تیمی دانوستانی ئێران بە سەرۆکایەتی عەراقچی لە بینای باڵیۆزخانەی ئێران لە مەسقەت- وێنەکە هەفتەی رابردووە
سبەی
ئێران هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانە ناڕاستەوخۆكانی لەگەڵ ئەمەریكا، دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سێ وڵاتی ئەوروپی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەكەی دەستپێدەكاتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەكەی ڕۆژی هەینی دەستدەكاتەوە بە گفتوگۆی بەرنامە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ وڵاتانی بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا، ئەوەش لەچوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی گشتگیر لەڕێگەی تێگەیشتنی نێودەوڵەتییەوە، لە سەروبەندی چوارەم گەڕی دانیشتنی نێوان ئەمەریكا و ئێران كە شەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای كۆبوونەوەیەكی حكومیی ئەمڕۆ بە ڕۆژنامەنوسانی وت" بە ڕای من هەر سێ دەوڵەتە ئەوروپیەكە (بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا) كاریگەری خۆیان لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئێران لەدەستداوە، ئەویش بەهۆی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی گرتویانەتەبەر، بەڵام نامانەوێت ئەم دۆخە بەردەوام بێت، ئامادەین بۆ دەستپێكردنی گەڕێكی دیكەی گفتوگۆ لەگەڵیان لە رۆما.
عەراقچی جەختیشیكردەوە "گەڕی چوارەمی دانوستانی ئەتۆمیی ئێران و ئەمەریكا لەگەڵ ستیڤ ویتكۆڤ نێردەی سەرۆكی ئەمەریكا لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا درێژە پێدەدەن".
وەزیری دەرەوەی ئێران هەفتەی رابردوو، پێشنیازی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەو سێ دەوڵەتەی ئەوروپا كرد، كە بەشێكن لەو دەوڵەتانەی لەساڵی 2015 واژۆی رێككەوتنی ئەتۆمیی نێوان وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئێرانیان كرد.
عەراقچی دەشڵێت "وڵاتەكەم هەوڵدەدات بگاتە چارەسەرێكی گشتگیر لەمیانی لێكتێگەیشتنێكی نێودەوڵەتییەوە، خواستمان ئەوەیە لەڕێگەی ڕێككەوتنێكی نێودەوڵەتییەوە چارەسەری ئەم پرسە بكەین، بۆیە دانیشتنەكانمان لەگەڵ لایەنی ئەوروپی درێژە پێدەدەین، بەڵام دانوستانە جەوهەرییەكان ئێستا لەگەڵ ئەمەریكا بەڕێوەدەچن".
سەبارەت بەو گفتوگۆیانەی بەمدواییە لە مۆسكۆ و پەكین بەڕێوەچوون، عەراقچی وتی "ئامادەم هەنگاوی هاوشێوە بنێم و سەردانی پاریس و بەرلین و لەندەن بكەم".
لە 26 ی نیسانی ئەمساڵ، لە مەسقەتی پایتەختی میرنشینی عوممانەوە، عەراقچی سەردانی چینی كرد بەمەبەستی راوێژكردن لەگەڵ وانگ یی هاوتا چینیەكەی، ئەمەش پێش دەستپێكردنی گەڕی سێیەمی دانوستانی ئەمەریكا و ئێران بوو، پێش دەستپێكردنی گەڕی دووەمی گفتوگۆكانیش لەگەڵ ئەمەریكا سەردانی مۆسكۆی كرد و لەگەڵ ڤلادمیر پوتن سەرۆكی ڕوسیا كۆبوەوە.