ناوەندێکی جووەکان لە تاران
سبەی
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، بە تۆمەتی سیخوڕیی و هاوکاریی ئیسرائیل، ئێران کۆمەڵگەی جووی لە وڵاتەکەی کردوەتە ئامانج و سەدان کەسی بەو تۆمەتە دەستگیرکردووە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە میدیاکانی ئیسرائیل، لەوان کەناڵی هەواڵی "C14_news" بڵاویان کردوەتەوە، زۆرترین ئەو کەسانەی لە شارەکانی تاران و شیراز دەستگیرکراون سەرکردە دیارەکانی کۆمەڵگەی جووی ئێرانی لەخۆگرتووە.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە میدیاکانی ئیسرائیلیان راگەیاندووە: بەبێ لێکۆڵینەوەیەکی وورد و بەڵگەی پێویست سەرجەم ئەو کەسانە دەستگیرکراون وەک بەشێک لە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوەی کە بە "هەژموونی ئیسرائیل" ناوی دەبات.
تائێستا دەسەڵاتدارانی ئێران ئەم هەواڵانەیان بە فەرمی پشتڕاست نەکردوەتەوە و رەتیشیان نەکردوەتەوە، بەڵام ئاژانسە هەواڵییە ناوخۆییەکانی ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا باسیان لە دەستگیرکردنی "سەدان کەس" کردووە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل.
ئەو کەسانەی لەماوەی چەند رۆژی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەستگیرکراون بەپێی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە:
پارێزگای قوم
لە سەرەتای قەیرانەکەوە (13ـی حوزەیرانی 2025) لانیکەم 22 کەس بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ "دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل" دەستبەسەر کراون.
دەستگیرکردنە سەرەتاییەکان (14-18ـی حوزەیران)
لانیکەم 44 کەس لە ناوچە جیاوازەکانی وەک تاران، ئەلبۆرز، ئیسفەهان و لوڕستان، بەتۆمەتی دروستکردنی وەرشەی بۆمب و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەستبەسەر کراون.
خوزستان (21ـی حوزەیران)
54 کەس بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ موساد دەستگیرکران.
بوشەهر (21ی حوزەیران)
9 کەس دەستگیرکراون.
لۆرستان
پێنج کەسی دیکە لەو ناوچەیە دەستگیر کراون.
ئاماری فەرمی
بەپێی سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران، لەوانەی فارس نیوز، ئیسنا، ئیرنا و تەسنیم، لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 700 کەس بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە سەرانسەری ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە لانی کەم 223 کەس وەک دەستگیرکراو تۆمارکراوە، زۆرترین کەسیان لە کرماشان بوون کە ژمارەیان 126 کەسە.