سبه‌ی
عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) په‌یامێكی به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی سڕی سورەییا ئۆندەر بڵاوكرده‌وه، جه‌ختده‌كاته‌وه له درێژه‌دان به‌و په‌رۆشییه‌ی كه ناوبراو بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی هه‌یبووه.
له په‌یامه‌كه‌یدا كه كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر بڵاوكرایه‌وه، ئۆجەلان ده‌ڵێت، "كۆچی دوایی سڕی سورەییا ئۆندەری ئازیزمان خه‌مێكی قووڵی خسته دڵمانه‌وه. کەسێکی زۆر پایه‌دار بوو، کوڕی راستەقینەی گەل بوو. نەریتی ئەنادۆڵ و تورکمان رۆڵه‌یه‌كی گەورەی لەدەست دا، هەموو پێکهاتەکان و گەلانی جوگرافیاکەشمان هەڤاڵێکی مه‌زنیان لەدەست دا".
رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان زیاتری له‌باره‌ی ئۆنده‌ره‌وه نووسیوه و رایگه‌یاندووه، "رێزێکی بێپایانم بۆ یادی (ئۆنده‌ر) هەیە. لە 27ـی شوبات و لە دوایین کۆبوونەوەماندا، ئه‌و دوا رستەی بۆ په‌یامه‌كه‌مان سه‌رباركرد و به ده‌ستی خۆی نووسیی. کۆششێكی له‌یادنه‌كراو و ئه‌ركێكی سه‌ختی گرتبووه ئه‌ستۆی خۆی له‌پێناو پێکەوەژیانی ئاشتییانەدا. به‌هره‌یه‌كی نایابی هه‌بوو لە گۆڕینی هەموو پرسه نەرێنییەکان بۆ ئەرێنی. ئه‌و شوناسێكی راستەقینەی ئاشتی و کولتووری ئاشتی بوو".
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی، "ئەو باش دەیزانی کە ئاشتی و پرۆسەی ئاشتی سوودیان بۆ هەموومان دەبێت و هه‌ر ئەمەش تاسه‌ی گەورەی ئەو بوو. بۆیه ناكرێت ئەم هیوایە سه‌رنه‌گرێت و به ناته‌واویی بمێنێتەوە".
له كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ده‌ڵێت، "ئەوەی بۆ هەموومان گرنگە، ئه‌وه‌یه ئەم رۆحە بەرەو ئاشتی هه‌ڵبگرین و ناوی سڕی سورەییا ئۆندەر وه‌ك تاج بكه‌ینه سه‌ری پرۆسه‌كه. جارێکی دیكه پەرۆشیی هەمیشەیی خۆم بۆ یادی تۆ دەردەبڕم، پرسە و سەرەخۆشیی گه‌رمی خۆم ئاراستەی خانەوادە به‌ڕێزه‌كه‌ی و دۆستان و ئازیزان و هەموو رۆڵه‌كانی گەلەکەمان دەکەم. سەرەخۆشیی له هەموو لایەکمان ده‌كه‌م".
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 3ـی ئایاری 2025 و دوای مانه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی 18 رۆژ له نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتنگڵ لە ئیستانبوڵ و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی و چاكبوونه‌وه‌ی له جه‌ڵته‌ی دڵ، سڕی سوره‌ییا ئۆنده‌ر په‌رله‌مانتاری ده‌م پارتی و بریكاری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی توركیا كه ئه‌ندامی شاندی ئیمراڵییش بوو، كۆچی دواییكرد.
سڕی سورەییا ئۆندەر لە حەوتی تەمموزی 1962 لە سەمسور (ئادیەمەن) لە باكوری كوردستان لەدایكبووە. دەرهێنەر، سیناریۆنووس، ئەكتەر، میدیاكار و سیاسەتمەدار بوو. لە خوله‌كانی 24، 25، 26 و 28ـی پەرلەمان لەسەر لیستی ئەو ئاراستە سیاسییەی ئێستا دەم پارتی نوێنەرایەتیی دەكات بە پەرلەمانتار هەڵبژێردراوە.
ئۆندەر یەكێك بوو لەو توركە چەپانەی بەوە ناسراو بوو بە سەختیی داكۆكیی لە مافەكانی كورد دەكرد و یەكێك بوو لەو كەسایەتییە دیارانەی هەدەپە كە رۆڵێكی گرنگیان هه‌بوو و به‌رده‌وام له هه‌وڵدا بوون بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە رێگه‌چارەی ئاشتییانە و كۆتاییهێنان بە شەڕ لە نێوان توركیا و پەكەكەدا.