لە عێراق هەزاران بینای حكومی دەکرێنە دۆستی ژینگە

#عێراق#وزەی خۆر
12 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 11 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • نەسیر كەریم، سەرۆكی تیمی نیشتمانی بۆ پرۆژەكانی وزەی نوێبوەوە و كارایی وزە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند:"تائێستا چوار تەندەر پێشكەش كراون، كە 130 قوتابخانەش لەخۆدەگرێت لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق و گرێبەستیان بۆ دەكرێت".
Primary Asset

پانێڵی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر

سبەی

سەرۆك تیمی نیشتمانی بۆ پرۆژەكانی وزەی نوێبوەوە ئاشكرایكرد، نزیكەی شەش هەزار بینای حكومی، وەك قۆناغی یەكەم دەبنە دۆستی ژینگە، بەوەی بۆ بەدەستهێنانی كارەبا پشت بە وزەی خۆر دەبەستن، ئاماژەی بەوەشكرد، یەكەم وێستگەی وزەی خۆر لە كۆشكی حكومی دانراوە كە بەكاربردنی كارەبا بە رێژەی 70% كەم دەكاتەوە.

نەسیر كەریم، سەرۆكی تیمی نیشتمانی بۆ پرۆژەكانی وزەی نوێبوەوە و كارایی وزە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند:"تائێستا چوار تەندەر پێشكەش كراون، كە 130 قوتابخانەش لەخۆدەگرێت لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق و گرێبەستیان بۆ دەكرێت".

ئەو بەرپرسە عێراقییە وتیشی "بەپێی گرێبەستەكان نزیكەی 200 بینای حكومی كە ناوەندی تەندروستی و قوتابخانەش دەگرێتەوە و بەرنامەش هەیە بگاتە 540 بینای حكومی، لە قۆناغی یەكەمدا ئەو پرۆژەیە دەیانگرێتەوە، لە سەرجەم وەزارەتەكانیش لیژنە پێكدەهێنرێت و زانیاریی شەش هەزار بینا كۆكراوەتەوە، كە بكرێنە دۆستی ژینگە و كارەبا و وزەیان لەڕێگەی وزەی خۆرەوە بۆ دابین بكرێت".

"یەكەم بینا كە ئەو پرۆژەیەی لەسەر جێبەجێ دەكرێت، رەنگە 20 رۆژی دیكە ئەنجامەكەی ببینین، بینای كۆشكی حكومییە، كە یەكەم وێستگەی وزەی خۆری تێدا دانراوە، كە روبەرەكەی هەشت دۆنمە و دراوسێی كۆشكەكەیە، بەشێوەیەك دوو مێگاوات وزەی خۆر بۆ بیناكانی كۆشكی حكومی دابین دەكات، بەوەش بەكارهێنانی وزەی كۆشكەكە بە رێژەی 70% كەم دەكاتەوە، لە قۆناغی دووەمیشدا مێگاواتێكی دیكەی بۆ زیاد دەكرێت، بەوەش 90% بەكارهێنانی كارەبا كەمدەكاتەوە". نەسیر كەریم، سەرۆكی تیمی نیشتمانی بۆ پرۆژەكانی وزەی نوێبوەوە و كارایی وزە وای وت.

سەبارەت بە فراوانكردنی وزەی خۆر لە عێراق، سەرۆكی تیمی نیشتمانی بۆ پرۆژەكانی وزەی نوێبوەوە و كارایی وزە وتیشی "دوای گەیاندنی وزەی خۆر بە بینا حكومییەكان، دەستپێشخەرییەكە دەگەیەندرێتە ناوەندەكانی دیكەش، لەوانەش پرۆژەكانی نیشتەجێبوون".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی