سبەی
سینەم بۆر کە کوڕێک، سێ نەوە و برازایەک و خوشکەزایەکی گەریلا بوون و لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ سوپای تورکیا گیانیان لەدەستداوە و کوڕێک و نەوەیەک و خوشکەزایەکیشی چەندین ساڵە زیندانی کراون، داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات بە دەم بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە بچێت و هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی.
وێڕای تێپەڕینی 55 ڕۆژ بەسەر بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە داوا دەکات زەمینە بڕەخسێنرێت تا پەکەکە کۆتایی بە خەباتی چەکداریی بهێنێت، کەچی هێشتا لەلایەن حکومەتی تورکیاوە هیچ هەنگاوێک نەندراوە و تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ئەو ناوچانەی باشوری کوردستان کە گەریلاکانی پەکەکەی لێن.
جگە لە پەکەکە و دەم پارتی، کەسوکاری شەهیدان و سەرجەم چالاکوانان و خەمخۆرانی پرسی کورد، بەردەوام داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەن بە دەم بانگەوازەکەی ئۆجەلانەوە بچێت کە لە 27ـی شوبات بڵاو کرایەوە.
سینەم بۆر'ی تەمەن 75 ساڵ لە 19ـی حوزەیرانی 2020 سەرهەڵدان'ی نەوەی لە ناوچەی زاپ، ئایسەڵ'ی نەوەی لە 26ـی ئابی 2015 لە شرنەخ گیانیان لەدەستداوە و بارش'ی نەوەیشی کە لە شەڕوپێکداداندا گیانی لە دەست داوە هێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە، ئەرهان ئاکشان'ی خوشکەزای لە جزیرێ بەهۆی پابەندنەبوون بە قەدەغەی هاتوچۆ و عەگید بۆر'ی برازایشی لە ناوچەی بەستا لە 2016 لە ئاکامی شەڕ و پێکدادان لە 2016 و عەلی بۆر'ی کوڕیشی لە 28ـی تشرینی یەکەمی 2018 لە ناوچەی کاتۆ لە شەڕ و پێکداداندا گیانی لەدەست داوە.
سینەم بۆر لە شارۆچکەی گەڤەر لە پارێزگای جۆلەمێرگ دەژی، ئەندامێکی چالاکی ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتییە و جەخت لەوە دەکاتەوە تاکە ئاواتی ئەو کۆتاییهێنانە بە شەڕ و چارەسەرکردنی پرسی کوردە بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە.
ئەو دایکە جەرگسوتاوە بە ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیای ڕاگەیاندوە، وێڕای ئەو هەموو نەهامەتی و ناخۆشییەی توشییان بووە، کەچی بێ هیوانەبوون و بەردەوامن لە خەبات، ئاماژەی بەوە دا کە جەمیل'ی کوڕی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە پەکەکە" و فورات'ی نەوەی و مەتین ئاشکان'ی خوشکەزای بە تۆمەتی "تێکدانی یەکڕیزی و یەکپارچەیی وڵات" زیندانین و حوکمدراون، وەیسەل'ی کوڕیشی بە هۆی گوشارەکانی حکومەتەوە ناچار بووە تورکیا و باکوری کوردستان جێ بهێڵێت و لە دەرەوە دەژی.
سینەم کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە بەشداری لە خەباتی مەدەنی لە باکوری کوردستاندا کردووە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلەکەی، ئاماژە بەوە دەدات لەو کاتەدا خەڵکانێکی زۆر دژی بڕیارەکەی وەستاونەتەوە، کە حکومەت بە ئاگر و ئاسن دژی هەر جۆرە جوڵانەوەیەک دەوەستایەوە بۆنی کوردایەتی لێ هاتبووایە و دەڵێت: "ئێمە لەپێناو ژیانێکی شکۆداردا دەستمان بەو خەباتە کرد و دۆزەکەمان دۆزێکی پیرۆز و ڕەوایە".
ستەمی حکومەتی تورکیا لە کورد، پەکەکەی دروست کرد
سینەم جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو خەباتەی ئەو دەستی پێ کردووە لای ئەو بە واتای هۆشیاری، ویژدان زیندوویی و ئیرادەی سەربەخۆ دێت.
ئەم دایکە ئاماژە بەوە دەدات کە تەنیا بەهۆی کوردبوونییەوە پۆلیس وەیسەلی کوڕی بۆ ماوەی 40 ڕۆژ دەستگیر کردووە و بە توندترین شێوە ئەشکەنجەی داوە، کەچی پێیان گوتووە بۆ ئەوەی زیانی پێ نەگەیەنن بێدەنگ بێت و هیچ نەڵێت و بۆ ماوەی یەک ساڵ وەیسەلی کوڕی زیندانی کراوە و شارە و شاری پێ کراوە، هەر ئەو ستەمکارییەیش بووە هۆی ئەوەی عەلی کوڕی دواتر ببێتە گەریلا.
سینەم بۆر ئاماژە بەوە دەدات هۆکاری سەرەکی دروستبوونی پەکەکە و چوونی کوڕ، نەوە و برازا و خوشکەزای ئەو هاوشێوەی خەڵکانێکی زۆر بۆ ڕیزەکانی گەریلا، هەر بۆ ئەو سیاسەتی نکۆڵیکردن و پاکتاوکردنەی کورد دەگەڕێتەوە لەلایەن حکومەتی تورکیا.
ئەم دایکە تەمەن 75 ساڵە سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی بەبێ ناوبڕ بۆ ماوەی 15 ساڵ تێکۆشاوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و هێنانەدی ئاشتی، بەڵام بە هۆی توشبوونی بە جەڵتە و تێکچوونی دۆخی تەندروستی، ئێستا وەک جاران ناتوانێت بەشداری لە چالاکییەکاندا بکات.
ئەو دایکە بە پێویستی دەزانێت کە حکومەتی تورکیا واز لە خۆ خافڵاندن و کات کوشتن بهێنێت و بە دەم بانگەوازەکەی ئۆجەلانەوە بێت و هەنگاوی کردەیی بنێت، لێبوردنی گشتی دەربکات، زیندانییانی سیاسی ئازاد بکات و کۆتایی بە چەشتنی تاڵاو بە گەلی کورد بهێنێت.