ئەو کۆمپانیا بەریتانییەى گرێبەستى پەرەپێدانى نەوتى کەرکوکى وەرگرت دەفرۆشرێت

#کۆمپانیای شێڵ#کۆمپانیاى بی پی#کەرکوک
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • لە مانگی ئاداری ڕابردوودا عێراق گرێبەستێکی 25 ملیار دۆلاری لەگەڵ کۆمپانیای بی پی واژۆکرد بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک. ئەگەر گرێبەستى فرۆشتنى کۆمپانیاکە سەربگرێت، نازانرێت چارەنووسی گرێبەستەکەى کەرکوک چی دەبێت، یان دەگوازرێتەوە بۆ کۆمپانیای شێڵ.
Primary Asset

سبەى

کۆمپانیای شێڵى بەریتانى بیر لە کڕینی کۆمپانیاى بی پی رکابەری دەکاتەوە  بەپێی گرێبەستێک کە دەیان ساڵە لە ژێر گفتوگۆدایە، ئەمەش تەنها دوو مانگ دوای واژۆکردنى گرێبەستێک لەگەڵ عێراق  بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک.

بەپێی پێگەى بلومبێرگ، کۆمپانیای شێڵ لەگەڵ راوێژکاران کاردەکات بۆ هەڵسەنگاندنی ئەگەری کڕینی کۆمپانیای بی پی، هەرچەندە چاوەڕوانى دابەزینی زیاتری نرخی پشک و نەوت دەکات پێش ئەوەی بڕیار بدات کە ئایا بەردەوام بێت لەو بارەیەوە یاخود نا.

هێشتا کۆمپانیاکە بڕیاری کۆتایی نەداوە و پێدەچێت پەیوەست بێت بەوەی کە ئایا نرخی پشکەکانی کۆمپانیای بی پی بەردەوام دەبێت لە دابەزین یان نا، بەو پێیەى لە ماوەی دوانزە مانگی ڕابردوودا نزیکەی یەک لەسەر سێی بەهاکەی لەدەستداوە لە ئەنجامی شکستی پلانی گۆڕانکاری کۆمپانیاکە لە ڕازینەکردنی وەبەرهێنەران و دابەزینی نرخی نەوت.

هەروەها نرخی پشکەکانی کۆمپانیای شێڵ لە ماوەی 12 مانگی ڕابردوودا لە بۆرسەی لەندەن نزیکەی 13% دابەزیوە، بەمەش سەرمایەی بازاڕی کۆمپانیاکە گەیشتە 149 ملیار پاوەند کە دەکاتە 197 ملیار دۆلار، کە زیاتر لە دوو هێندە سەرمایەی کۆمپانیای بی پی یە کە 56 ملیار پاوەندە کە دەکاتە 74 ملیار دۆلار.

یەکگرتنى کۆمپانیای شێڵ و بی پی یەکێک دەبێت لە گەورەترین مامەڵەکانى کەرتی نەوت کە دوو کۆمپانیای پێشەنگی بەریتانی کۆدەکاتەوە لە گرێبەستێکدا کە دەیان ساڵە بە شێوەیەکی پچڕپچڕ باسی لێوە دەکرێت. پێشتر ئەم دوو کۆمپانیایە رکابەری توندى یەکترى بوون.

رێککەوتنى عێراق و بی پی

لە مانگی ئاداری ڕابردوودا عێراق گرێبەستێکی 25 ملیار دۆلاری لەگەڵ کۆمپانیای بی پی واژۆکرد بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک. ئەگەر گرێبەستى فرۆشتنى کۆمپانیاکە سەربگرێت، نازانرێت چارەنووسی گرێبەستەکەى کەرکوک چی دەبێت، یان دەگوازرێتەوە بۆ کۆمپانیای شێڵ.

قۆناغی یەکەمی رێککەوتنەکە بۆ بەرهەمهێنانی بڕی سێ ملیار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی بابە گوڕگوڕ و هاڤانە، بای حەسەن، جەمبور و خەباز کە لە ئێستادا سەرجەمیان لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە بەڕێوە دەبرێن.

بەپێی خەمڵاندنەکان لە داهاتوودا رەنگە هەر بەپێی گرێبەستەکە بەرهەمی کۆمپانیا بەریتانییەکە بگەیەنرێتە 20 ملیار بەرمیل نەوت. 

کارەکانی کۆمپانیا بەریتانییەکە بریتیی دەبن لە نۆژەنکردنەوەی بیر و کێڵگەکان، هەروەها دروستکردنی ژێرخانی نوێ لەوانە پرۆژەکانی فراوانکردنی غاز.

بەپێی وتەی نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، رێککەوتنەکە پرۆژەکەی دروستکردنی وێستگەیەکەی کارەباش لە خۆ دەگرێت کە توانای بەرهەمهێنانی 400 مێگاوات کارەبا لەخۆدەگرێت.

سەبارەت بە قازانجی بی پی، کۆمپانیاکە بەپێی بڕی بەرهەمهێنان پارە وەردەگرێت، کە نرخ و تێچووی نەوتی لەسەرە، هەروەها پشکی دەبێت لە بەرهەمی نەوت بەپشتبەستن بە ئەوەی کە چەند بەباشی کارەکانی ئەنجامداوە.

سەرچاوەیەک لە کۆمپانیاى نەوتى باکوور پێشتر بە بە سبەى راگەیاندبوو، رێککەوتنەکە واژۆکراوە و تەنها ئەوەندە ماوە تیمەکانى بی پی بچنە کەرکوک، بڕیارە ئەم نزیکانە تیمەکان دەستبەکاربن.

بەپێی رێککەوتنەکە، بەرهەمى رۆژانەى کێڵگە نەوتییەکانى کەرکوک کە ئێستا زیاترە لە 360 هەزار بەرمیل نەوت بۆ 500 هەزار بەرمیلى رۆژانە بەرزدەکرێتەوە.

سەرچاوەکەى کۆمپانیاى نەوتى باکوور باسى لەوەکرد، بەرهەمى کەرکوک لە ئێستادا تەنها بۆ پڕکردنەوەى پێداویستى ناوخۆیی بەکاردەهێنرێت و هێشتاش بەتەواوى بەشى پێداویستى ناوخۆ ناکات، بۆیە پێناچێت نەوتى کەرکوک بەم نزیکانە هەناردەى بازاڕەکانى جیهان بکرێتەوە.

کۆمپانیاى بی پی بەریتانى کە لە بیستەکانى سەدەى رابردووەوە لە کەرتى نەوتى عێراق کاردەکات، پێشتر پێشبینى کردبوو لەسەرەتاى ساڵى 2025 گفتوگۆکان لەو بارەیەوە بگەنە ئەنجام.

هەرێم ناڕازییە

رێککەوتنى عێراق و کۆمپانیاى بی پی بەریتانى لەبارەى کێڵگە نەوتییەکانى کەرکوکەوە، نیگەرانى حکومەتى هەرێمى کوردستانى لێکەوتووەتەوە و جەختدەکاتەوە حکومەتی عێراق ئامادەکاریی دەکات بە شێوەیەکی "تاکلایانە"، نەوت و گازی ئەم ناوچانە ببات.

حکومەتى هەرێمى کوردستان رۆژى (13ـى کانونى دووەمى 2025) لە بەیاننامەیەکدا عێراقى تۆمەتبارکرد بەوەى ئامادەکاریی دەکات بە شێوەیەکی "تاکلایانە"، نەوت و گازی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ببات و گرێبەستی تایبەت بە گەشەپێدانى کێڵگەکانى کەرکوکى بە پێشێلکردنى دەستور دانا.

ناکۆکییەکانى هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان لەسەر نەوتى کەرکوک بەدرێژایی دواى ساڵانى روخانى رژێمى سەدام حوسەین لەساڵى 2003 بەردەوام بوون، ساڵى 2014 و دواى هێرشى داعش، هەرێمى كوردستان هەریەکە لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانى خستە ژێر کۆنتڕۆڵى خۆیەوە تا ساڵى 2017، کاتێک دواى پڕۆسەى ریفراندۆم بەغداد بەهێز ناوچە جێناکۆکەکانى کۆنتڕۆڵکردەوە.

بەدرێژایی ساڵانى 2014 بۆ 2017 کێڵگە نەوتییەکانى کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە بەڕێوەدەبران، بەڵام لەدواى 2017 کەوتنەوە دەست بەغداد.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی