ژمارەیەک لە قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشت
سبەی
ئەمڕۆ 38 ساڵ بەسەر کیمیابارانی شاری سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە تێدەپەڕێت. لە ئەنجامی کیمیابارانەکەدا 110 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە هەشت هەزار کەسیش برینداربوون.
رۆژی 28ـی حوزەیرانی 1987 فڕۆکەکانی ڕژێمی بەعسی روخاوی عێراق، حەوت جار شاری سەردەشتیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردومان کرد.
لە هێرشەکەدا، دوو بۆمب لە ناو بازاڕی شار و دوو بۆمبی دیکە لە گەڕەکێک و سێ بۆمبیش لە گوندەکانی دەوروبەری شاری سەردەشت کەوتنە خوارەوە.
بۆردومانی شاری سەردەشت لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا روویدا، لە سەردەمێکدا کە سەردەشت خۆی خەریکی خەبات بوو دژی ئێران.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە کۆی 12 هەزار دانیشتووی شاری سەردەشت، هەشت هەزار و 25 کەس بریندار بوون، 4 هەزار و 500 لە بریندارەکان پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە بوو، بەڵام تەنها 300 کەس لە بریندارەکان چارەسەریان بۆ کراوە.
تاعونی سەردەشت ساڵانە دووبارە دەبێتەوە و هێشتا چارەسەر نەبووە.
سەرەڕای ئەوەش لە گوندەکانی دەوروبەری سەردەشت هەزار و 500 کەس بە هۆی پیسبوونی هەوا بە سەختی بریندار بوون و پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەبووە.
بەڵام بەهۆی نەبوونی چارەسەری پێویست 130 کەسیان گیانیان لەدەستدا.
لەماوەی 36 ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەهۆی ئازار و نەبوونی چارەسەری پێویست گیانیان لەدەستداوە و بەشێکی زۆریشیان تائێستا بە ئازاری برینداریی چەکی کیمیاییەوە دەژین.
لە لایەکی ترەوە کاریگەری نەرێنی ئەو نەخۆشیانەی کە بەهۆی کیمیابارانەوە دروست دەبن، دەگوازرێتەوە بۆ منداڵان و دەکرێت ببێتە هۆی کەمئەندامبوونیان، ئەمەش بەو مانایە دێت کە تاعونی سەردەشت ساڵانە دووبارە دەبێتەوە و هێشتا چارەسەر نەبووە.
بەهۆی ئەو بێدەنگیەی ئێران بەرامبەر هێرشەکانی رژێمی سەدام، لە ساڵی 1987 چەند گوندێک لە شارەکانی بانە، شنۆ و سێرپێڵ زێهاوی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هێرشی کیمیایی کرایە سەریان.
بە پێی ئامارو زانیارییە فەرمییەکان، لە نێوان 22ـی ئەیلوولی 1980 تا 8ـی نیسانی 1987 لانیکەم 196 جار چەکی کیمیایی لەلایەن رژێمی بەعسەوە دژی سەر رۆژهەڵاتی کوردستان بەکارهێنراوە.