خۆڵبارینى پێشوەختە ماڵئاوایی بە بەهار دەکات و هاوینى سوتێنەر نزیک دەکاتەوە

#خۆڵبارین#
16 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 16 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • شەپۆلى خۆڵبارینی ئەمساڵ لە سەرەتای مانگی نیسانەوە دەستیپێکرد، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو لە مانگی حوزەیراندا دەستیپێکرد و سنووردار بوو لە دوو زریانی خۆڵبارین لە بەغداد و تکریت، ئەوەش بە وتەی عامر جابری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی کەشناسی عێراق.
Primary Asset

لە ناوەڕاستى نیساندا توندترین شەپۆلى خۆڵبارین ناوچە جیاجیاکانى عێراق و هەرێمى کوردستانى گرتەوە

سبەى

شەپۆلەکانى خۆڵبارین لە عێراق و هەرێمى کوردستان ئەمساڵ زووتر دەرکەوتن، شارەزایانى کەشناسیش پێشبینى دەکەن بەرێژەى جیاواز شەپۆلەکان بەردەوام بن و بەهۆیەوە کەشى بەهاریی پێش وادەى خۆى ماڵئاوایی بکات و کەشى هاوینە نزیکبێتەوە.

لە ناوەڕاستى مانگى نیساندا توندترین شەپۆلى خۆڵبارین لەمساڵدا ناوچە جیاجیاکانى عێراق و هەرێمى کوردستانى گرتەوە و ئاسمانی لە شینەوە گۆڕی بۆ تەمێکی پرتەقاڵی و مەودای بینین گەیشتە ئاستێکى نزم، ئەمەش بووە هۆی پەکخستنى گەشتەکان و دوو فڕۆکەخانەی گەورە گەشتەکانیان راگرت و شەقامەکانی بەسرە کە گەورەترین شاری باشوری عێراقە، چۆڵ بوون. هەزاران کەسیش بەهۆى کێشەی هەناسەدانەوە رەوانەى نەخۆشخانەکان کران.

شەپۆلى خۆڵبارینی ئەمساڵ لە سەرەتای مانگی نیسانەوە دەستیپێکرد، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو لە مانگی حوزەیراندا دەستیپێکرد و سنووردار بوو لە دوو زریانی خۆڵبارین لە بەغداد و تکریت، ئەوەش بە وتەی عامر جابری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی کەشناسی عێراق.

وتیشى دەرئەنجامی خۆڵبارین بۆ کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆکان بەتایبەتى قووڵبوونەوەی پاڵەپەستۆى نزمى باکووری ئەفریقا دەگەڕێتەوە، کە جگە لە عێراق و هەرێمى کوردستان کاریگەرى لەسەر زۆرێک لە وڵاتانی دیکەش هەیە، لەوانە میسر، سوریا، باکوری سعودیە و ئوردن. بەزۆرى کاریگەرییەکەی بۆ ماوەی پەنجا رۆژ یان کەمتر دەخایەنێت، بەڵام بە پلەی جیاوازی چڕی.

عێراق بە یەکێک لەو پێنج وڵاتە دادەنرێت کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە، ئەوەش بەهۆى قوڵبوونەوەى وشکەساڵى و کەمى باران بارینەوە کە شەپۆلەکانى خۆڵبارینى زیاتر کردووە.

ئەو گۆڕانکارییە کاریگەری گەورەى لەسەر دۆخی ژینگەیی عێراق هەیە، ئەوەش بە وتەی ئەنعەم سابت یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەشی هۆشیاری ژینگە لە وەزارەتی ژینگە کە پێیوایە، کەمی بارانبارین و کەمى دابینکردنی ئاو لە وڵاتانی دراوسێ، نەبوونی رووەک و پشتێنەی سەوزایی، بەشدارن لە جێگیرنەبوونی تەپۆڵکە خۆڵینەکان، ئەمەش وایان لێدەکات کە لەکاتی زیادبوونى خێرایی با بڵاوبنەوە.

خۆڵبارین تایبەتمەندییەکی کەشوهەوای باوی عێراقە، بەتایبەتی لە شارەکانی ناوەڕاست و باشوور، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کەشوهەوای وشک و نیمچە بیابانییە.

بەوتەى سادق عەتیە شارەزاى کەشناسی، ئەو گۆڕانکارییە لە وەرزى بەهاردا زیاتر دیارە، بەو پێیەى وەرزێکى کە کەشوهەواکەى بەخێرایی دەگۆرێت بە لەبەرچاوگرتنى رێژەى دابارین و خۆڵبارین دەبێتە هۆى گواستنەوە لە زستانی سارد و تەڕەوە بۆ هاوینی گەرم و وشک.

رونیشیکردەوە، ئەگەر وەرزی بارانبارین وشک بێت، ئەوە مانای زیادبوونی خۆڵبارینە لە وەرزی بەهاردا، وەک ئەوەی ئێستا هەیە، بەو پێیەی بارانبارین بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوا (باشووری نەینەوا، ئەنبار، و باشووری ڕۆژئاوای وڵات)، کەم بووە و زۆر لە خوار ئاستی مامناوەندەوە بووە.

سەربارى ئەو هۆکارانە، ئەو شارەزایە پێیوایە بە بیانبوونى سوریا بەتایبەتى حەسەکە و قامیشلۆ و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریا بەهۆی کەمی بارانبارین لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان کاریگەرییان هەیە لەسەر زیادبوونى خۆڵبارین و لەگەڵ کەمترین جوڵەى خێرایی با خۆڵبارین لە رۆژهەڵاتی سوریاوە بەرەو باکووری رۆژئاوای عێراق دەگوازێتەوە و پاشان کاریگەری لەسەر شارەکانی ناوەڕاست دەبێت.

هەروەها پێشبینى دەکات گۆڕانى خێرای کەشوهەوا لە بەهاردا تا دوای ناوەڕاستی مانگی ئایار بەردەوام بێت و لە 1ی حوزەیرانەوە عێراق ماڵئاوایی لە کەشوهەواى بەهاریی بکات و هاوینی گەرم و وشک و سووتێنەر دەستپێبکات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی