ئۆپراسیۆنى سنوربڕ؛ هەواڵگرى عێراق بۆ گەڕان بەدواى پشتیوانانى داعش دەگاتە کیشوەرى ئەفریقا

#عێراق#داعش
3 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • هەواڵگرى عێراق: دەستگیرکردنى ئەندامانى تۆڕەکە لە چەند وڵاتێکی ڕۆژئاوای ئەفریقا دوای چاودێریکردنی جموجۆڵ و هێڵەکانی پەیوەندی نێوان ئەم تۆڕە و تۆڕەکانی دیکەی ناوەوە و دەرەوەی عێراق ئەنجامدراون
Primary Asset

سبەى

دەزگاى هەواڵگرى نیشتمانى عێراق دەستگیرکردنى تۆرێکى پشتیوانى دارایی داعشى راگەیاند لە کیشوەرى ئەفریقا، کە ئامانجیان پلاندانان بوو بۆ هێرشکردن لە وڵاتانی ئەوروپا و بەرژەوەندییەکانی عێراق لە دەرەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکى دەزگاکە کە دەست “سبەى” کەوتووە، دەزگای هەواڵگری عێراق توانی تۆڕێکی گەورەی دارایی داعش دەستگیر بکات کە بەرپرسیارە لە گواستنەوەى تیرۆریستان بە قاچاخ لە نێوان چەند وڵاتێکی جیهاندا بۆ بەرژەوەندی ئەو رێکخراوە.

جەختیشیکردووەتەوە، ئەو ئۆپراسیۆنە تەواوکەری ئۆپراسیۆنێکی دیکەیە کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن دەزگاکەوە لە پارێزگای کەرکوک ئەنجامدرا و یەکێک لە تۆڕەکانی تیرۆریستیی کردە ئامانج کە بەرپرسە لە دابینکردنی دارایی شانەکانی داعش.

دەستگیرکردنى ئەندامانى تۆڕەکە لە چەند وڵاتێکی ڕۆژئاوای ئەفریقا دوای چاودێریکردنی جموجۆڵ و هێڵەکانی پەیوەندی نێوان ئەم تۆڕە و تۆڕەکانی دیکەی ناوەوە و دەرەوەی عێراق ئەنجامدراون، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوەکە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم تۆڕانە ئامانجیان پاڵپشتیکردنی پێکهاتەی دارایی داعش و پلاندانان بۆ هێرشە تیرۆریستییەکان بوو لە وڵاتانی ئەوروپا و بەرژەوەندییەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات.

دەزگاى هەواڵگرى عێراق جەختدەکاتەوە لەسەر بەردەوامی بەدواداچوون بۆ پاشماوەکانی داعش و پووچەڵکردنەوەی پلانەکانیان.

مەترسی داعش

لەگەڵ بەردەوامى گورز وەشاندن لە شانە نوستووەکانى داعش لە عێراق، بەرپرسان جەختدەکەنەوە کە ئەو رێکخراوە چیتر مەترسی نییە بۆ سەر وڵات، لەکاتێکدا باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لەبەغداد جەخت لە زیادبوونى مەترسییەکانى داعش و قاعیدە لە عێراق و سوریا دەکاتەوە.

سەباح نوعمان وتەبێژى فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رۆژى 23ى ئاب بە ئاژانسى فەرمى عێراقى راگەیاند، چەکدارانى داعش مەترسی لەسەر عێراق دروست ناکەن، هێزە ئەمنییەکان ئامادەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتە ئەمنییەکان، ڕۆژانە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و هەواڵگری دژی شانە تیرۆریستییەکان لە هەر شوێنێک بن، ئەنجام دەدەن و لە سایەی ئیرادە و وریایی هێزە ئەمنییەکانەوە گورزی بەردەوامیان لێدەدرێت.

دەشڵێت، سنوورەکان به ته واوی پارێزراون، پێشهاتەکانى ناوچەکەش راستەوخۆ کاریگەرى لەسەر ئاسایشى عیراق دروستناکەن.

"نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە داعش پەیوەندی بە دۆخی عێراقەوە نییە، ئەو ڕێکخراوە بە شێوەیەکی سروشتی نوێنەرایەتی هەڕەشەیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەکات و لە چەند وڵاتێکدا ئامادەیە، ئەوەندەی پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە، ڕێکخراوەکە ئیفلیج بووە و گورزی بەردەوامی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێدەدرێت"، سەباح نوعمان وایوت.

قسەکانى وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دواى ئەوەهات کە باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لەبەغداد لە تۆڕى ئێکس رایگەیاندبوو، ئەمەریکا بەردەوامە لەهاوبەشیکردن لەگەڵ هاوپەیمان و لایەنە چالاکە هەرێمایەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر، لەگەڵ بوونى نیگەرانى قوڵ لەبارەى چالاکى بەردەوام و فراوانبوونى هەرێمى داعش و قاعیدە لە عێراق و سوریا.

جەختیشیکردبووەوە، ئەمەریکا ستایشى وڵاتانى ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات کە بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر لە عێراق و سوریا و سۆماڵ، کە بەهۆیەوە کردەوەکانى داعش سنورداربووە.

هێزە عێراقییەکان لەمساڵدا ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانیان چڕتر کردووەتەوە بۆ ڕێگریکردن لە جموجۆڵی شانە نوستووەکانى داعش، بەتایبەتی لە پارێزگا ئازادکراوەکان.

بەپێی خەمڵاندنى فەرماندەیی سوپای عێراق، ژمارەی شانە نوستووەکانى داعش لە عێراق لە 400 کەس تێناپەڕێت. فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق بەردەوام پێگەکانى ئەو شانە نوستووانە دەکەنە ئامانج، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، کەرکوک، سەلاحەدین و ئەنبار.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی