لۆگۆی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی
سبەی
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای كوردستان) نیگەرانی خۆی لە ئاڵۆزیەكانی ناوچەكانی سەحنایا و جەرمانای دیمەشق دەردەبڕێت، جەختیش لەچارەسەركردنی هۆكارەكانی پارچە پارچەبوونی كۆمەڵگەی سوری دەكاتەوە، ئەویش لەڕێگەی بنیاتنانی سیستمێكی دیموكراسی و فرەیی گرتنەبەری گفتوگۆ بۆ چارەسەری كێشەكان.
لە ناوچەكانی دەوروبەری دیمەشق و پارێزگای سوەیدا، بەتایبەتیش هەردوو ناوچەی سەحنایا و جەرمانا، چەند ڕۆژێكە ئاڵۆزی نێوان هێزەكانی سەر بە حكومەتی نوێی سوریا و دروزەكان بەخۆوە دەبینێت، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێكی دەنگیی ساختە بەناوی یەكێك لە شێخەكانی دروز كە سوكایەتی بە ئاینی ئیسلامی دەكات، بەوهۆیەشەوە تائێستا زیاتر لە 20 كەس كوژراون.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا "ڕۆژئاوای كوردستان" لە ڕاگەیەندراوێكدا نیگەرانی خۆی لە ڕووداوەكانی سەحنایا و جەرمانا دەردەبڕێت و داوای هێوركردنەوەی دۆخەكە دەكات، داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەكات، ڕێگر بن لەوەی ڕووداوی هاوشێوەی كەناراوەكانی سوریا دووبارە ببێتەوە، كە كۆمەڵكوژی دژ بە خەڵكی سڤیلی بەخۆوە بینی بەهۆی تائیفەگەرییەوە.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كوردی لە سوریا، داوای چارەسەركردنی ئەو هۆكارانە دەكات، كە بوونەتەهۆی ئاڵۆزبوونی دۆخەكە و پارچە پارچەبوونی كۆمەڵگەی سوری، داوای بنیاتنانی سیستمێكی دیموكراسی و فرەییش دەكات، كە نوێنەرایەتی هەموو سورییەكان بەبێ جیاكاری بكات، هەروەها گفتوگۆش بكرێتە تاكەڕێگای چارەسەری كێشەكان و پرسە هەڵواسراوەكان، هەروەها دووركەوتنەوە لە بژاردەی سەربازی.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێی وایە، بژاردەی سەربازیی هەرگیز لە ڕووداوەكانی سوریادا سەركەوتوو نەبووە، بۆ ئەوەش ئەزموونی ڕژێمی پێشووی سوریا وەك نمونە دەهێنێتەوە.
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەیدا، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای كوردستان، دووپاتیدەكاتەوە كە سوریا زیاتر لە هەركاتێك، پێویستی بە دەستور و حكومەتێكە كە مافی سەرجەم پێكهاتەكانی تێدا پارێزراوبێت، هەروەها جەخت لەوەش دەكاتەوە چارەسەری دیموكراسی گشتگیر و بەشداریی هەمووان لە پرۆسەی سیاسی تاكە چارەسەرە بۆ دۆخی ئێستای سوریا.