حوکمدراوێکی نەخۆش دوای 30 ساڵ زیندانیکردن ئازاد کرا، جارێکی دیکە خرایەوە زیندان

#حوکمدراوی نەخۆش#زیندانی#ئازادکردن
4 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 مانگ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • نیعمەت دەغیش کە یەکێکە لەو حوکمدراوە کوردانەی بە دەست چەندین نەخۆشییەوە دەناڵێت، دوای بەسەربردنی 30 ساڵی تەمەنی لە زیندان، ئازاد کرا و دوای ئازادکردنیشی جارێکی دیکە خرایەوە زیندان.
Primary Asset

سبەی

نیعمەت دەغیش کە یەکێکە لەو حوکمدراوە کوردانەی بە دەست چەندین نەخۆشییەوە دەناڵێت، دوای بەسەربردنی 30 ساڵی تەمەنی لە زیندان، ئازاد کرا و دوای ئازادکردنیشی جارێکی دیکە خرایەوە زیندان.

نیعمەت کە دوای بەسەربردنی سێ دەیە لە زیندان لە 11ـی ئاداری 2023 لە زیندانی کرشەهیر ئازاد کرا، دووبارە بە پاساوێکی دیکە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرچووە.

ئاژانسی هەواڵی وەلات بڵاوی کردووەتەوە بە پاساوی زیانگەیاندن بەو کامێرایانەی چاودێری حەوشەی زیندانییان کردووە لە کاتی زیندانیکردنیاندا، لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێی دیکەی لە زیندان، بە زیندانیکردن بۆ ماوەی نۆ مانگ حوکم دراون.

دواتریش ڕەزامەندی لەسەر بڕیاری زیندانیکردنە دەرچوو و نیعمەت دەغیش جارێکی دیکە زیندانی کرایەوە و ڕەوانەی زیندانی ئامەد (دیاربەکر) کراوە.

نیمعەت دەغیش بە دەست چەندین کێشەی تەندروستی وەک ئاوسانی قورگ، گەورەبوونی لووی ڕژێنی پەریزاد، نەخۆشیی فتق، گورچیلە، گەدە، پڕۆستات، لەدەستدانی بیستن، ئێسک، سەرسووڕان و ڕیخۆڵەوە دەناڵێنێت.

چارەنووسی ئەو زیندانییانە چی لێ دێت کە  پەشیمان نابنەوە؟

بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی تورکیا ماوەی زیندانی هەتاهەتایی 24 ساڵ و ماوەی زیندانی قورسکراوی هەتاهەتاییش 30 ساڵە. 

هەر لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا وێڕای تەواوبوونی ماوەی زیندانیکردنی چەندین چالاکوانی کورد کە بە زیندانی قورسکراوی هەتاهەتایی حوکم دراون، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕەتیان کردووەتەوە واژوو لەسەر ئەو نوسراوە بکەن کە بۆ پەشیمانبوونەوەیان ئامادە کراوە، دوای تێپەڕینی چەند ساڵێک ئازاد کران.

نورەدین چەلەبی دوای 31 ساڵی تەمەنی لە زیندان، چوار ڕۆژ لەمەوبەر و لە 29ی نیسان ئازاد کرا. 

لە 11ی نیساندا هەریەک لە ئەحمەد باشبۆغا، شاکر ئاککورت و محێدین ئاڵتن دوای بەسەربردنی 32 ساڵ تەمەن لە زیندان، ئازاد کران.

هەروەها ڕەمەزان کاراتاش لە 10ـی نیسان، حیفزوڵڵا موتڵو لە 9ـی نیسان، عەبدولعەزیز ئۆک لە 7ـی نیسان دوای بەسەربردنی 32 ساڵی تەمەنیان لە زیندان ئازاد کران.

لە لایەکی دیکەوە بەهۆی ئەوەی قبوڵی نەکردووە واژوو لەسەر ئەو نوسراوە بکات کە بۆ پەشیمانبوونەوەی ئامادە کراوە، وێڕای تەواوبوونی ماوەی حکومدانەکەی و بەسەربردنی 30 ساڵ تەمەنی لە زیندان، ئازادکردنی مەتین تۆپراک بۆ نۆ مانگی دیکە دواخراوە.

ئیلهان دایان دوای 32 ساڵ لە زیندانیکردن لەسەر هەمان تۆمەت، لە 27ی ئادار ئازاد کرا. 

سەراجەدین یوکسەکباغ کە بە پاساوی ئەوەی بەشداری لە مانگرتندا کردووە و لە زیندان زۆر چالاک بووە، یەک ساڵ و شەش مانگ دوای تەواوبوونی ماوەی حوکمدانەی و بەسەربردنی 31 ساڵ و شەش مانگ لە زیندان، لە 26ی ئادار ئازاد کرا. 

رۆژی 20ـی شوباتیش وێڕای تەواوبوونی ماوەی حوکمدانەکەی کەچی بۆ جاری دووەم و بۆ شەش مانگی دیکە ئازادکردنی گولتەن ئاکگوین دوا خرا کە زیاتر لە 30 ساڵە زیندانی کراوە.

لە کاتێکدا ئەو کچە کوردە لە 19ـی حوزەیرانی 2024ـەوە ماوەی حوکمدانەکەی تەواو بووە و دەبوو ئازاد کرابووایە، کەچی ئەو کات بڕیار درا تا هەشت مانگی دیکە لە زینداندا بمێنێتەوە.

ئەوا لە کاتێکدایە بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی تورکیا ماوەی زیندانی هەتاهەتایی 24 ساڵ و ماوەی زیندانی قورسکراوی هەتاهەتاییش 30 ساڵە. 

بەسەربردنی تەمەنێک لە زیندان

لەو ماوەیەی ڕابردوودا و دوای تەوابوونی ماوەی حوکمدانەکەیان و بەسەربردنی 30 ساڵی تەمەنیان لە زیندان، هەریەک لە سەدات ئاڤشار لە 7ـی نیسان، نامەت ئەریپەک لە 2ـی نیسان و عەبدوڵڵا ڕوزگار لە 29ـی ئادار ئازاد کران.

ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە لەو نێوانەدا و ڕۆژی 2ـی نیسان یەکێک لەو چالاکوانانە کوردانەی دوای بەسەربردنی 30 ساڵی تەمەنی لە زیندان و چەند مانگێک دوای ئازادکردنی، گیانی لەدەست دا.

ئەو چالاکوانە کوردە تارق تاش بوو کە لە ڕۆژی 24ـی ئابی 2024 ئازاد کرا و 2ـی ئەم مانگەیش بە هۆی نۆرەی دڵەوە گیانی لەدەست دا. 

6ـی ئادار دوای بەسەربردنی 30 ساڵ و شەش مانگ لە زیندان، ئەحمەد ئادڵ و5ـی کانونی دووەمیش، گورگین ئۆکتار دوای 30 ساڵ لە زیندانیکردن ئازاد کران.

15ی کانوونی دووەمیش فەرەیدون دەمیر کە لە تەمەنی 17 ساڵییەوە بە هەمان تۆمەت زیندانی کرابوو، دوای بەسەربردنی 30 ساڵ تەمەن لە زیندان ئازاد کرا. 

ساڵی ڕابردوویش  ماوەی حوکمدانی چەندین چالاکوانی کورد کە بە 30 ساڵ زیندانیکردن حوکم درابوون، تەواو بوو و دوای بەسەربردنی تەمەنێک لە زیندان ئازاد کراون.

6ـی کانونی یەکەمی 2024 محەمەد تورگای دوای 32 ساڵ لە زیندانیکردن ئازاد کرا و گەڕایەوە ناو کەسوکاری.

ئیلهان سامی چۆماک'ی تەمەن 51 ساڵ، دوای بەسەربردنی 30 ساڵی تەمەنی لە زیندان 25ـی تشرینی یەکەمی 2024 و دوای سێ مانگ لە دواخستنی بڕیاری ئازادکردنی، ئازاد کرا. 

ئیلهان سامی چۆماک لە زیندان 11 کتێبی شیعری بە کوردی و تورکی نوسیووە.

خەیرەدین ئێکنجی تەمەن 63 ساڵ دوای بەسەربردنی 30 ساڵی تەمەنی لە زیندان، لە 3ـی تشرینی یەکەمی 2024 دوای شەش مانگ لە دواخستنی بڕیاری ئازادکردنی، ئازاد کرا و ناوبراو لە زیندان هەشت کتێبی بە کوردی نوسیووە.

چەچەن تۆپچو دوای بەسەربردنی 30 ساڵ تەمەن لە زیندان، لە 7ـی ئەیلول ئازاد کرا.

یەشار کرمزی'یش کە ماوەی 32 ساڵ بوو زیندانی کرابوو، لە 19ـی شوبات ئازاد کرا. 

هەر ساڵی ڕابردوو هەریەک لەبەحری ساڵگن، بارش کڵچ، شێخ موس ئیلهان، شەرەف تورک، دوای 30 ساڵ زیندانیکردن، ئازاد کران.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی