لۆگۆی کەجەکە و وێنەی سری سورەییا ئۆندەر
سبەی
كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە" لەبارەی گیانلەدەستدانی سری سورەییا ئۆندەر یەكێك لە ئەندامانی شاندی دەم پارتی ئیمراڵی و بریكاری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا پەیامێكی بڵاوكردەوە، لە پەیامەكەدا كەجەكە دەڵێت " چاوەڕوانی ئەوەمان دەكرد كە سری سورەیا ئۆندەر بەسەركەوتوویی ئەم دۆخە تێپەڕێنێت، بەداخەوە وا پێش نەهات". ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر كەجەكە گومانی خۆی لەبارەی مردنەكەیەوە پیشاندابوو.
15 ی نیسانی ئەمساڵ، سری سورەییا ئۆندەر ئەندامی شاندی دەم پارتی ئیمراڵی و بریكاری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، دوای تووشبوونی بە نۆرەی دڵ، ڕەوانەی نەخۆشخانەیەكی ئیستانبوڵ كرا، سەرئەنجام دوای 18 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە ڕۆژی سێی ئایاری 2025 گیانی لەدەستدا.
" بەهێزكردنی تێكۆشانی دیموكراسی و ئاشتی ڕاسترین ڕێگایە بۆ خاوەنداریكردن لە یادی "
هاوسەرۆكایەتیی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان- كەجەكە، بەبۆنەی كۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەرەوە پەیامێكی سەرەخۆشی بڵاوكردووەتەوە و نوسیویەتی:"لەسەر بنەمای ڕێزگرتنمان بۆ بەڕێزی و بەرز ڕاگرتنی ئامانجەكانی، درێژە بە هەوڵەكانی دەدەین، داوا لە هەموو لایەك دەكەین لەو شوێنەی كە وازی لێهێنابوو، بە وەفاداری بە یادی بە نرخی سری سورەییا ئۆندەر تێكۆشانی دیمووكراسی و ئاشتی لە ئەستۆ بگرن و هەوڵ و تێكۆشانی زیاتر بدەن بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم تێكۆشانە".
لە پەیامەكەی كەجەكەدا هاتووە:"بەداخێكی زۆرەوە بیستمان كە بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر، پاش ئەوەی ماوەی 18ڕۆژ لە ژێر چاودێری چڕی نەخۆشخانەدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە چارەسەری بۆ دەكرا، گیانی لەدەستداوە، هەرچەندە پزیشكەكان بارودۆخیان زۆر ئاڵۆز و ناجێگیر ڕاگەیاند، بەڵام وەك هەموو كەسێك، ئێمەش لەو باوەڕەدا بووین و چاوەڕوانی ئەوەمان دەكرد كە سری سورەیا ئۆندەری هێژا بەسەركەوتووی ئەم دۆخە تێپەڕێنێت، بەداخەوە، وا پێش نەهات".
"ڕۆلەی بەنرخی گەلەكەمان كە توركیا چاوەڕوانییەكی زۆری لێ هەبوو و بە هەوڵەكانی بەشدارییەكی گرنگی لە تێكۆشانی ئازادیی و دیموكراسی و ئاشتیدا كردبوو، بەداخەوە كۆچی دوایی كرد، ڕایدەگەیەنین كە لەدەستدانی تێكۆشەرێكی وەها بەنرخ ئێمەی بەڕاستی خەمگین كرد، بەو بۆنەوە سەرەتا پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی هێژای، دۆستانی، هاوكارانی و كۆمەڵگەی هونەری، سینەما و دەم پارتی و گەلەكەمان دەكەین و بەڕێزدارییەوە یادی بەرزی دەكەینەوە". كەجەكە وا دەڵێت.
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەی كەجەكەدا هاتووە:"سری سورەیا ئۆندەر لە كاتی كاركردن بۆ ئاشتی و دیموكراسی كە كارێكی زۆر گرنگە، نەخۆش كەوت و بەداخەوە ژیانی لەدەستدا، بۆیە ئەو شەهیدی ئاشتی و دیموكراسییە، لە هەمان كاتدا كەسیكی گەروەی تێكۆشانە، سۆسیالیست، شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێزە، ژیانی خۆی بە تێكۆشان بۆ سۆسیالیزم و دیموكراسی و ئازادیی بەسەر برد، بۆ ئەمەش باجێكی زۆر قورسی دا، گرنگترین تایبەتمەندی ئەو بوو؛ كە لەلایەك پێشەنگێكی گرنگی تێكۆشانی سۆسیالیزم و تەڤفەری سۆسیالیستی توركیا بوو، لە لایەكی دیكەشەوە بە پشتیوانیی كردنی بۆ گەلی كورد كەسێكی گرنگی ئەم تێكۆشانە بوو، لە ژیانی خۆیدا تێكۆشانی بۆ دوو گەل كرد، لە ڕێگەی كەسایەتی و كارە هونەریەكانییەوە بەشدارییەكی گەورەی لە گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیدا كردووە، هەروەها بە ڕێگەی هونەرەكەیەوە بوێرانە، كاریگەرانە و بەجوانی ڕاستی كۆمەڵایەتی نیشان دەدا و ئەو دۆخەی هەبوو دەیخستە ژێر پرسیار و سەرەنجی قووڵترەوە".
كەجەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو:"سری سورەیا ئۆندەر كە بە وتن تایبەتمەندییە باشەكانی تەواو نابێت، بە ژیان، هونەر و تێكۆشانی سۆسیالیزمی و دیموكراسی خۆی بە ڕیگایەكی جوان تەمسیلی نوێنەرایەتی هێڵی ماهیر، دەنیز، ئیبراهیم و یڵماز گونەی كرد و بوو بە یەكێك لەو كەسایەتییە گرنگانەی كە ئەم هێڵەیان گەیاندە ئەم سەردەمە، ئێمە بە حورمەتەوە بەبیری دەهێنینەوە و جارێكی دیكە سەری خۆمان لەبەردەم یادەوەرییە بەنرخەكەی دادەنوێنین، لە مانگی ئایار كە مانگی شەهیدان شەهید بوو، بەم بۆنەیەوە بە ڕێز و منەتدارییەوە هەموو شەهیدانی مانگی گوڵان و شەهیدانی دیموكراسی و شۆڕش بەبیر دەهێنینەوە".
لە كۆتایی پەیامەكەی كەجەكە ئەوەش هاتووە:"سری سورەیا ئۆندەری هێژا لە دۆزی ئاشتیدا كارێكی زۆر گرنگی دەكرد و پێشەنگایەتی دەكرد، چاوەڕوانییەكی زۆریشی هەبوو، بەڵام ئەو كارانەی تا ئێستا كردبووی زۆر گەورە بوون و لەگەڵ هاوكارەكانی دیكەیدا كاری ئاشتییان گەیاندبووە ئاستێكی گرنگ، هەرچەندە كۆچی دوایی بۆ ئێمە ئازارێكی گەورەیە ڕاسترین ڕیگا بۆ خاوەنداریكردن لە یادی ئەو بەرەوپێشبردن و سەرخستنی تێكۆشانی دتموكراتی و ئاشتییە، لەسەر بنەمای ڕێزگرتنمان بۆ بەڕێزی و بەرزڕاگرتنی ئامانجەكانی، درێژە بە هەوڵەكانی دەدەین، داوا لە هەموو لایەك دەكەین لەو شوێنەی كە وازی لێهێنابوو، بە وەفاداری بە یادی بەنرخی سری سورەیا ئۆندەر تێكۆشانی دیموكراسی و ئاشتی لە ئەستۆ بگرن و هەوڵ وتێكۆشانی زیاتر بدەن بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم تێكۆشانە".
پێشتر كەجەكە گومانی هەبوو
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی نەخۆشكەوتنی سری سورەییا ئۆندەر، كەجەكە پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند:"ئەمە هەواڵێكی ئێجگار ناخۆشە لەبارەی كەسایەتییەكەوە كە ژیانی خۆی تەرخان كردووە بۆ خەبات لەپێناو سۆسیالیزم و دیموكراسی. هیوادارین چی زووە ئۆندەر بە تەندروستی خۆی شاد ببێتەوە، لەو شوێنەوە دەست بكاتەوە بەكارەكانی كە بە هۆی نەخۆشكەوتنیەوە ڕاگیراون".
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە درابوو " تێكچوونی دۆخی تەندروستیی سڕی سورەییا ئۆندەر لە كاتێكدا قۆناغێكی نوێ دەستی پێ كردووە بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە لە توركیا و هەنگاوی باشی بڕیوە و ئۆندەر ڕۆڵێكی ئێجگار گرنگی هەبووە لەمەدا، جێی سەرنجە".
كەجەكە وتەی ئەو پزیشكانەی بیر هێنابوەوە كە دوای توشبوونی بە نۆرەی دڵ لە 15ـی نیسان، نەشتەرگەرییەكی گەورەیان بۆ سڕی سورەییا ئۆندەر كردووە كە نزیكەی 12 كاتژمێری خایاندووە و ئاماژەیان بەوە داوە بە دەگمەن حاڵەتی لەمجۆرەیان بینیوە، هەروەها نوسیویەتی: "كاتێك سەیری كاریگەرییەكانی ئۆندەر دەكرێت لە پرۆسەی سیاسی، پێویستە بە گومانەوە لەو دۆخە بڕوانین كە توشی بووە. چونكە ئەو هێزە ناوخۆیی و دەرەكییانەی دژی پرۆسەی چارەسەرین، دەزانن ئۆندەر ڕۆڵێكی چەند كاریگەری گێڕاوە. هەر بۆیەیش ڕێبەر ئاپۆ لە كۆبوونەوەكاندا سەرنجی خستووەتە سەر ئەو خاڵە و بە پێویستی زانیووە هەموو لایەك زۆر وریا بێت بۆ لەبارنەچوونی پرۆسەكە".
بۆچی كەجەكە گومانی هەیە؟
نیگەرانییەكانی كەجەكە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، لە قۆناغی پێشووی پرۆسەی ئاشتی (2013-2015) لە ڕێكەوتی 7ـی كانونی دووەمی 2013 هەریەك لە ساكینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لە ماڵەكەی خۆیاندا كوژران.
ساكینە جانسز یەكێك بوو لە دامەزرێنەران و سەركردە باڵاكانی پەكەكە.
هەروەها وەك ئامادەكارییەك بۆ قۆناغی یەكەمی دانوستانەكانی نێوان پەكەكە و حكومەتی توركیا بە سەرۆكایەتی تورگورت ئۆزاڵ، پەكەكە لە 20ـی ئاداری 1993 ئاگربەستی ڕاگەیاند.
كەچی دوای تێپەڕینی مانگێك و چەند ڕۆژێك، خەلیل تورگوت ئۆزاڵ لە 17ـی نیسانی 1993 سەركۆماری ئەو كاتەی توركیا بە شێوەیەكی گوماناوی مرد.
لە دوای مردنی ئۆزاڵ'ەوە بە تەواوی هەوڵەكان بۆ سەرخستنی پرۆسەكە شكستی هێنا و جارێكی دیكە سیاسەتی نكۆڵیكردن و پاكتاوكردنی كورد و شەڕ و پێكدانان دەستی پێ كردەوە.