هەڵەبجە بووە 19 هەمین پارێزگای عێراق

#پەرلەمان#عێراق#هەڵەبجە
8 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 8 مانگ نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • دانیشتنەكە هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی ئەنفال كە لەساڵی 1988 لەلایەن رژێمی بەعسی عێراق ئەنجامدرا، هەمان ئەو ساڵەی خەڵكی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە كیمیایی بارانكران.
Primary Asset

پەرلەمانی عێراق

سبەی

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێكرد و یەكەم بڕگەش تایبەت بوو بە دەنگدان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و پەسەند کرا.

دانیشتنەكە هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی ئەنفال كە لەساڵی 1988 لەلایەن رژێمی بەعسی عێراق ئەنجامدرا، هەمان ئەو ساڵەی خەڵكی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە كیمیایی بارانكران.

یەکەم بڕگەی پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەنگی لەسەر درا و  بەوەش هەڵەبجە بووە 19 هەمین پارێزگای عێراق.

رۆژی 26ی ئازار، فراكسیۆنە كوردییەكان بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراقیان راگەیاند، ئەگەر بێت و دەنگدان لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نەخرێتە بڕگەی یەكەمی كارنامەی دانیشتنەكان، ئەوەش دوای ئەوەی چەند جارێك كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەكە دواخرا.

داوا دەكرێت سێ ناوچەی دیكەش بكرێتە پارێزگا

لەبەرامبەر پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، كوتلەی بەدر داوا دەكات دەنگ بە پارێزگایەكی دیكەش بدرێت كە تەلەعفەر و شنگال و دەشتی نەینەوا بكرێتە پارێزگایەكی دیكە، ئەویش بە ئامانجی "ڕزگاركردنی پێكهاتەكانی عێراق لە پەراوێزخستن". بۆ ئەو مەبەستەش بڕگەی بە پارێزگابوونی تەلەعفەر خراوەتە بەرنامەی کارەوە.

هەنگاوە یاساییەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە

چیرۆكی هەوڵەكان بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بۆ زیاتر لە 25 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لە ماوەیەدا 23 بڕیار و نوسراو دەركراون.

1-بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان ژمارە 11 لە 22-9-1999 قەزای هەڵەبجە گۆڕدرا بە پارێزگا.

2. ئەنجومەنی وەزیران لە هەرێمی كوردستان، لە 7-8-2013 بە پشتبەستن بە مادەی 141ی دەستووری عێراق و بڕیاری پەرلەمانی كوردستان داواكارییەكی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی بەرزكردەوە بەمەبەستی ناساندنی هەڵەبجە وەك پارێزگا. 

3. نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی عێراق لە 2ی ئەیلولی 2013، داوای لە ئەنجومەنی وەزیران لە هەرێمی كوردستان كرد، پڕۆژە یاسایەك بۆ دروستكردنی پارێزگاری هەڵەبجە ئامادە بكات.

4. ئەنجومەنی وەزیران لە هەرێم، لە بەرواری 24-12-2013 و بە ئاماژەدان بە نوسراوی دیوانی سەرۆكایەتی حكومەتی فیدراڵی، ڕەشنووسی یاسایەكی لەو بارەیەوە رەوانەكرد.

5. ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی، لە دانیشتنی ئاسایی 54ی خۆیدا، بە بڕیاری ژمارە 568 لە ساڵی 2013، دوای وەرگرتنی سنوورە ئیدارییەكانی پارێزگاكە، یاسای پارێزگای هەڵەبجەی لە كۆماری عێراق پەسەند كرد.

6. ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، لە 31-12-2013 بڕیاری ژمارە 568ی ئەنجومەنی وەزیرانی ئاراستەی وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری پەرلەمان و وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری پارێزگاكان كرد.

7. نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان/ بەغدا، لە نوسراوێكدا بە ژمارە 155 لە 8-1-2014، بە ئاماژەدان بە نوسراوی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، زانیاری و نەخشەی كارگێڕی پارێزگاری هەڵەبجەی بۆ لایەنی پەیوەندیدار بەرزكردەوە.

8. سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 23-2-2014 بە ئاماژەدان بە بڕیاری ژمارە 568ی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بە پشتبەستن بە دەقە دەستوورییەكان، دەسەڵاتی هێنانەكایەی پارێزگاری هەڵەبجە لە چوارچێوەی كۆماری عێراق و لە چوارچێوەی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، یەكێكە لە دەسەڵاتە تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان.

9. ئەنجوومەنی وەزیران لە هەرێم، لە 13-3-2014، بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق، مادەكانی 141 و 115، بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی ژمارە 568 و بڕیاری پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا لەسەر ناساندنی هەڵەبجە وەك پارێزگا و بڕیارەكەی بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەرزكردەوە.

10- سەرۆكایەتی هەرێم لە 16-3-2014 بە ئاماژەدان بە یاسای ژمارە 1 لە ساڵی 2005 و بڕیاری یاسایی ژمارە 11 ی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری هەرێمی بۆ هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە دەركرد.

11. ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاری هەرێمی بۆ سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان گشتاند بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.

12. پەرلەمانی كوردستان، لە دانیشتنی دووەمی خۆیدا لە 5-2-2015 لە هۆڵی یادی شەهیدانی هەڵەبجە، بە ئامادەبوون و ڕەزامەندی سەرجەم ئەندامان، بڕیاریدا یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2015ی تایبەت بە ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە پەسەند بكات.

13. سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە 15-2-2015 یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2015ی پەسەند كرد و لە ڕۆژنامەی (وەقائیعی كوردستان) بڵاوكرایەوە.

14. لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵانی دارایی 2015 و 2016 و 2017 و بودجەی تایبەت بۆ پارێزگاری هەڵەبجە تەرخانكرا.

15. بڕیاری كردنەوە و دروستكردنی لق و بەش و بەڕێوەبەرایەتییە فیدراڵییەكان لەهەڵبەجە درا بەم شێوەیەی خوارەوە:

• بەشی پۆلیسی گومرگی پارێزگای هەڵەبجە 

•بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت لە پارێزگای هەڵەبجە 

• بەرێوەبەرایەتی باری شارستانی لە پارێزگای هەڵەبجە 

• بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە لە پارێزگای هەڵەبجە 

• بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی هەڵەبجە 

• بەرێوەبەرایەتی نوسینگەی كارتی زانیاری 

• بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە 

• بەڕێوەبەرایەتی بەشەخۆراك لە پارێزگای هەڵەبجە 

• لقی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی لە پارێزگای هەڵەبجە 

16. وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ تابلۆی ئۆتۆمبێل بەناوی هەڵەبجە - عێراق

17. وەرگرتنی كۆد بۆ بەڕێوبەرایەتیەكانی پارێزگای هەڵەبجە

18- لیژنەی یاسایی لە بەرواری 11/11/2020 نوسراوێكی بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران رەوانەكرد بەمەبەستی پابەندكردنی ئەنجومەنی وەزیران بە تەواوكردنی ڕێكارەكانی ناساندنی هەڵەبجە بە پارێزگا.

19-سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕۆژی 16/3/2021 حكومەتی راسپارد ڕێكارەكانی ناساندنی هەڵەبجە بە پارێزگا تەواو بكات.

20- رۆژی 9/7/2023، وەزیری پلاندانانی عێراق بە فەرمی نەخشەی وردی پارێزگای هەڵەبجە و سەرجەم قەزا و گوندەكانی هەڵەبجە لەسەر ئاستی كۆماری عێراقی پەسەند كرد.

21-ڕەشنووسی یاسای (پارێزگای هەڵەبجە لە كۆماری عێراق)، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیەوە بە بڕیاری ژمارە 23131 لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە 11ی خۆیدا لە 13/3/2023 پەسەندكرا.

22- خوێندنەوەی یەكەم بۆ ڕەشنووسی یاسای پارێزگای هەڵەبجە لە كۆماری عێراق لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە لە 2-4-2023 كرا.

23- رۆژی 4-5-2023 خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساكە ئەنجامدرا.

کیمیابارانی هەڵەبجە

 بەر لە 37ساڵ و لە 16-3-1988 دا ڕژێمی بەعسی عێراق كۆمەڵكوژییەكی گەورەی بە چەكی كیمیایی دژ بە خەڵكی بێتاوانی هەڵەبجە ئەنجام دا، لە لە ئاكامدا زیاتر لە پێنج هەزار منداڵ و ژن و پیر ژیانیان لێسەندرایەوە و بە هەزارانیش بریندار بوون. بۆمبارانكردنی هەڵەبجە بە چەكی كیمیایی یەكێك لە زنجیرە تاوانەكانی ڕژێمی بەعسی عێراق بوو بۆ جینۆسیادكردنی كورد لە باشووری كوردستان. هەروەك لە پێشدا بە كیمیابارانی ناوچەكانی بادینان و بالیسان و شێخ وەسانان و قەرەداغ دەستی بە پرۆسە بەدناوەكەی ئەنفال بە مەبەستی قڕكردن و لەناوبردنی كورد كردبوو.

زانیاریی لەبارەی هەڵەبجە

ھەڵەبجە كە بە هەڵەبجەی شەهیدیش ناسراوە، ناوەندی پارێزگای ھەڵەبجەیە لە هەرێمی كوردستان، دەكەوێتە نێوان ھێڵی درێژی 46ی پلەی ڕۆژھەڵات و ھەر دوو بازنەی پانی 35–36 پلەی باكوور و 83 كیلۆمەتر باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانییەوە. ڕووبەرەكەی 1599 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە،  ئەو سەردەمەی كە لەسەر پارێزگای سلێمانی بوو %39٬9 ڕووبەری ھەموو ئەو پارێزگایەی پێكدەھێنا.
هەرچەندە ئاماری نوێ لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئامارێكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ساڵی 2020 ژمارەی دانیشتوانی هەڵەبجە 115 هەزار كەسی تێپەڕاندووە.
 

 

 

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی