سودانى بۆ پێدانى شایستەى فەرمانبەران فەرمانێکى ئاڕاستەى تەیف سامى کرد

#سودانى#تەیف سامى#فەرمانبەران
6 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • فەرمانەکەى سودانى بۆ وەزارەتى دارایی لە وەڵامى نوسراوى نیهال مورشید ئەندامى پەرلەماندا هات، کە بۆ پێدانى شایستەکانى پلەبەرزکردنەوە و دەرماڵەى بڕوانامە و شایستەکانى دیکەى فەرمانبەران ئاڕاستەى سودانى کردبوو، بۆ ئەوەى بەبێ چاوەڕوانیکردنى پەسەندکردنى بودجە بۆ فەرمانبەران خەرج بکرێت.
Primary Asset

سبەى

محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق فەرمانى بە وەزارەتى دارایی کرد رێوشوێنى پێویست بگرێتەبەر بۆ دابینکردنى شایستەى فەرمانبەران، بەبێ چاوەڕوانیکردنى پەسەندکردنى بودجەى 2025 کە هێشتا حکومەت رەوانەى پەرلەمانى نەکردووە.

فەرمانەکەى سودانى بۆ وەزارەتى دارایی لە وەڵامى نوسراوى نیهال مورشید ئەندامى پەرلەماندا هات، کە بۆ پێدانى شایستەکانى پلەبەرزکردنەوە و دەرماڵەى بڕوانامە و شایستەکانى دیکەى فەرمانبەران ئاڕاستەى سودانى کردبوو، بۆ ئەوەى بەبێ چاوەڕوانیکردنى پەسەندکردنى بودجە بۆ فەرمانبەران خەرج بکرێت.

 تا ئێستا حکومەتى عێراق خشتەى بودجەى ئەمساڵى رەوانەى پەرلەمان نەکردووە بەمەبەستى پەسەندکردنى، سەرەڕاى چەندین داواکارى پەرلەمانتاران لە حکومەت لەو بارەیەوە.

موعین کازمى ئەندامى لیژنەى دارایی لەچەند رۆژى رابردوودا ئاماژەى بەوەکردبوو، پێدەچێت حکومەت پێداچوونەوە بە داهاتدا بکات، دواى دابەزینى نرخى نەوت، کە کاریگەرى لەسەر داهات دروستدەکات.

هەروەها حکومەتى تۆمەتبارکردبوو بەوەى جددى نییە لە ناردنى خشتەى بودجە بۆ پەرلەمان و ئەو بڕە داهاتەى لەبەردەستیدایە بۆ پارێزگا و وەزارەتەکان خەرجى دەکات.

عێراق بۆ دابینکردنى بودجەکەى بەڕێژەى زیاتر 90% پشت بە هەناردەى نەوت دەبەستێت و لە بودجەى سێ ساڵەدا نرخى هەر بەرمیلێک نەوتى بە 70 دۆلار دیاریکردووە، ئەوەش زیاترە لەنرخى ئێستاى نەوت، بەو هۆیەشەوە دابەزینى نرخى نەوت رووبەڕووى کەمى داهاتى کردووەتەوە.

کاریگەرى دابەزینى نرخى نەوت لەسەر عێراق بەخێرایی دەرکەوتووە، فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوە کە بەسەردانێک لە ئەمەریکایە رۆژى چوارشەممە بە رۆژنامەنووسانى راگەیاند کە عێراق رووبەڕووى کێشەى دارایی بووەتەوە، بەهۆى دابەزینى نرخى نەوتەوە.

وەک چارەسەرێکى خێرا، حكومەتی عێراق وەزیری دارایی سەرپشك کردووە بۆ بەکارهێنانى "پارەی بارمتەی باج"، كە بڕەكەی زیاترە لە سێ ترلیۆن و 45 ملیار و حەوت ملیۆن و 500 هەزار دینار، بەمەبەستی دابەشكردنی موچەی مانگی نیسان و مانگەكانی دواتر.

عێراق ساڵانە 100 تریلیۆن دینار بۆ موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان خەرج دەكات، لەو پارەیە نزیكەی 40 تریلیۆن دیناری بۆ بەرپرسانی باڵایە، لەكاتێكدا بودجەی 2024 ی عێراق لەكۆی 144 تریلیۆن دینار 63 تریلیۆن كورتهێنانی هەبووە.

لە عێراق لە كۆی نزیكەی چوار ملیۆن فەرمانبەر، نزیكەی شەش هەزار فەرمانبەر پلەی تایبەتیان هەیە، ئەوان پشكی شێریان هەیە لە موچە. پەرلەمان و حكومەتەكانی پێشوو هەوڵیان داوە خەرجییەكان كەم بكەنەوە و پێوەرێك بۆ موچە دابنێن، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی خاوەن موچە باڵاكان شكستیان هێناوە.

عەتوان عەتوانى سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و کاریگەرییەکانى لەسەر بودجە، پێویستە بەدواى سەرچاوەى جێگرەوەى نەوتدا بگەرێن بۆ هەمەجۆرکردنى سەرچاوەى داهات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی