سبەی
لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی و دیدی هاوبەش بۆ ئایندەی سوریا و لە چەند رۆژی داهاتوودا رادەگەیەندرێت.
بە چاودێریی راستەوخۆی ئەمەریکا و فەرەنسا و بەسەرپەرشتی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و دوای زنجیرەیەک کۆبونەوە، لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان گەیشتونەتە رێککەوتنی کۆتایی و داڕشتنەوەی کۆتایی رێککەوتنەکە ئامادەکراوە و گەیشتونەتە دیدێکی هاوبەش بۆ ئایندەی سوریا و رۆژئاوای کوردستان.
ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە
کەناڵی ئەلعەرەبییە بڵاوی کردەوە؛ بەسەرپەرشتی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە نێوەندگیریی ئەمەریکا و فەرەنسا، ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا و پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی گەیشتونەتە رێککەوتنی کۆتایی و دوا داڕشتنەوەی رێککەوتنەکە ئامادەیە.
لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان، رێککەوتنە هەشت خاڵییەکەی نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا بۆ قۆناغی راگوزەریان وەک بنەمایەکی سەرەکیی بۆ دیدی هاوبەشی هەردوولا بۆ ئایندەی سوریا دیاریکردوە.
بەشێکی دیکەی رێککەوتنی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان، دانپێدانانی مافی گەلی کوردە لە سوریا نوێ و بونی نوێنەرایەتی سیاسیان و لە دەستوریشدا پێویستە دان بە مافی کورددا بنرێت و سوریا دەوڵەتێکی دیموکراتی فرەیی و لامەرکەزی بێت.
بڕیارە ئەو رێککەوتنە بکرێتە بنەما بۆ مامەڵەی داهاتوو لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و دانوستانەکان سەبارەت بە پرسی کورد و رۆژئاوای کوردستان لە ئایندەی سوریا.
راگەیاندنی رێککەوتنی کۆتایی
چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی نزیکى داهاتوودا لایەنەکانى رۆژئاواى کوردستان "رێککەوتنى کۆتایی" لەسەر یەکڕیزیی و پێکهێنانى شاندێکى یەکگرتوو رابگەیەنن، بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتى نوێی سوریا، ئەوەش دواى کۆبوونەوەى ئەرێنى نێوانیان کە تێیدا جەختیان لە یەکخستنى هەڵوێستەکانیان کردەوە.
رۆژی سێشەممەی رابردوو (18ـی ئاداری 2025) لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، بە سەرپەرشتی و چاودێریی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئامادەبوونی نوێنەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، کۆبونەوەی هاوبەشی پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی کورد و ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) بەڕێوەچوو بە ئامانجی یەکخستنی گوتاری کورد لە سوریا.
محەمەد ئیسماعیل سەرۆکى ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا رایگەیاند، کۆبوونەوەکەیان ئەرێنى بووە و بەم نزیکانە رێککەوتنى کۆتایی لەنێوان لایەنە کوردییەکان رادەگەیەنرێت.
گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانى شاندێکى یەکگرتوو بەمەبەستى رەوانەکردنى بۆ دیمەشق تەوەرێکى گفتوگۆکانى کۆبوونەوەى حەسەکە بووە، محەمەد ئیسماعیل دەڵێت، شاندەکانی هەردوولا گەشبینن بە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر خاڵە هاوبەشەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا، لەگەڵ پێکهێنانى شاندێکی هاوبەش بۆ ئەوەی بچنە دیمەشق و بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد بکەن.
چاوەڕواندەکرێت شاندەکە لەدواى نەورۆز پێکبهێنرێت، ئەوەش بەوتەى فەیسەڵ یوسف وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا کە پێیوایە کۆبوونەوەکە هەنگاوێکی گرنگ بووە بۆ لابردنی هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی شاندەکە.
مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هەسەدە دواى کۆبوونەوەکە لە تۆڕى ئێکس ئاماژەى بەوەکرد، کۆبوونەوەکە ئەرێنى بووە بە ئاڕاستەى هەنگاونان بۆ یەکڕیزى کورد لە رۆژئاواى کوردستان لەپێناو بنیتنانى وڵاتێکى فرەیی و دیموکراسی کە مافى سەرجەم پێکهاتەکان تێیدا پارێزراو بێت.
دەستپێشخەرییەکەی عەبدی
کۆتایی ساڵی 2019 و دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داعش لە رۆژئاوای کوردستان، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستپێشخەرییەکی کرد بەناوی گفتوگۆی کوردی- کوردی، بە چاودێریی ئەمەریکا چەندین کۆبونەوە لەنێوان پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی کورد و ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا، بەڵام کۆبونەوەکان ئەنجامێکی ئەوەتۆیان نەبوو.
نێوەندگیریی فەرەنسا و ئەمەریکا
لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە هەشتی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، وەفدی هاوبەشی فەرەنسا و ئەمەریکا چەندجارێک لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی کورد کۆبونەوە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دیالۆگی کوردی- کوردی کە ماوەی چوار ساڵ لەمەوبەر دەستپێشخەریی بۆ کرا و دواتر کارەکانی راگیرا، ئامانجیش هەڵوێستی یەکگرتوو و یەکخستنی داواکارییەکانی کورد بوو بۆ قۆناغی داهاتووی سوریا.
هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی ئەمەریکا و فەرەنسا لەگەڵ لایەنەکان، ئامادەکاریی بۆ کۆنگرەیەکی گشتی دەکرێت لە قامیشلۆ بە یەکخستنی گووتار و هەڵوێستی کورد و میکانیزمەکان گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق.
کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان
پێشتر نەسرەدین ئیبراهیم، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد رایگەیاند: دوای سەرکەوتنی گفتوگۆ و دیالۆگەکانی نێوان لایەنە کوردییەکان، بڕیاریانداوە بەمنزیکانە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ببەستن و هیوایان وایە پێش جەژنی نەورۆز ئەو موژدەیە بە خەڵکی کوردستان بگەیەنن و رێککەوتن و یەکگرتویی رابگەیەنن.
کێ لە کۆنگرەی نەتەوەیی بەشدارە
بەوتەی نەسرەدین ئیبراهیم، ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنگرەکە بەردەوامە و دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە لایەنەکانی یەکێتی نیشتیمانی و پارتەکانی دەرەوەی دیداری کوردیی ئەنجامدراوە بەمەبەستی یەکخستنی داواکارییەکانی کورد بۆ سوریای نوێ.
نەسرەدین کە سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردییە لە سوریا (ئەلپارتی) ئاشکرای کردووە؛ بانگهێشتانەکەیان بۆ زۆربەی پارتە کوردییەکان و سەربەخۆکان و گروپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردووە بۆ بەشداریی و زۆرینەیان وەڵامی ئەرێنیان داوەتەوە بۆ بەشداریی کردن و بڕیارە 60%ـی بەشداران نوێنەرایەتی سەربەخۆکان بکەن و 40% بۆ ژنانە.
وتیشی :"ئەم کۆنگرەیەی بڕیارە هیچ پەیوەندییەکی بە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) نییە و سەر بە هیچ لایەنێک نییە و نوێنەرایەتی هەموو کوردانی رۆژئاوای کوردستان دەکات.
12 ساڵ دیالۆگ
دیالۆگی نێوان لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ساڵی 2013 دەستیپێکرد و تا ساڵی 2020 چەندین گەڕی گفتوگۆ لە نێوان لایەنەکاندا بەڕێوەچوو.
ساڵی 2014 ئەنەکەسە و پەیەنەکە توانیان لێکتێگەیشتنێک بە ناوی لێکتێگەیشتنی دهۆک واژۆ بکەن بەڵام دواتر لایەنە بەشدارەکان ڕێککەوتنەکەیان جێبەجێ نەکرد.
لە ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر لە 35 حزب و لایەنى سیاسی هەیە، زۆرینەیان بەشێکن لە پارتەکانی یەکێتی نیشتمانی کورد (پەیەنەکە) کە بە نزیکی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێن. لایەنەکانی دیکەش بەشێکن ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) کە بە نزیکی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا دادەنرێن.