سبه‌ی
كۆمه‌ڵه‌ی ئۆپیك+ بڕیاری دا به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت زیادبكات و له مانگی داهاتووه‌وه رۆژانه 411 هه‌زار به‌رمیلی زیاتر نه‌وت به‌رهه‌مبهێنێت. پسپۆڕێكی ئابوریی هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێت، "ئه‌وه ده‌بێته‌هۆی زیاتر دابه‌زینی نرخی نه‌وت".
له‌گه‌ڵ دابه‌زینی نرخی نه‌وتی خاو‌دا به جۆرێك كه نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی برێنت بۆ 62 دۆلار دابه‌زیوه و به‌وه‌ش له ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا ئه‌و جۆره‌ی نه‌وت 7%ـی نرخه‌كه‌ی له‌ده‌ست داوه، عێراق و سعودیه و هاوپه‌یمانه‌كانیان له كۆمه‌ڵه‌ی ئۆپیك+ ئه‌مڕۆ شه‌ممه كۆبوونه‌وه و بڕیاریان دا نه‌وتی زیاتر به‌رهه‌مبهێنن.
به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی ئۆپیك+ مانگی حوزه‌یرانی داهاتوو وڵاتانی ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌كه رۆژانه 411 هه‌زار به‌رمیلی زیاتر نه‌وت به‌رهه‌مده‌هێنن، به‌وه‌ش عێراق به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له خوار چوار ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه‌وه بۆ 4.086 ملیۆن به‌رمیل زیادده‌كات.
نه‌بیل مه‌رسومی پسپۆڕی ئابوری ده‌ڵێت، "ئه‌م بڕیاره بارگرانیی زیاتر بۆ بازاڕی نه‌وت و ئه‌و نه‌وته كه‌ڵه‌كه‌بووه دروستده‌كات كه زیاتره له‌و نه‌وته‌ی خواستی له‌سه‌ره، به‌مه‌ش نرخی نه‌وت داده‌به‌زێت".
ئه‌و پسپۆڕه‌ی بواری ئابوری له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك نووسیویه‌تی، "ئه‌مه وه‌كو سه‌ره‌تای جه‌نگی نرخه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت كه ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی پشكی زیاتره له بازاڕدا و زیان به‌و به‌رهه‌مهێنه‌رانه‌ی نه‌وت له ئۆپیك+ ده‌گه‌یه‌نێت، كه پابه‌ند نابن به‌و بڕه نه‌وته‌ی بۆیان دیاریكراوه به‌رهه‌میبهێنن، هه‌روه‌ها زیان ده‌گه‌یه‌نێت به به‌رهه‌مهێنه‌رانی نه‌وتی به‌رده‌ڵان كه تێچووی به‌رهه‌مهێنانی زۆره".