دیزاینى ئەمەریکى و دروستکراوى چینى؛ چۆن بەرهەمهێنانى ئایفۆن لەنێوان دوو زلهێزدا گیریخواردووە؟

#ئەمەریکا#چین#ئەپڵ#ئایفۆن
2 مانگ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • ئەپڵ ساڵانە زیاتر لە 220 ملیۆن ئایفۆن دەفرۆشێت، زۆربەی خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە لەکۆى هەر 10 دانەیەک نۆیان لە چین دروستکراون. لە شاشەی بریقەدارەوە تا پاتری، زۆرێک لە پێکهاتەکانی بەرهەمەکانی ئەپڵ لە چین دروست دەکرێن و کۆدەکرێنەوە بۆ ئەوەی ببنە ئایفۆن، ئایپاد، یان ماکبۆک. دواتر زۆرینەی ئەم ئامێرانە دەنێردرێن بۆ ئەمریکا کە گەورەترین بازاڕی کۆمپانیای ئەپڵە.
Primary Asset

ئەپڵ ساڵانە زیاتر لە 220 ملیۆن ئایفۆن دەفرۆشێت، زۆربەی خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوەدەکەن لەکۆى هەر 10 دانەیەک نۆیان لە چین دروستکراون

سبەى

هەموو ئایفۆنێک ستیکەرێکی لەسەرە کە لەسەری نووسراوە لە کالیفۆرنیا دیزاینکراوە. هەرچەندە ئەم ئامێرە بریقەدار و چوارگۆشەیە زاڵە بەسەر ژیانی زۆر کەس لە ئەمەریکا و جیهان، بەڵام بە هەزاران کیلۆمەتر لە دووریی ئەو وڵاتەوە دروستدەکرێت، بە تایبەتی لە چین، ئەو وڵاتەی زۆرترین کاریگەریی لەسەر دروستبووە بەهۆی باجەکانی دۆناڵد ترەمپەوە کە گەیشتووەتە 245% .

ئەپڵ ساڵانە زیاتر لە 220 ملیۆن ئایفۆن دەفرۆشێت، زۆربەی خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە لەکۆى هەر 10 دانەیەک نۆیان لە چین دروستکراون. لە شاشەی بریقەدارەوە تا پاتری، زۆرێک لە پێکهاتەکانی بەرهەمەکانی ئەپڵ لە چین دروست دەکرێن و کۆدەکرێنەوە بۆ ئەوەی ببنە ئایفۆن، ئایپاد، یان ماکبۆک. دواتر زۆرینەی ئەم ئامێرانە دەنێردرێن بۆ ئەمریکا کە گەورەترین بازاڕی کۆمپانیای ئەپڵە.

هەفتەی رابردوو ترەمپ بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەر و هەندێک ئامێری ئەلیکترۆنی دیکەی لە باجەکانی بەخشی، ئەوەش چانسێکى رزگاربوونى بە کۆمپانیاکە بەخشى کە رەنگە مەوادەکەى کورتخایەن بێت، بەتایبەت کە ترەمپ پشتڕاستیکردەوە باجی زیادە لە ڕێگادایە، ئەمەش کاریگەری لەسەر بازاڕ دەبێت. 

ئەمەریکا و چین کە دوو گەورەترین ئابووریی جیهانن وابەستەی یەکترن، بەڵام باجی سەرسوڕهێنەری ترەمپ لە شەو و رۆژێکدا ئەم پەیوەندییەی گۆڕیوە و پرسیارێکی سەرەکى دروستکردووە، کە کامیان زیاتر وابەستەی یەکترن؟

چۆن شادەمارى ئەپڵ بوو بە هەڕەشە؟

چین سوودێکی زۆری لە میوانداریکردنی هێڵەکانی کۆکردنەوەی یەکێک لە بەنرخترین کۆمپانیاکانی جیهان وەرگرتووە، ئەمەش پێوەرێکی بۆ ڕۆژئاوا داناوە لە بواری بەرهەمهێنانی کوالێتی بەرز و هاندانی داهێنانی ناوخۆیی.

ئەپڵ لە ساڵانی نەوەدەکاندا چووە ناو چین و لە ڕێگەی دابینکەرانی دەرەکییەوە کۆمپیوتەرەکانی دەفرۆشت.

لە ساڵی 1997 کۆمپانیای ئەپڵ لە لێواری مایەپوچبووندا بوو، کاریدەکرد بۆ ئەوەی رکابەری لەگەڵ رکابەرەکانی بکات. بەڵام شادەمارى ژیانی لە چین دۆزییەوە، بەتایبەتى کە لەو کاتەدا ئابووری تازەپێگەیشتووی چین بەڕووی کۆمپانیا بیانییەکاندا کرابووەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و ڕەخساندنی هەلی کار زیاتر.

ئەپڵ تا ساڵی 2001 بە فەرمی نەگەیشتە چین، لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی بازرگانی کە بنکەکەی لە شاری شەنگەهایە دەستی بە بەرهەمهێنانی بەرهەمەکانی کرد. کۆمپانیاکە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای فۆکسکۆن کرد کە کۆمپانیای تایوانی بەرهەمهێنەری ئەلیکترۆنییە و ئایپۆد و دواتر ئای ماک و دواتر ئایفۆن لە چین دروست دەکات.

لەگەڵ دەستپێکردنی بازرگانی پەکین لەگەڵ جیهاندا- بە پشتیوانی خودی ئەمەریکا- ئەپڵ بوونی خۆی لە چین فراوانتر کرد، لەو کاتەدا چین ئامادە نەبوو ئایفۆن دروست بکات، بەڵام ئەپڵ کۆمەڵێک دابینکەری هەڵبژارد و یارمەتیان دا بۆ گەشەکردن و بوونە "ئەستێرەى بەرهەمهێنان"، بەپێی وتەی لین شیوپینگ، شارەزای زنجیرەی دابینکردن بۆ بی بی سی.

پینگ نموونەی کۆمپانیایەکی چینی بە ناوی پەکین جینگدیاو دەهێنێتەوە کە لە ئێستادا پێشەنگە لە دروستکردنی ئامێری وردبینی خێرا کە بەکاردەهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی هەندێک پێکهاتەی پێشکەوتوو.

 ئەو کۆمپانیایە کە پێشتر تایبەتمەند بوو لە بڕینی ئەکریلیک (ماددەیەکی پلاستیکی شەفاف هاوشێوەی شووشە)، وەک بەرهەمهێنەری ئامێری پیشەسازی ناسراو نەبوو، بەڵام توانی ئامێری تایبەتمەند بۆ بڕینی شووشە پەرەپێبدات و بوو بە "براند" لە بواری پرۆسێسکردنی ڕووی دەرەوەی مۆبایلەکانی ئەپڵ، بە گوتەی لین.

کۆمپانیای ئەپڵ یەکەم فرۆشگای خۆی لە چین لە ساڵی 2008 لە شاری پەکین کردەوە، هەر لەو ساڵەدا کە شارەکە میوانداری یارییە ئۆڵۆمپیەکانی کرد و پەیوەندییەکانی چین و ڕۆژئاوا گەیشتە لوتکە. ئەپڵ بە خێرایی فراوانتر بوو بۆ 50 فرۆشگا.

لەگەڵ گەشەکردنی ڕێژەی قازانجی کۆمپانیای ئەپڵ، هێڵەکانی کۆکردنەوەی ئایفۆنەکانی لە چینیش گەشەیان کرد، کە کۆمپانیای فۆکسکۆن گەورەترین کارگەی ئایفۆن لە جیهاندا لە ژێنگژۆ بەڕێوەدەبات، کە لەو کاتەوە بە "شاری ئایفۆن" ناسراوە.

بۆ چین کە بە خێرایی گەشە دەکات، ئەپڵ بووەتە هێمای تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ڕۆژئاوایی و ئایکۆنێکی سادەیی رەسەن و داهێنەرانە.

ئەمڕۆ زۆرینەی ئایفۆنە گرانبەهاکان لەلایەن کۆمپانیای فۆکسکۆنەوە بەرهەم دەهێنرێن، لە کاتێکدا چیپی پێشکەوتوو لە تایوان لەلایەن کۆمپانیای TSMCکە گەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی چیپە لە جیهاندا بەرهەم دەهێنرێت. هەروەها دروستکردنی مۆبایلەکە پێویستی بە توخمە دەگمەنەکان هەیە کە لە بەرنامەکانی دەنگ و کامێرادا بەکاردەهێنرێن.

بەپێی شیکارییەک کە لەلایەن کۆمپانیای نیکی ئاسیا بڵاوکراوەتەوە، لە کۆی 187 دابینکەری سەرەکی ئەپڵ تا ساڵی 2024، 150 کارگەیان لە چین هەبووە، لەکاتێکدا تیم کوک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ لە چاوپێکەوتنێکدا ساڵی ڕابردوو جەختیکردەوە، هیچ زنجیرەیەکی دابینکردن لە جیهاندا نییە بۆ ئێمە لە چین گرنگتر بێت.

مەترسی باج

لە یەکەم خولی سەرۆکایەتی ترەمپدا، ئەپڵ لەو باجانە بەخشرا کە بەسەر چیندا سەپێندرابوو.

بەڵام ئەمجارە ئیدارەی ترەمپ ئەپڵى کردە وانە بۆ هەمووان لە رێگەى سەپاندنی باجەوە، پێش ئەوەی باج لەسەر هەندێک کەلوپەلی ئەلیکترۆنی لاببات. ئیدارەی ئەو وڵاتە پێیوایە مەترسی زۆری باج هانی کۆمپانیاکان دەدات بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمەکانیان لە ئەمەریکا.

هاوارد لوتنیک، وەزیری بازرگانی ئەمەریکا لەم مانگەدا لە چاوپێکەوتنێکیدا ئاماژەى بەوەکرد، چارەنووسی ئەم جۆرە کارە کە لەلایەن سوپایەکی ملیۆنان کرێکارەوە بەرهەم دەهێنرێت کە بچوکترین بەشەکانی ئایفۆن کۆدەکەنەوە، گواستنەوەیەتى بۆ ئەمریکا.

هەروەها کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی هەفتەی ڕابردوو جەختیکردبووەوە، ترەمپ بە ڕوونی ڕایگەیاندووە "ئەمەریکا ناتوانێت پشت بە چین ببەستێت بۆ دروستکردنی تەکنەلۆژیای گرنگ وەک چیپ، مۆبایلە زیرەکەکان و لاپتۆپ".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە ڕێنمایی ترەمپ، ئەم کۆمپانیایانە پەلە دەکەن لە گواستنەوەی کارەکانی بەرهەمهێنانیان بۆ ئەمەریکا بە خێرایی".

بەڵام ئێلی فریدمان، ئەندامی پێشووی دەستەی ڕاوێژکاری ئەکادیمی ئەپڵ، ئەگەری گواستنەوەی کۆکردنەوەی کۆمپانیاکە بۆ ئەمەریکا بە خەون و خەیاڵ ناوبرد.

روونیشیکردەوە، کاتێک پەیوەندی بە دەستەی کارگێڕییەوە کرد، کۆمپانیاکە لە ساڵی 2013ەوە باسی هەمەچەشنکردنی زنجیرەی دابینکردنی دەکرد دوور لە چین، بەڵام ئەمەریکا هەرگیز بژاردەى کۆمپانیاکە نەبووە.

فریدمان ئاماژە بەوە دەکات کە "گرنگترین شوێنی نوێی کۆکردنەوەی ئەپڵ دواى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا ڤێتنام و هیندستان بوون. بەڵام بێگومان زۆربەی کۆکردنەوەی بەرهەمەکانى ئەپڵ هێشتا لە چین ئەنجام دەدرێت".

ئاڵنگاریى چاوەڕوانکراو

هەر گۆڕانکارییەک لە دۆخی ئێستای زنجیرەی دابینکردنی کۆمپانیای ئەپڵدا، گورزێکی سەخت دەبێت بۆ چین، کە هەوڵدەدات گەشەکردن لە سەردەمی دوای کۆرۆنا زیندوو بکاتەوە.

هۆکاری زۆر هەیە کە چین هەوڵیدا ببێتە ناوەندێکی بەرهەمهێنان بۆ کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان کە تا ئەمڕۆش بەردەوامن و سەدان هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت و لە بازرگانی جیهانیدا سوودێکی بەرچاو بە وڵاتەکە دەبەخشێت.

جیگار دیکسیت، راوێژکاری زنجیرەی دابینکردن دەڵێت: "ئەپڵ خۆی لە ناوەندی ململانێی ئەمریکا و چین دەبینێتەوە".

پەکین تەنیا نییە کە رووبەڕووی باجی بەرز دەبێتەوە، چونکە ترەمپ بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە ئەو وڵاتانە دەکاتە ئامانج کە بەشێکن لە زنجیرەی دابینکردنی چین. بۆ نموونە لە ڤێتنام کە ئەپڵ بەرهەمهێنانی هێدفۆنە بێ وایەرەکانی AirPodsی گواستەوە، وڵاتەکە ڕووبەڕووی لەسەدا 46ی باج بووەوە پێش ئەوەی ترەمپ راگرتنی بۆ ماوەی 90 رۆژ ڕابگەیەنێت، بۆیە گواستنەوەی بەرهەمهێنان بۆ شوێنێکی دیکەی ئاسیا چارەسەرێکی ئاسان نییە.

فریدمان دەڵێت: "هەموو شوێنە چاوەڕوانکراوەکان بۆ گواستنەوەی وێستگە گەورەکانی کۆکردنەوەی فۆکسکۆن کە دەیان یان سەدان هەزار کرێکاری تێدا کاردەکەن، لە ئاسیادان و هەموو ئەم وڵاتانەش رووبەڕووی باجی بەرز دەبنەوە".

کۆمپانیاکە ڕووبەڕووی کێبڕکێی توندی کۆمپانیا چینییەکان دەبێتەوە، لەکاتێکدا حکومەتی چین هەوڵدەدات تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە پێشبڕکێی خۆیدا لەگەڵ ئەمەریکا پەرەپێبدات.

لین دەڵێت: "ئێستا کە ئەپڵ توانای بەرهەمهێنانی ئەلیکترۆنی چینی پەرەپێداوە، کۆمپانیاکانی وەک هواوی، شاومی، ئۆپۆ و ئەوانی دیکە دەتوانن سوود لەو زنجیرە پێشکەوتووەی دابینکردن وەربگرن کە ئەپڵ دایمەزراندووە".

ساڵی رابردوو ئەپڵ بەهۆی دابەزینی ئابوورییەوە پێگەی خۆی وەک گەورەترین فرۆشیاری مۆبایلە زیرەکەکان لە چین لە بەرامبەر هواوی و ڤیڤۆ لەدەستدا. بەهۆی قەدەغەکردنی ChatGPT لە چین، ئەپڵ لە کێشەدایە بۆ پاراستنی خۆی لەنێو ئەو کڕیارانەی کە بەدوای مۆبایلی AI کارپێکراودا دەگەڕێن. تەنانەت لە مانگی یەکدا داشکاندنی دەگمەنی لەسەر ئایفۆنەکان کردووە بۆ بەرزکردنەوەی فرۆش.

ئەپڵ لە ژێر رێنماییە توندەکانى سەرۆکى چین کاردەکات، ناچاربوو بەکارهێنانی بلوتوز و ئایردرۆپ لەسەر ئامێرەکانی سنووردار بکات، لەکاتێکدا حزبی شیوعی چین هەوڵی دەدا پەیامە سیاسییەکان سانسۆر بکات. 

کۆمپانیای ئەپڵ وەبەرهێنانی 500 ملیار دۆلاری لە ئەمەریکا ڕاگەیاند، هەرچەندە ڕەنگە ئەمە بەس نەبێت بۆ ئەوەی ئیدارەی ترەمپ بۆ ماوەیەکی زۆر ڕازی بکات.

بە لەبەرچاوگرتنی چەندین ناجێگیری و نادڵنیایی لە دەوری باجەکانی ترەمپ، چاوەڕوانی باجی زیاتر دەکرێت- کە جارێکی دیکە دەتوانێت کۆمپانیاکە بخاتە دۆخێکی سەختەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی