سبەی
عەلی ئۆندەر، برای سڕی سورەییا ئۆندەر ڕایگەیاند وێڕای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی 12 کاتژمێری بۆ براکەی کە لای ڕاستی دڵی بە باشی کرژ نەدەبوو، ئێستا لای ڕاستی دڵی سڕی سورەییا ئۆندەر دەستی کردووەتەوە بە کرژبوون.
عەلی ئۆندەر بە ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیای ڕایگەیاند هەرچەند هێشتا مەترسی لەسەر ژیانی سڕی سورەییا ئۆندەر ماوە، بەڵام پزیشکان ئاگاداریان کردووەتەوە لەوەی خەواندنی براکەی و پشوودان بە ئەندامانی جەستەی بۆ تەندروستیی ئەو باشە.
عەلی ئۆندەر سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە پزیشکەکان چییان لە توانادا بێت دەیکەن بۆ ڕزگارکردنی ژیانی براکەی و براکەی لە دەستێکی ئەمیندایە و لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن دوای پێنج ڕۆژ لە نەشتەرگەرییەکە براکەی بەخەبەر دەهێندرێت، دەڵێت: "ئەمە پزیشکەکان بڕیاری لێ دەدەن، نەک ئێمە. ئەمە بە تەواوی پەیوەندیدارە بە قورسی ئەو نەشتەرگەرییەی بۆی ئەنجام دراوە و ئەو توانایەی جەستەی ئەو هەیەتی. پزیشکانیش ناتوانن، پێشبینی ئەمە بکەن کە پێویستە کەی بەخەبەر بهێندرێت".
عەلی ئۆندەر بیری خستەوە کە دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە لای چەپی دڵی برا گەورەکەی کاری کردووە بەڵام لای ڕاستی دڵی نا، گوتی: "لە یەکەم ڕۆژی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەوە باس لەوە کرا کە لای ڕاستی دڵی لاواز بووە، ئەمەیش ئاساییە بە بەراورد لەگەڵ ئەو نەشتەرگەرییە قورسە. پزیشکان ئاماژەیان بەوە دا کە دوای 4-5 ڕۆژی دیکە لای ڕاستی دڵیشی بەرە بەرە دەست دەکات بە کرژبوون. لە دوێنێ نیوەڕۆوە ئەمە دەستی پێ کردووەتەوە. ئەمەیش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە".
دوای ئەوەی کاتژمێر 10:00ی شەوی 15ی نیسانی 2025 سڕی سورەییا ئۆندەر تووشی نۆرەی دڵ بوو، گەیەندرایە نەخۆشخانەی نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتنگڵ لە ئیستانبوڵ.
دواتر نەشتەرگەرییەکی گەورە بۆ سڕی سورەییا ئۆندەر ئەنجام درا و بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکە ڕایگەیاند هەرچەند تەواوی قۆناغەکانی نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجام دراون، بەڵام لای ڕاستی دڵی ئۆندەر کرژ نابێت.
لەو کاتەوەی سڕی سورەییا ئۆندەر نەخۆشە، نەخۆشخانەکە جمەی دێت لەو کەسانەی بۆ زانینی دۆخی تەندروستیی سڕی سورەییا ئۆندەر ڕووی تێ دەکەن.
جگە لە گەورەبەرپرسانی دەم پارتی، هەروەها گەورە بەرپرسان و وەزیرانی حکومەتی تورکیا، ئاک پارتیی دەسەڵاتدار و جەهەپە ڕوویان لەو نەخۆشخانەیە کردووە و لە خەمی چاکبوونەوەی ئۆندەردان.
سڕی سورەییا ئۆندەر وەک فیگەری هەرە دیاری ئەو پرۆسە نوێیەی دەستی پێ کردووە
لە دوای ئەو پرۆسە نوێیەی بە دەستپێشخەری دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە دەستی پێ کردووە، سڕی سورەییا ئۆندەر هاوشێوەی پەروین بوڵدان لە تەواوی دیدار و کۆبوونەوەکان بەشدار بووە.
بۆیە ترسی ئەوە لە ئارادایە ئەگەر دۆخی تەندروستی ئۆندەر بەرەو باشی نەڕوات، ئەوا ڕاستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر ئەو پرۆسە نوێیە لە کاتێکدا خودی دەولەت باخچەلی'یش نەخۆشە و چەندین ڕۆژ بوو، نەیدەتوانی لە جێگەکەی بێتە دەرەوە.
باخچەلی هەر لە ڕێگای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانەوە ئاگادار دەکرایەوە لەبارەی پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بەو پرۆسە نوێیە.
سڕی سورەییا ئۆندەر کە ئەندامی شاندی ئیمراڵی، پەرلەمانتاری دەم پارتی و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیایە، هاوشێوەی پەروین بوڵدان بەشداری لەو سێ سەردانەی دواییدا کردووە کە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجام دراون و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیایش کۆبوەتەوە.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی نەخۆشکەوتنی سڕی سورەییا ئۆندەر، زۆربەی ئەوانەی لە خەمی ئەو پرۆسە نوێیەدان بە بەرەی ئۆپزۆسیۆن و دەسەڵاتیشەوە هێنایە دەنگ و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ دەخوازن و ئاماژە بەوە دەدەن نزای بۆ دەکەن تاکوو بە تەندروستی جارانی شاد ببێتەوە.
هەرچەند بڕیار بوو چەند ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەی ئۆندەر و پەروین بوڵدان لەگەڵ ئەردۆغان لە 10ی نیسان، لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا کۆ ببنەوە بە مەبەستی ڕەخساندنی زەمینەی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە، بەڵام بەهۆی نەخۆشکەوتنی ئۆندەرەوە سەردانەکە دواخرا.
سڕی سوڕەییا ئۆندەر کێیە؟
دەرهێنەر، سیناریۆنوس، ئەکتەر، میدیاکار و سیاسەتمەدار، سڕی سوڕەییا ئۆندەر لە 7ـی تەموزی 1962 لە سەمسور (ئادیەمەن) لە باکوری کوردستان لەدایک بووە.
لە خولی 24، 25، 26 و 28ـی پەرلەمان لەسەر لیستی ئەو ئاراستە سیاسییەی ئێستا دەم پارتی نوێنەرایەتی دەکات بە پەرلەمانتار هەڵبژێردراوە.
سڕی سوڕەییا ئۆندەر یەکێکە لەو تورکە چەپانەی بەوە ناسراوە بە سەختی داکۆکی لە مافەکانی کورد دەکات و یەکێک بوو لەو کەسایەتییە دیارانەی هەدەپە کە ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە و کۆتایی هێنان بە شەڕ لە نێوان تورکیا و پەکەکە.
بەهۆی داکۆکیکردن لە مافەکانی کوردەوە دۆسیە لەسەر ئۆندەر کرایەوە و ماوەیەک دەستبەسەر کران، بەڵام لە 16ـی ئایاری 2024 بڕیاری بێتاوانی بۆ دەرچوو.
ناوبراو یەک کتێبی هەیە، بەشداری لە دوو زنجیرە دراما، 15 فیلم و یەک کورتە فیلمدا کردووە و سێ خەڵاتی بە شایستە زاندراوە.
بۆ چارەسەری پرسی کورد لە دوو ساڵدا 100 هەزار کیلۆمەتر ڕێگای بڕیووە بە ئۆتۆمبێل
ئۆندەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دوژمنایەتی نێوان دوو بنەماڵە لە ڕها (ئورفا)، بەهۆی بوونی فۆبیا لە فڕۆکە شەش مانگ لەمەوبەر بە ئۆتۆمبێل 100 کیلۆمەتری بڕی و لە ئەنقەرەوە گەیشتە ڕها.
ئەمەیش جارێکی دیکە ئەوەی بیر خەڵک هێنایەوە، کە ئۆندەر بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە قۆناغی پێشووی پرۆسەی ئاشتی (2013-2015) بە ئۆتۆمبێل هاتوچۆی دەکرد لە نێوان ئیمراڵی-ئەنقەرە-قەندیل و زیاتر لە 100 هەزار کیلۆمەتری بە ئۆتۆمبێل بڕی.
مەزەندە دەکرێت لە هەر 10 کەسێک لە جیهان، یەکێکیان فۆبیایان بە فڕۆکە هەبێت.