دوای 12 رۆژ لە هێرشەکان؛ ئایا ئێران دەتوانێت بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات؟

#ئێران#ئەمەریکا#بەرنامەی ئەتۆمی#نیویۆرک تایمز
8 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
پوختە :
  • لەم راپۆرتەدا قۆناغە سەرەکییەکانی دروستکردنی چەکی ئەتۆم، بەپێی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز خراوەتەڕوو لەگەڵ ئاستی زیانەکان بەو دامەزراوانەی کە قۆناغەکانی دروستکردنی بۆمب پێویستییانە.
Primary Asset

خەمڵاندنی زیانەکانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران

سبەی

بۆ ماوەی 12 رۆژ ئیسرائیل بەردەوام هێرشی کردە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران، دواتر ئەمەریکاش لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی تایبەت و بۆمب و موشەکی تایبەتەوە هێرشی کردە سێ لە گرنگترین ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران، دوای ئەو هێرشانە بە پشت بەستن بە راپۆرتە هەواڵگرییەکانی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی راپۆرتێکی لەسەر قۆناغەکانی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم و ئاستی زیانەکانی بۆ سەر هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی دروستکردنی بۆمب کردووە.

لەم راپۆرتەدا قۆناغە سەرەکییەکانی دروستکردنی چەکی ئەتۆم، بەپێی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز خراوەتەڕوو لەگەڵ ئاستی زیانەکان بەو دامەزراوانەی کە قۆناغەکانی دروستکردنی بۆمب پێویستییانە.

قۆناغی کۆکردنەوەی پسپۆڕی ئەتۆمی

بۆ ماوەی دەیان ساڵ، ئێران دەیان زانا و ئەندازیاری تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی کۆکردووەتەوە.

دوای هێرشەکان: بەپێی ئاماری ئیسرائیل، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا، بەلایەنی کەمەوە 14 زانای گەورەی ئەتۆمی کوژراون، بەڵام ئێران ژمارەیەکی زۆر زانای دیکەی هەیە کە زانستی ئەتۆمییان پێیە و نەکوژراون. ئەو زانایانەی ماون دەتوانن لە بەرنامەی ئەتۆمی بەردەوام بن.

قۆناغی کارکردن لە کێڵگەی یۆرانیۆم

ئێران دوو کێڵگەی یۆرانیۆمی هەیە، هەردوو کێڵگەکە لە ناوەڕاستی ئێراندا. لەو کێڵگانە یۆرانیۆمی رەق دەدۆزرێنەوە.

دوای هێرشەکان: کێڵگەکانی یۆرانیۆم وەک خۆیانن، چونکە نەکەوتنە بەر هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا.

قۆناغی گۆڕینی یۆرانیۆمی رەق بۆ یۆرانیۆمی گاز

تاکە ناوەندێکی ئێران کە بتوانێت یۆرانیۆمی رەق بکات بە یۆرانیۆمی گاز لە ناوەندی ئەتۆمی ئەسفەهانە.

دوای هێرشەکان: بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی ئەمەریکاوە، ناوەندە ئەتۆمییەکە زیانێکی زۆری پێگەیشتووە. بە ئەگەری زۆرەوە، ئەو ناوەندە وێران بووە و توانای گۆڕینی یۆرانیۆمی سروشتی (رەق) نەماوە بۆ گاز. دروستکردنەوەی ئەو ناوەندە چەند ساڵێكی پێویستە.

قۆناغی پیتاندنی یۆرانیۆم

پیتاندنی یۆرانیۆم بە قورسترین قۆناغی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دادەنرێت. بەرهەمهێنانی رێژەیەکی بەرزی یۆرانیۆم کە پێویستە بۆ دروستکردنی بۆمب،  پێویستی بە ژمارەیەکی زۆر سەنتەرفیوجی زۆر خێرا هەیە بۆ ئەوەی یۆرانیۆمە شلەکە (گازی یۆرانیۆم) بگۆڕێت بۆ یۆرانیۆمی پیتێندراو. مەزەندە دەکرێت ناوەندی ئەتۆمی فۆردۆ و نەتانز زیاتر لە 18 هەزار سەنتەفیوجی تێدایە.

دوای هێرشەکان: بەئەگەرێکی زۆرەوە بەهۆی هێرشەکانی ئەمەریکاوە زۆرینەی سەنتەرفیوجەکانی ناوەندی نەتانز لەناوچووبن. بەپێی وتەی سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، سەنتەرفیوجەکانی ناوەندی فۆردۆش بەهۆی هێرشەکانی ئەمەریکاوە لەناوچووبن.

لەلایەکی دیکەوە ئێران رایگەیاندووە، ناوەندی دیکەی نهێنی پیتاندنیان هەیە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئێران ناوەندی پیتاندنی دیکەی نهێنی هەبێت. لە ماوەکانی رابردوودا، ئێران سەنتەرفیوجی پێشکەوتووی بەدەستخستووە، ئەگەر رێگەی دیپلۆماسی و سەربازی نەگیرێتەبەر ئەوا ئێران سەنتەرفیوجەکان دەخاتە کار.

قۆناغی عەمبارکردنی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە

بەپێی خەمڵاندنی چاودێرە نێودەوڵەتییەکان، ئێران خاوەنی نزیکەی 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوە کە رێژەکەی نزیکە لە رێژەی دروستکردنی بۆمب. بەپێی راپۆرتی چاودێرە نێودەوڵەتییەکان، ئەو یۆرانیۆمە پیتێندراوەی نزیکە لە ئاستی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، لە ناوەندی ئەتۆمی ئەسفهان عەمبار کراوە.

ئەو بڕە یۆرانیۆمە دەتوانێت 10 چەکی ئەتۆمی لێ دروست بکرێت، بەڵام بەپێی راپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا، ئێران ‌هێشتا بڕیاری نەداوە بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات.

دوای هێرشەکان: هەرچەندە بەپێی راپۆرتە هەواڵگرییە دزەپێکراوەکان، پێش هێرشەکانی ئەمەریکا، یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بەڵام کۆشکی سپی جەخت لەوە دەکاتەوە کە یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە بۆ هیچ جێگەیەک نەگوازراوەتەوە.

ئەو 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمە پیتێندراوە رێژەی پوختییەکەی 60%ـە، ماوەکی کەمی دەوێت ئەو رێژەیە بکرێت بە 90%، کە بە رێژەی دروستکردنی چەکی ئەتۆم ناسراوە، چونکە رێژەیە بەسە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

قۆناغی گۆڕینی یۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ کانزا

ئێران تەنها یەک ناوەندی تایبەتی هەیە بۆ گۆڕینی یۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ یۆرانیۆمی رەقی کانزا کە گرنگرترین قۆناغە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.

دوای هێرشەکان: ئەو تاکە ناوەندەی کە یۆرانیۆمی پیتێندراو دەگۆڕێت بۆ یۆرانیۆمی کانزای رەق لە شاری ئەسفەهان، بەبێ ئەو ناوەندە ئێران ناتوانێت بۆمبی ئەتۆم لە یۆرانیۆمی پیتێندراو دروست بکات. بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ئەو ناوەندە بەتەواوی لەناوچووە. پسپۆڕێک هۆشداریی دەدات کە ئێران لە جێگەی دیکەی نهێنی ناوەندی تایبەت بە گۆڕینی یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە.

قۆناغی دروستکردنی بۆمب

بۆ دروستکردنی چەکێکی ئەتۆمی مۆدێرن، پێویستە مادەی کانزای رەقی یۆرانیۆم لە موشەکە دوورهاوێژەکاندا جێگیربکرێت، ئەوەش پێی دەوترێت کڵاوە ئەتۆمی. دیار نییە کە ئێران ئەو تواناییەی بۆ دروستکردنی جێگیرکردنی کڵاوەی ئەتۆمی لە موشەکە دوورهاوێژەکانیدا یان نا، بەڵام پسپۆڕان باوەڕیانوایە، ئێران بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

دوای هێرشەکان: هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ژمارەیەک ناوەندی لە سەنجاریان وێران کردووە کە تایبەت بووە بە جێگیرکردنی کڵاوەی ئەتۆمی لە موشەکە دوورهاوێژەکان.

قۆناغی ئاراستەکردنی موشەکی ئەتۆمی

بە هەبوونی چەکی ئەتۆمی ئێران دەتوانێت تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامبدات. چەندین رێگە هەیە بۆ ئاراستەکردنی چەکی ئەتۆمی بۆ شوێنی مەبەست، لەوانە لە رێگەی موشەکی دوورهاوێژ و فڕۆکەی جەنگی. ئێستا ئێران خاوەنی هەزاران موشەکی دوورهاوێژە کە دەتوانن کڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرن.

دوای هێرشەکان: هەرچەندە ئیسرائیل رایگەیاندووە کە هەزاران موشەکی دوورهاوێژی ئێرانیان لەناوبردووە، بەڵام ئێران هێشتا خاوەنی ژمارەیەکی زۆر موشەکی دوورهاوێژە.

دەرەنجام

هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا بە ئەگەرێکی زۆرەوە ژمارەیەک بەشی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانیان لەناوبردووە و زیان پێگەیاندووە، رێگربوون لەوەی ئێران بە ماوەیەکی کەم ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

بەپێی راپۆرتە هەواڵگرییە دزەپێکراوەکانی ئەمەریکا، هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل تەنها چەند مانگێک بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانیان دواخستووە. ئەوەش پێچەوانەی قسەی بەرپرسانی کۆشکی سپییە کە رایانگەیاندبوو بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەتەواوی لەناوچووە.

وەک لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز-دا هاتووە، ئێران ژمارەیەک ناوەندی دیکەی ئەتۆمی هەیە کە نەکەوتووەتە بەر هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا، ئەوەش رێگە بە ئێران دەدات بە ماوەیەکی کەم دەستبکاتەوە بە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمییەکەی.

لە کۆتایی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا هاتووە، سەرەڕای رووبەڕوونەوەی ئاڵنگارییەکان کە ئێران بە هۆی هێرشەکانەوە دووچاری بووەتەوە، بەڵام ئەو وڵاتە ژمارەیەک لە ئامانجەکانی بەرنامەی ئەتۆمی بەدەستهێناوە.

ئەگەر ئێران نەشتوانێت چەکی ئەتۆمی دوورمەودا دروست بکات، ئەوا تاقیکردنەوەیەکی ئەتۆمی دەتوانێت هەر وڵاتێک لە هێرشی سەربازی بۆ سەر خۆی رابگرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی