نرخ و تایبەتمەندییەکان؛ عێراق دەچێتە ناو کێبڕکێی بەرهەمهێنانى ئۆتۆمبێلى کارەباییەوە

#عێراق#ئۆتۆمبێل
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • ئۆتۆمبێلەکان خێراییەکەیان دەگاتە 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و کە بە بزوێنەى کارەبایی کاردەکات و تواناى هەڵگرتنى چوار سەرنشینى هەیە، لەگەڵ بوونى سیستمى ساردکەرەوە کە بۆ کەشوهەواى عێراق دروستکراوە و دابینکردنى وێستگەى بارگاویکەرەرەوە.
Primary Asset

سبەى

چاوەڕوان دەکرێت کۆمپانیای گشتی پیشەسازیی سەربازیی لە عێراق لەم مانگەدا هێڵی بەرهەمهێنانی نوێی تایبەت بە دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بخاتەگەڕ، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ چوونە ناو کێبڕکێی بازاڕی ئۆتۆمبێلی مۆدێرن و کارەبایی و فراوانکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی.

ئەندازیار عەلی موحسین بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە بە ڕۆژنامەی سەباحى نیمچەفەرمى راگەیاند، کۆمپانیاکە دەستیکردووە بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بە مۆدێلی نوێ، بەڵام تا ئێستا لە بازاڕدا نەخراوەتەڕوو، بەهۆی بوونی پلانێک بۆ پەرەپێدانی دیزاینەکانیان و سەرنجڕاکێشترکردنی بە هاوکاری لەگەڵ ئەو کۆمپانیای بیانیانەى کە پاڵپشتیان دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێڵى نوێی بەرهەمهێنان، کە بەم نزیکانە دەخرێتەگەڕ، توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە دوو هەزار ئۆتۆمبێلى هەیە لە مانگێکدا بە چەندین مۆدێلى جیاواز و نرخەکانی لە نێوان 5.5 بۆ 7 ملیۆن دیناردا دەبێت، ئەمەش دەرفەتی بە بازاڕکردنیان لە ناوخۆدا بەرز دەکاتەوە و خزمەت بە بەکارهێنانى وزەی پاک دەکات.

کۆتایی ساڵى رابردوو، دەستەى پیشەسازیی سەربازیی لە عێراق هەنگاوێکی مێژوویی راگەیاند لەگەڵ دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی یەکەم ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی و گواستنەوە بۆ سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە. 

قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە بریتییە لە بەرهەمهێنانی نزیکەی ٢٠٠٠ ئۆتۆمبێل لە مانگێکدا کە گرەنتى دوو ساڵى هەیە و ژمارەکەشى بە بێبەرانبەر دەدرێتە هاوڵاتییان بەبێ بوونى باج و گومرگ، کە ساڵانە بە گشتی ٢٤ هەزار ئۆتۆمبێل بەرهەمدەهێنرێت. قۆناغەکانی داهاتووی پڕۆژەکە بریتی دەبێت لە بەناوخۆییکردنى تەواوی پیشەسازی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، لەگەڵ خستنەڕووى 12 مۆدێلی نوێ.

ئۆتۆمبێلەکان خێراییەکەیان دەگاتە 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و کە بە بزوێنەى کارەبایی کاردەکەن و تواناى هەڵگرتنى چوار سەرنشینیان هەیە، لەگەڵ بوونى سیستمى ساردکەرەوە کە بۆ کەشوهەواى عێراق دروستکراوە و دابینکردنى وێستگەى بارگاویکەرەرەوە.

بیرۆکەى دروستکردنى ئۆتۆمبێلى کارەبایی لە عێراق دواى بڵاوبوونەوەى بەرچاوى توک توک هات بەهۆى کەمى نرخەکەیەوە کە بەوتەى دەسەڵاتداران سیمایەکى ناشارستانى دروستکردووە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی