سبەی
لەماوەى 12 ساڵدا، لانیکەم 764 منداڵ لە تورکیا و باکوری کوردستان لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش بەپێی ئامارى رێکخراوەکانی سەلامەتیی کار لە تورکیا.
بە بۆنەی 28ی نیسان ڕۆژی یادکردنەوەی ئەوانەی لە کاتی کارکردندا گیان لەدەست دەدەن، راپۆرتی رێکخراوەکانی سەلامەتیی کار لە ژوری پزیشکانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا خوێندرایەوە.
دکتۆر ئۆزدەن چرپار، ئەندامی دەستەی کارگێڕی ژووری پزیشکانی ئەنقەرە ئاماژەی بەوەدا لە میانی 23 ساڵی ڕابردوودا 33 هەزار ڕووداوی گیانلەدەستدان لە کاتی کارکردن لە تورکیا و باکوری کوردستان تۆمارکراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی گەشە و هەماهەنگیی ئابوریی نێودەوڵەتی، زیاتر لە شەش ملیۆن و 500 منداڵ لە تورکیا و باکوری کوردستان لە "هەژارییەکی سەختدا" دەژین، ئۆزدەن چرپار دەڵێت: "لە هەر پێنج منداڵێک یەکێکیان وەک پێویست خۆراکی دەست ناکەوێت و لە چوار منداڵیش یەکێکیان بە برسێتی دەچێتە قوتابخانە. ئەو هەژارییە سەختەی تورکیای گرتووەتەوە، منداڵان زیاتر پەلکێشی کارکردن دەکاتەوە، لەبری ئەوەی بە شێوەیەکی ئاسایی منداڵی خۆیان ببینن".
وتیشى یەک ملیۆن و 372 منداڵ لە تورکیا و باکوری کوردستان کار دەکەن نزیکەی لە هەر چوار منداڵێکی تەمەن 15-17 ساڵ یەکێکیان کار دەکات و لەگەڵ تەواوبوونی ساڵی خوێندن و هاتنی وەرزی هاوینیش ژمارەی منداڵانی کرێکار لە دوو ملیۆن نزیک دەبێتەوە.
لە راپۆرتەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە بە هۆی “خەمساردی” حکومەتەوە تا دێت منداڵان زیاتر لە خوێندن دادەبڕێن و دەبن بە کرێکار و تەنیا لە ماوەی ئەم 12 ساڵەی دواییدا لانیکەم 764 منداڵ لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.
پێنج لەو منداڵانە تەمەنیان چوار ساڵ، شەشیان تەمەنیان پێنج ساڵ و پێنجیشیان تەمەنیان چوار ساڵ بووە.
رێکخراوەکانی سەلامەتی کار بە پێویستی دەزانن، حکومەتی تورکیا بە جۆرێک یاساکان ڕێک بخاتەوە کە کارکردن بە منداڵان قەدەغە بکات.
بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا کە 6ی شوباتی 2025 نوێ کراونەتەوە، ژمارەی دانیشتووانی تورکیا و باکوری کوردستان گەیشتۆتە 85 ملیۆن و 664 هەزار و 944 کەس.
بەپێی داتاکانی هەمان دەستە کە 21ی نیسانی 2025 بڵاوی کردوونەتەوە، ساڵی ڕابردوو ژمارەی منداڵان لە تورکیا و باکوری کوردستان گەیشتووەتە 21 ملیۆن و 817 هەزار و 61 منداڵ. بەم جۆرەش منداڵان لە سەدا 25.5ی سەرجەم دانیشتووانی تورکیا و باکوری کوردستان پێک دەهێنن. لە سەدا 51.3ی ئەو منداڵانەیش لە ڕەگەزی نێر و لە سەدا 48.7یان لە ڕەگەزی مێن.