سبەی
وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دیمەشق، گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە عەفرین دەردەکرێن و ئاوارەکان دەگەڕێنەوە، ترسی تورکیا لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەریان کشانەوەی گروپەکانی خێراتر کردووە.
سەرچاوەیەکی وەزارەتی بەرگری سوریا بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە: گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا ژمارەی خاڵەکانی پشکنینیان کەمکردووەتەوە و زۆربەی بنکەکانی ناوەندی شارەکەیان چۆڵکردووە، تەنها چەند گروپێکی بچوکیان بەشێوەیەکی کاتیی ماونەتەوە و ئەوانیش شارەکە جێدەهێڵن.
مۆڵەتی تا 15ـی نیسان دراوەتە گروپەکان
سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی رۆژئاوای کوردستان، پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی دیمەشق بڵاوی کردەوە؛ مۆڵەتی تا 15ـی نیسان دراوەتە گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەتایبەتی هێزەکانی نوخبە و عەمەشات و حەمزە، بۆ چۆڵکردنی عەفرین و بەجێهێشتنی شارەکە و رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی بە ئیدارەی ئاسایشی ناوخۆی سوریا.
مانگی ئازاری رابردوو، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا رێککەوتنێکیان ئیمزاکرد بۆ تێکەڵکردنی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان بە حکومەتی نوێی دیمەشق، سەرەتای ئەم مانگەش ئەنجومەنی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبیش رێککەوتنێکیان ئیمزاکرد بۆ دەرچوونی شەڕڤانانی هەسەدە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی بە ئاسایشی ناوخۆ، تائێستاش دوو کاروانی شەڕڤانان کە ژمارەیان نزیکەی 500 کەس دەبوو شاری حەلەبیان بەرەو رۆژهەڵاتی فورات بەجێهێشتووە.
ترسی هێرشی ئیسرائیل
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئیدارەی نوێی سوریا بەمەرجی ئەوەی ناوی نەهێنرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە: گواستنەوەی گروپە چەکدارکان لە عەفرینەوە بۆ بنکەی سەربازیی دیکە، بۆ دوورخستنەوەی ئەو گروپانەیە لە مەترسی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەریان، بۆیە وەک رێکارێکی خۆپارێزیی و بەشێک لە پڕۆژەی دیمەشق بۆ تێکەڵکردنی گروپە چەکدارەکانی سوپای نیشتیمانی سوریا بە وەزارەتی بەرگریی، ئەو گروپانە لەناوچەکە کشاونەتەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس، لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای کوردی رۆژئاوای کوردستانەوە بڵاوی کردەوە؛ هەسەدە فشار لە ئیدارەی سوریا دەکات، پاراستنی ئارامی و ئاسایشی عەفرین بدرێتەوە دەست خەڵکی ناوچەکە و هێزی ئاسایشیان لێ پێکبهێنرێت، دانیشتوانی عەفرینیش چاوەڕوانی لابردنی بەربەستەکان و کشانەوەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیان لە شارەکەیان بە یەکجاریی.
گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین بە چاودێریی نێودەوڵەتی
ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان داوایان کردووە بە چاودێریی نێودەوڵەتی ئاوارەکانی عەفرین بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و گرەنتی پاراستنی ماف و سەلامەتییان بکرێت، بۆ ئەوەش لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.
ساڵی 2018، تورکیا پاڵپشتی گروپە چەکدارە توندڕەوەکانی سوڵتان موراد و فیرقەی حەمزەی کرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی شاری عەفرین و بەهۆیەوە زیاتر لە 300 هەزار کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە ئاوارە بوون، بەپێی راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ، دوای دەستبەسەرداگرتنی عەفرین هەڵمەتێکی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و نیشتەجێکردنی هەزاران خێزانی عەرەب دەستیپێکردووە، سەرەڕای شێواندنی جوگرافیای ناوچەکە و بڕینەوەی دەیان هەزار داری زەیتون، کە سیما و ناسنامەی عەفرین بوو.
رێککەوتنەکە عەفرینیش دەگرێتەوە
بەدران چیاکورد، راوێژکاری ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئاشکرای کرد: رێککەوتنەکە لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق، سەرجەم بوارەکانی کارگێڕیی، ئاسایش، خزمەتگوزاریی، خوێندن و پەروەردە دەگرێتەوە.
وتیشی:"قۆناغی یەکەمی رێککەوتنەکە پەیوەستە بە شاری حەلەب، قۆناغەکانی دیکە گرەنتی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرینە بۆ سەر زێدی خۆیان، بۆ ئەوەش دانوستانەکان بەردەوام دەبێت تا ئەو ئامانجەش بەدی دەهێنرێت.
رێککەوتنی حەلەب
کوردانى هەردوو گەڕەکى شێخ مەقسود و ئەشرەفییەى حەلەب رۆژى چوارشەممە (10ـی نیسانی 2025) ماڵئاواییان لە کاروانى دووەمى شەڕڤانان کرد، لەکاتى بەجێهێشتنى گەڕەکەکانیان، بەرەو ناوچەکانى رۆژهەڵاتی روباری فورات، دواى ئەوەى هەفتەى رابردوو قۆناغى یەکەمى هێزەکانیان کشانەوە، کە یەكێكە لە خاڵەكانی ئەو ڕێككەوتنە 14 خاڵییەى رۆژى یەكی نیسان لەنێوان ئەنجومەنی دوو گەڕەكەكە و ئیدارەی نوێی سوریا واژۆکرا.
بەپێی دەقی رێككەوتنەكە، تایبەتمەندی هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی كوردنشین لە حەلەب لەبەرچاو دەگیرێت لە پێناو پاراستنی پێكەوەژیان و رێگە بە هێرشكردنە سەریان نادرێت، هەروەها سەرجەم هێزەكان لەو دوو گەڕەكە دەكشێنرێنەوە بەرەو رۆژهەڵاتی فورات و هێزەكانی حكومەت جێگیر دەكرێن.
ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان
خاڵێکى دیکەى رێککەوتنەکە پەیوەندى بە ئاڵوگۆڕى زیندانییەکانەوە هەیە، کە 170 زیندانی لەلایەن هەسەدەوە دەگرێتەوە لەبەرانبەر نزیکەى 400 زیندانى دیمەشق.
نوری شێخۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەڕەکی کوردییەکانى لە حەلەب بە ئاژانسى نۆرس پرێسی راگەیاند: "کارکردن بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانیان لە نێوان هەردوولا بەردەوامە و بەم نزیکانە زیندانییەکان ئازاد دەکرێن، هەموو لایەنەکانی بەشدار لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکەدا هاوکارن و لە بەرزترین ئاستی هەماهەنگی و ڕاوێژکاریدان، تا ئەو ڕادەیەی کە دەتوانرێت ئەم ڕێککەوتنە بە مێژوویی بۆ گەلی سوریا وەسف بکرێت".
بەپێی رێككەوتنى هەسەدە و دیمەشق، لیژنەیەك پێكدەهێنرێت بۆ ئاسانكاری هاتوچۆ لەنێوان حەلەب و ناوچەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ئەو دوو گەڕەكە نوێنەریان دەبێت لە ئەنجومەنی پارێزگای حەلەب و سەندیكا و ژوری بازرگانی.
رێككەوتنەكە تا جێبەجێكردنی تەواوەتی رێككەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە كاری پێدەكرێت.
رێككەوتنی شەرع و عەبدی
رۆژی (10ـی ئازاری 2025) مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا رێككەوتنێكی هەشت خاڵیان واژۆكرد، تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوەكانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، راگەیاندنی ئاگربەست و پاراستنی مافەكانی كورد لە دەستوردا.
خاڵی یەكەمی رێككەوتنەكە تایبەتە بە گرەنتی مافی سەرجەم هاوڵاتییانی سوریا لە نوێنەرایەتی و بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی سیاسی و سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت، خاڵی دووەمیش تاییەتە بەوەی كە مافە دەستورییەكانی كورد گرەنتی دەكرێت و كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سوریا.
لەخاڵی سێیەمی رێككەوتنەكەدا، جەخت لە راگەیاندنی ئاگربەست لەسەرتاسەری سوریا كراوەتەوە. خاڵی چوارەمیش تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەكانی ئیدارەی خۆسەر لەچوارچێوەی سوریا لەناویاندا دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانە و كێڵگەكانی نەوت و غاز.
بەپێی خاڵی پێنجەمی رێككەوتنەكە، پێویستە گرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان بكرێت بۆ ناوچەكانیان. لەخاڵی شەشەمدا جەخت لە پاڵپشتیكردنی دەوڵەت كراوەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەكانی ئەسەد. خاڵی حەوتەمیش تایبەتە بە رەتكردنەوەی دابەشبوونی سوریا.
لەخاڵی هەشتەم و كۆتایی رێككەوتنەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، كە لیژنە تایبەتمەندەكان پێویستە تا كۆتایی ئەمساڵ رێككەوتنەكە جێبەجێ بكەن.