سبەى
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق وادەى تۆمارکردنى پارت و هاوپەیمانێتییەکانى بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى کۆتایی ئەمساڵى پەرلەمان درێژکردەوە.
کۆمسیۆن لە راگەیەنراوێکدا کە دەست سبەى کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، وادەى تۆمارکردنى پارت و هاوپەیمانێتییەکان تا 14 ى ئەم مانگە درێژکراوەتەوە.
تائێستا 64 هاوپەیمانێتی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارکراوە، کە سەرجەمیان هاوپەیمانێتیەکانی پێشوون و کۆمسیۆن چاوەڕێیە داواکاریی بۆ دووبارە بەشداری کردن بە هەمان ناو و قەوارەوە پێشکەش بکەن.
بەوتەى کۆمسیۆن، گۆڕانکاریی لە بەشێک لە هاوپەیمانێتییەکان رویداوە، لە روی بەشداریی کردنی حیزب و لایەنی نوێ، یان کشانەوەی حیزبەکان لەو هاوپەیمانێتییە، بۆ ئەوەش پێویستە داواکاریی پێشکەشی فەرمانگەی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ تۆمارکردنی ئەو گۆڕانکارییانە.
بەپێی دوایین ئاماری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، 314 پارت و قەوارەی سیاسی رێگەی بەشداریی کردنی هەڵبژاردنیان پێدراوە و 70 پارت و حیزبی نوێیش داوای تۆمارکردنیان کردووە.
بەوتەی عیماد جەمیل، ماوەی یەک مانگی دیکە دەرفەت دراوەتە دەنگدەران بۆ نوێکردنەوە و تۆمارکردن و دەرهێنانی کارتی بایۆمەتری دەنگدان، ئەو ماوەیەش دەرفەتێکی زۆرە و پێویستە دەنگدەران سەردانی ناوەندەکانی تۆماری بایۆمەتری بکەن و مافی خۆیان بۆ بەشداریی کردن لە هەڵبژاردنەکاندا مسۆگەر بکەن.
زیادبوونی نائاسایی ژمارەی حیزبەکان
لە هەڵبژاردنی ساڵی 10ـی تشرینی یەکەمی 2021، کۆی گشتی 122 حیزب و پارتی سیاسی تۆمارکراو هەبوون بۆ بەشداریی کردن لە هەڵبژاردنەکاندا، دوای سێ ساڵ و بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە 18ـی کانونی یەکەمی 2023 بەڕێوەچوو، لە عێراق 296 حیزب و پارتی سیاسی تۆمارکرابوون کە مافی بەشداریی هەڵبژاردنیان هەبوو، لەو ژمارەیەش 98 حیزب بە لیستی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد و 50 هاوپەیمانێتی لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق پێکهێنران.
70 پارتی سیاسی نوێ تۆمار دەکرێن
بەپێی دوایین ئاماری فەرمانگەی پارت و لایەنە سیاسییەکان، کۆی گشتی 314 حیزب تۆمارکراون، 70 پارت لە سەروبەندی دامەزراندن و بەستنی کۆنگرە و ئامادەکارییدان بۆ تۆمارکردنیان بۆ بەشداریی کردن لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە کۆتایی 2025 بەڕێوەبچێت.
هەروەک 33 هاوپەیمانیی لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە لەنێوان حیزبەکان تۆمارکراون، 16 هاوپەیمانیی داوای تۆمارکردنیان کردووە، 11 هاوپەیمانیی هەڵبژاردنی پێشووش دووبارە داوای تۆمارکردنەوەیان کردوەتەوە.
بەپێی ئامارەکانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان 29 ملیۆن و 118 هەزار کەس مافى دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنى داهاتوو، بەڵام نزیکەى 20 ملیۆنیان خۆیان لە سیستمى بایۆمەترى دەنگدان تۆمارکردووە .
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی (9ـی نیسانی 2025) لە کۆبونەوەیەکدا رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025) وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکرا، بڕیارەکەش پێشوازیی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتەوە و پاڵپشتی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەربڕی بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان بەبێ هیچ هەموارکردنەوە و دەستکاریی و گۆڕینی بڕگەکانی.