هێزێکی سەر بە ئیدارەی نوێی سوریا لە دیمەشق
سبەی
ئەنجومەنی سوریای دیموكرات "مەسەدە" ڕایگەیاند، "داوا لە هەموو لایەك دەكەین شەڕ ڕابگرن و دەسەڵاتدارانی دیمەشق بە تەواوی بەرپرسیارن لە خراپتربوونی دۆخەكە".
ئەنجومەنی سوریای دیموكرات (مەسەدە) سەبارەت بە شەڕ و پێكدادانی ئەم دواییانەی سوریا و گرژییەكانی نێوانی چەكدارانی ئەحمەد شەرع و دروزەكان، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا هاتووە:"بە نیگەرانی و وریایی قووڵەوە بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنی كێشە سەربازییە مەترسیدارەكانی ئەم دواییانەی ناوچەكانی ئەشرەفیە، سەحنایە و جەرامانا لە دیمەشق دەكەین، بە توندترین شێوە ئیدانەی كوشتن، تۆقاندن، قسەی ڕقاوی و هاندانی تائیفەگەریی لە سوریا دەكەین".
ئەنجومەنەكە دەشڵێت “داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین، شەڕ ڕابگرن و ئارامبگرن"، هەروەها ”دەسەڵاتدارانی دیمەشق بە تەواوی بەرپرسیارن لە خراپتربوونی دۆخەكە".
هەر لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، "پێمان وایە زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانی هێز سوریا بۆ شەڕ بەرەو لێواری داڕمانمان دەبات و ئەو بۆشاییە فراوانتر دەكات، كە ڕژێمی پێشوو لەناو گەلی سوریادا دروستی كردووە، چونكە ئەمە دەرگا بەڕووی دەستێوەردانی دەرەكیدا دەكاتەوە، بەتایبەتی لەلایەن ئەو لایەنانەی كە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەكە دەكەنە ئامانج و هەوڵی زاڵبوون بەسەر سوریادا دەدەن".
" زۆر گرنگە كە كۆنفرانسێكی نەتەوەیی گشتگیر بە بەشداریی ڕاستەقینە و كاریگەر لە سەرجەم پێكهاتەكان و توێژەكانی گەلی سوریا ئەنجام بدرێت، بۆ ڕاستكردنەوەی ڕەوتی تەواوی پڕۆسەی ڕاگوزەری و داڕشتنی دەستوورێكی نیشتیمانی مۆدێرن و دیموكراسی كە شایستەی ئەو قوربانییە گەورانەی گەلی سوریا بێت و خواستەكانیان دەرببڕێت و مافەكانیان بپارێزێت و دەوڵەتی هاوڵاتیبوون و دادپەروەری دابمەزرێنێت".مەسەدە وا دەڵێت.
ماوەی چەند ڕۆژێكە پێكدادانی توند لە نێوان هێزەكانی حكومەتی نوێی سوریا و دروزەكان لە سنووری دیمەشقی پایتەختی سووریا بەڕێوەدەچێت، تائێستا بەپێی ئامارەكان دەیان كەس كوژراون، میدیا عەرەبییەكانیش دەڵێت دوای 20 كاتژمێر لە شەڕكردن هێزەكانی سەر بە ئیدارەی ئەمنیی گشتیی دیمەشق توانیویانە كۆنترۆڵی ناوچەی سەحنایا لە نزیك دیمەشق بكەن.
گرژی و ئاڵۆزییەكان لە ڕۆژی چوارشەممەوە سەریهەڵداوە، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێكی دەنگیی "شێخێك" ی دروزەكان لە سوریا، هەرچەندە تۆمارەكە ساختەبوو، بەهۆی هێرشێكی گروپێكی چەكدار بۆسەر بنكە ئەمنییەكان لەناوچەی سەحنایا 11 كەس لە هێزە ئەمنیەكانی حكومەتی دیمەشق كوژران و دواتریش پێنج ئەندامی دیكەی ئەو هێزانە كوژران.