عەباس عێراقچی
سبەی
سەرەڕای هەڕەشە و لێدوانی توندی نێوان هەردوو وڵات، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت وڵاتەكەی پابەندە بە دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: وەڵامی تاران بۆ نامەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ناوەڕۆكەكەی هاوتایە و تێیدا هەلی دیپلۆماسی پارێزراوە.
"هیچ مانایەك بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ نییە"
بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران پێی وایە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنێك كە هەڵوێستی دژ بە یەكی هەیە و هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز دەكات هیچ مانای نییە.
عێراقچی ئاماژەی بەوەشداوە وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی و هەڵگرتنی سزاكان، ئەویش لەسەر بنەمای لۆژیكی دروستكردنی متمانە.
دوێنێ مەسعود پزشكیان سەرۆك كۆماری ئێران بە هەمانشێوە ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئەمەریكی پیشاندا بەڵام لەسەر بنەمای پێگەیەكی یەكسان نەك هەڕەشە.
ئامادەیی دەربڕینی ئێران بۆ گفتوگۆ لەكاتێكدایە، هەر دوێنێ حسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ جەنگ بەڵام نایەوێت بچێتە جەنگەوە.
"گفتوگۆی ڕاستەوخۆ ناكەین"
ئەو لێدوانانە لەكاتێكدایە، تاران زیاتر لە جارێك جەختیكردووەتەوە وەڵامی ئەو نامەیەی ترەمپیان داوەتەوە كە سەرەتای مانگی ئادار بۆی ناردوون، ئاماژەی بەوەشداوە ئامادەن بۆ گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەویش لە ڕێگەی وڵاتی سێیەمەوە.
ترەمپ ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند: "وابیر دەكەمەوە ئێران ئامادەیە بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی، بەڵام دەترسێت".
سەرۆكی ئەمەریكا جەختیكردەوە "نامانەوێت ئێران تووشی شڵەژان بێت بۆیە گفتوگۆی ڕاستەوخۆمان پێباشترە".
رۆژی یەكشەممەی ڕابردوو سەرۆكی ئەمەریكا هەڕەشەی بژاردەی سەربازی دژ بە ئێران كرد، لەدۆخێكدا ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ وڵاتەكەی ڕەتكردەوە. ترەمپ وتی "ئەگەر رێككەوتن نەكەن بۆردومان بەڕێوەیە، ئەو بۆردومانەش پێشتر نمونەی نەبینراوە".
عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران وەڵامی هەڕەشەكانی ئەمەریكای بە هەمانشێوە دایەوە و وتی "وڵاتەكەمان ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەكی دەرەكی، بە گورزی هاوشێوە و توند".