رەجەب تەیب ئەردۆغان و پەروین بوڵدان و سری سورەییا ئۆندەر
سبەی
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، لەبارەی كۆچی دوایی سری سورەییا ئۆندەر بریكاری سەرۆكی پەرلەمان و پەرلەمانتاری دەم پارتی، پەیامێك بڵاودەكاتەوە و "نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت".
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ئێكس" پەیامێكی بڵاوكردەوە و نوسیویەتی "نیگەرانیی قوڵم هەیە بۆ كۆچی دوایی سری سورەییا ئۆندەر پەرلەمانتاری ئیستانبوڵ و بریكاری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، هیواخوازم خودا لە بەڕێز ئۆندەر خۆش بێت و سەرەخۆشیی ئاڕاستەی خێزانە دڵتەنگەكەی و خۆشەویستانی و دەم پارتی و پەرلەمانی توركیا دەكەم".
سەرۆك كۆماری توركیا دەشڵێت "دواین جار لە كۆشكی كۆماریی پێشوازیم لە ئۆندەر كرد، بەشێوەیەكی بەرهەمدارانە بیروڕامان لەبارەی ئەو دیدارانەی ئەنجامیاندەدا ئاڵوگۆڕ كرد، لە دڵەوە باوەڕم بەوەیە بە ئامانجی توركیای بێ تیرۆر بگەین كە سری سورەییا ئۆندەر لەمدواییەدا هەوڵی زۆری بۆدا".
ئێوارەی ئەمڕۆ سری سورەییا ئۆندەر، پەرلەمانتاری دەم پارتی و بریكاری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، دوای 18 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە كۆچی دواییكرد.
لەبارەی بە خاكسپاردنەكەیەوە دەم پارتی ئەوەی راگەیاندووە، كە لە گۆڕستانی "زنجیرلی كویوو" لە ئیستانبوڵ بەخاك دەسپێردرێت.
ژیاننامەی سری سورەییا ئۆندەر
دەرهێنەر، سیناریۆنوس، ئەكتەر، میدیاكار و سیاسەتمەدار، سڕی سوڕەییا ئۆندەر لە حەوتـی تەموزی 1962 لە سەمسور (ئادیەمەن) لە باكوری كوردستان لەدایك بووە.
لە خولی 24، 25، 26 و 28ـی پەرلەمان لەسەر لیستی ئەو ئاراستە سیاسییەی ئێستا دەم پارتی نوێنەرایەتی دەكات بە پەرلەمانتار هەڵبژێردراوە.
سڕی سوڕەییا ئۆندەر یەكێك بوو لەو توركە چەپانەی بەوە ناسرابوو بە سەختی داكۆكی لە مافەكانی كورد دەكرد و یەكێك بوو لەو كەسایەتییە دیارانەی هەدەپە كە ڕۆڵێكی گرنگی گێڕا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە و كۆتایی هێنان بە شەڕ لە نێوان توركیا و پەكەكە.
بەهۆی داكۆكیكردن لە مافەكانی كوردەوە دۆسیە لەسەر ئۆندەر كرایەوە و ماوەیەك دەستبەسەر كران، بەڵام لە 16ـی ئایاری 2024 بڕیاری بێتاوانی بۆ دەرچوو.
ناوبراو یەك كتێبی هەیە، بەشداری لە دوو زنجیرە دراما، 15 فیلم و یەك كورتە فیلمدا كردووە و سێ خەڵاتی بە شایستە زاندراوە.
بۆ چارەسەری پرسی كورد لە دوو ساڵدا 100 هەزار كیلۆمەتر ڕێگای بڕیووە بە ئۆتۆمبێل
ئۆندەر بۆ چارەسەركردنی كێشەی دوژمنایەتی نێوان دوو بنەماڵە لە ڕها (ئورفا)، بەهۆی بوونی فۆبیا لە فڕۆكە شەش مانگ لەمەوبەر بە ئۆتۆمبێل 100 كیلۆمەتری بڕی و لە ئەنقەرەوە گەیشتە ڕها.
ئەمەش جارێكی دیكە ئەوەی بیر خەڵك هێنایەوە، كە ئۆندەر بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە قۆناغی پێشووی پرۆسەی ئاشتی (2013-2015) بە ئۆتۆمبێل هاتوچۆی دەكرد لە نێوان ئیمراڵی-ئەنقەرە-قەندیل و زیاتر لە 100 هەزار كیلۆمەتری بە ئۆتۆمبێل بڕی.
سری سورەیا ئۆندەر دوای توشبوونی بە نۆرەی دڵ، دەوروبەری كاتژمێر 22:41ـی شەوی 15ـی نیسانی 2025 لە لایەن تیمەكانی فریاگوزاری خێراوە گەیەندراوەتە یەكەی چاودێری خێرای نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتنگڵ لە ئیستانبوڵ.
دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتنگڵ ئاماژەی بەوەداوە سڕی سورەییا ئۆندەر دۆخی زۆر خراپ بووە و بە زەحمەت تواندراوە هەناسەی پێ بدرێتەوە و لە ماوەی 10 خولەك و دوای ئەنجامدانی ژمارەیەكی زۆر پشكنین دەركەوتووە خوێنبەرەكانی توشی خوێنبەربوون بوون.
كاتژمێر 23:05یش جارێكی دیكە دڵی ئۆندەر بە ناڕێكی لێی داوەتەوە و هەناسە و سوڕی خوێنی وەستاوە و بە گوشاری دەست هەناسەی هێندراوەتەوە بەر و كاتژمێر 23:35 خولەكیش نەشتەرگەری بۆ ئەنجام دراوە، سەرئەنجام ئەمڕۆ دوای 18 ڕۆژ سری سورەیا ئۆندەر گیانی لەدەستدا.
سڕی سورەییا ئۆندەر كە ئەندامی شاندی ئیمراڵی، پەرلەمانتاری دەم پارتی و بریكاری سەرۆكی پەرلەمانی توركیابوو، هاوشێوەی پەروین بوڵدان بەشداری لەو سێ سەردانەی دواییدا كردووە كە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجام دراون و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیاش كۆبووەتەوە.