رێککەوتنی بەنداوی تشرین رادەگەیەندرێت

#بەنداوی تشرین#هاوپەیمانی نێودەوڵەتی#هەسەدە#دیمەشق#رێککەوتن#بەرخۆدان
3 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 مانگ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • وەفدێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئیدارەی دیمەشق گەیشتنە بەنداوی تشرین و بڕیارە بەمنزیکانە رێککەوتنێکی نێوان ئیدارەی سوریا رۆژئاوای کوردستان رابگەیەندرێت.
Primary Asset

سبەی

وەفدێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئیدارەی دیمەشق گەیشتنە بەنداوی تشرین و بڕیارە بەمنزیکانە رێککەوتنێکی نێوان ئیدارەی سوریا رۆژئاوای کوردستان رابگەیەندرێت.

سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی رۆژئاوای کوردستان ئاشکرای کرد؛ نیوەڕۆی ئەمڕۆ وەفدێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و بە دوایاندا وەفدێکی ئیدارەی نوێی سوریا گەیشتونەتە بەنداوی تشرین و بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، رێککەوتنی نێوان هەسەدە-دیمەشق-ئەنقەرە، لەبارەی بەنداوی تشرینەوە رابگەیەندرێت.

لەلایەکی دیکەوە، تەلەفزیۆنی (ئەلحوڕە) لە بەرپرسێکی باڵای رۆژئاوای کوردستانەوە بڵاوی کردەوە؛ رێککەوتنێک لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی سوریا، بە چاودێریی ئەمەریکا ئەنجامدراوە بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەشی بەنداوی تشرین لە رۆژهەڵاتی حەلەب.

بەپێی رێککەوتنەکە، بە هاوبەشی سەرپەرشتی چاکسازی و بەگەڕخستنەوەی بەنداوی تشرین دەکرێت و پشت بە شارەزایانی نێودەوڵەتی دەبەسترێت بۆ چاکسازیی لەبەشە زیانلێکەوتوەکانی بەنداوەکە و هێزی سەربازیی لە ناوچەکە دەکشێتەوە و پاراستنی بەنداوەکە دەدرێتە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.

هەردوولا رێککەوتون لەسەر ئەوەی، سەقامگیریی بۆ بەنداوەکە بگەڕێتەوە کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی و ئاو و کارەبای ناوچەکەیە، کاری لە پێشینەش دابینکردنی ئاو و کارەبای دانیشتوانی ناوچەکە بێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا "سانا" بڵاوی کردەوە: تیمێکی شارەزای چاکسازیی لە مەنبج و بەنداوی فوراتەوە گەیشتونەتە بەنداوی تشرین بۆ چاکسازیی کردن و چارەسەرکردنی گرفتە هونەرییەکانی بەنداوەکە، بە ئامانجی بەگەڕخستنەوەی وێستگەی کارەبا و ئاوی بەنداوەکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە؛ بەنداوەکە لە روی هونەرییەوە ئامادەیە، بەڵام هەندێک چاکسازیی پێویستە بۆ ئەوەی گرەنتی سەلامەتی بکرێت وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبا و ئاوی بۆ کشتوکاڵی ناوچەکە.

سێ مانگ بەرخۆدانی بەنداوی تشرین

دوو رۆژ دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، و لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، گروپە چەکدارە سورییەکان کە هەسەدە بە "بەکرێگیراو" ناویان دەبان بە پاڵپشتی تورکیا هێرشەکانیان بۆ سەر بەنداوی تشرین، لە ماوەی سێ مانگادا شەڕڤانانی هەسەدە روبەڕوی هێرشەکانیان بونەوە و بەهۆیەوە سەدان شەڕڤان کوژراون و برینداربوون و بەرگرییەکەش بە بەرخۆدانی تشرین ناوی برا، کە رێگەیان نەدا ئەو گروپانە دەست بەسەر بەنداوەکە و پردی قەرەقۆزاخ و گوندەکانی دەوروبەریدا بگرن.

بەنداوی تشرین

بەنداوی تشرین لە ناو خاکی رۆژئاوای کوردستان و لەسەر روباری فورات، لە سنوری شارۆچکەی مەنبج لە پارێزگای حەلەب و لە دووری 80 کیلۆمەتر لە سنوری تورکیاوە بونیات نراوە.

پڕۆژەکە لە ساڵی 1991 دەستی پێکردووە ساڵی 1999 تەواومراوە، پڕۆژەکەی سەرچاوەی سەرەکی کارەبا و ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ و گەشتیاری و سامانی ماسی ناوچەیەکی فراوانى و توانای گلدانەوەی 1.9 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە و بە تێچووی 22 ملیار لیرەی سوری دروستکراوە.

دەریاچەی تشرین یەکێکە لە گەورەترین دەریاچە دەستکردەکان لە سوریا و روبەری گشتییەکەی 160 کیلۆمەترە، بەرزی بەنداوەكەش لە ئاستی رووی دەریاوە لەنێوان 400 بۆ 600 مەتردایە.

بەنداوی تشرین سێیەم گەورەترین بەنداوە لەڕووی بەرهەمهێنانی كارەباوە، ئەویش دوای بەنداوی تەبقە و وێستگەی حەلەب، جگە لەوەی دەریاچەكەی ئاو بۆ بەشێكی زۆری ناوچە كشتوكاڵییەكان لە دەوروبەری دابین دەكات، بەشێوەیەكی گشتییش نزیكەی 630 مێگاوات كارەبا دابین دەكات.

کۆنترۆڵکردنەوەی بەنداوی تشرین 

لەناوەراستی 2016 ەوە و دوای ڕزگاركردنی شاری مەنبج لە گوندەواری حەلەب لەژێر دەسەڵاتی ڕێكخراوی داعش، ناوچەی بەنداوی تشرین لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە كە لەلایەن ئەمەریكاوە پشتیوانی دەكرێن، ئەو بەنداوەش ئاو و كارەبا بۆ ناوچەیەكی بەرفراوانی حەلەب و رەقە دابین دەكات، دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو، ئەو ناوچەیە بووە جێی شەڕ و ناكۆكیی نێوان هێزەکانی سوریا دیموکرات و گروپەکانی سوپای نیشتیمانی سوریا کە سەر بە توركیان.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی