"بە ئەگەری زۆرەوە لەناوچە جێناكۆكەكان پارتی و یەكێتی بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكەن"

#پارتی#یەکێتی#هەڵبژاردن#عێراق
8 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 8 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئامادەكارییەكانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025  دەستپێكردووە و بە ئەگەری زۆریشەوە بە یەك لیست بەشداری ئەو هەڵبژاردنە دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ كۆبوونەوەی هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی بەرێوەدەچێت.
Primary Asset

لۆگۆی پارتی و یەکێتی

سبەی

بەپێی زانیارییەكان، بە ئەگەری زۆرەوە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە یەك لیست لە ناوچە كێشە لەسەرەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكەن.

پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئامادەكارییەكانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025  دەستپێكردووە و بە ئەگەری زۆریشەوە بە یەك لیست بەشداری ئەو هەڵبژاردنە دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ كۆبوونەوەی هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی بەرێوەدەچێت.

بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" كە لە دوو سەرچاوەی نێو پارتی و یەكێتی دەستیكەوتوون، هەردوو حزب نزیكن لەوەی لە ناوچە جێناكۆكەكان بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكەن.

هەر بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" لە كۆبوونەوەی رۆژی 28 ی نیسانی 2025 لە دووكان، كە بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی جێگری دووەمی سەرۆكی پارتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بەڕێوەچوو، پارتی و یەكێتی بڕیاریانداوە بە یەك لیست لە ناوچە جێناكۆكەكان بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی حزبەكانیان راسپاردووە لەوبارەیەوە ئامادەكاری بكەن.

بڕیارەكەی پارتی و یەكێتی لەكاتێكدایە، ئەمرۆ كۆتا رۆژە بۆ خۆتۆماركردنی ئەو حزب و هاوپەیمانێتیانەی دەیانەوێت بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكەن. دیاریش نییە كاتەكەی درێژ دەكرێتەوە یاخودنا.

بەپێی دواین ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە دەستی "سبەی" كەوتووە، تائێستا بەفەرمی 330 حزب لە عێراق لەلایەن كۆمسیۆنەوە تۆماركراون، تا ئەمرۆش 70 حزب و هاوپەیمانی سیاسی كە لە دامەزراندندان و 80 حزب و هاوپەیمانی پێشوو داواكاری بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێشكەش كردووە، پێنج هاوپەیمانی نوێش تۆماركراون.

لە كۆبوونەوەی رۆژی نۆی نیسانی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاریدا رۆژی 11-11-2025 وەك وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاری بكات، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، رۆژی 15-4-2025 دەرگای خۆتۆماركردنی حزب و هاوپەیمانێتییەكانی كردەوە، ڕۆژی 5-5-2025 یش وادەكە كۆتایی دێت.

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە هەڵبژاردنی داهاتوو، 29 ملیۆن و 118 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە ، بەڵام نزیكەی 20 ملیۆنیان خۆیان لە سیستمی بایۆمەتری دەنگدان تۆماركردووە .

 

 

 

 

 

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی