باوەڕی زیاتر بووە بەوەی ئیسرائیل بووەتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.

باوەڕ وایە بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی ئیسرائیل لە ناوچەی دیمۆنایە. پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەدەن چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم هیچ نەچوونەتە ئەوێ و هیچ ڕێککەوتنێکیش لە نێوان ئیسرائیل و ئاژانسەکەدا نییە بۆ ڕێگەدان بە چوونی چاودێرانی ئاژانسەکە.

ژمارەیەک لە زاناکانی ئەمەریکا لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو سەردانی دیمۆنایان کرد و ڕایانگەیاند کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەوێ بۆ شەڕ بەکار ناهێندرێت. 

دواتریش هیچ بەڵگەیەک بۆ ڕای گشتی نەخرایەڕوو کە لەو کاتەوە جارێکی دیکە چاودێرانی ئەمەریکی سەردانی ئەوێیان کردبێت.

گرتەکانی مانگی دەستکرد ئاشکرای کردووە بنکەی نوێ لە دیمۆنا دروست دەکرێن

بەپێی ئەو گرتانەی لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەی دواییدا تۆمار کراون ئاشکرا بووە بنکەی نوێ لە ناوچەی دیمۆنا دروست دەکرێن.

پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەدەن هەر هیچ نەبێت کارەکانی نۆژەنکردنەوە و مۆدێرنیزەکردن لەم بنکەیەدا ئەنجام دەدرێن. ژمارەیەک لە پسپۆڕانی دیکەیش باس لەوە دەکەن کە ئیسرائیل بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی ئەتۆمی، ژووری کاردانەوەی دیکە دروست دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن دامەزراوەی لێکۆڵینەوەکانی ئاشتی نێودەوڵەتی لە ستۆکهۆڵم بڵاو کرایەوە، ئیسرائیل لەو ناوچەیە ژوورێکی کاردانەوەی نوێ کردووەتەوە بۆ بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆم.

توخمی کیمیایی پلۆتۆنیۆم هەم بۆ چەکی ئەتۆمی و هەم بە مەبەستی ئاشتی لە ئاسمان دەتواندرێت بەکار بهێندرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی