سبەی
سێ گەنجی هیندستانی بەفرگرێکیان داهێناوە بەبێ ئەوەی پێویستی بە کارەبا بێت بە خوێ کار دەکات و داهێنانەکەیش خەڵاتی جیهانیی 2025ـی کاتەگۆری ئاسیا "Premio de la Tierra"ی بە شایستە زاندراوە.
ئەو سێ گەنجە لە ڕێگای داهێنانی ئەم بەفرگرە بچوکە کە پێویستی بە کارەبا نابێت و ناویان لێ ناوە "Thermavault" دەیانەوێت کارئاسانی بکەن بۆ هەڵگرتنی خۆراک و پێداویستییە پزیشکییەکان لەو گوندانەی هیندستان کە کارەبا نەگەیشتووە پێیان.
بەهۆی ئەم داهێنانەوە جیاوازییەکی زۆر گەورە لەو ناوچانەی هیندستان ڕوو دەدات کە هێڵی کارەبایان پێ نەگەیشتووە.
داهێنانەکە خەڵاتی جیهانیی 2025ـی کاتەگۆری ئاسیا "Premio de la Tierra"ی بە شایستە زاندراوە و بەم جۆرەیش 12 هەزار و 500 دۆلار بە کاش دراوە بەو سێ داهێنەرە.
Thermavault لەگەڵ سیستەمێکی ساردکەرەوەی پشتبەستوو بە کاردانەوەکانی گەرمیمژی خوێ کار دەکات. لە ڕێگای توانەوەی خوێ لە ئاودا گەرمی دەمژرێت و بەم جۆرەیش دەتواندرێت حەب و دەرمان و پێداویستە هەستیارەکان لە گەرمییەکی کەمدا بپارێزرێن.
لە دوای ئەم داهێنانەوە هەریەک لە دهورڤ چاودهاری، ئەندازیاری تەکنەلۆژی؛ میهتران لازانیا، بەڕێوەبەری بازاڕسازی و جێبەجێکردن؛ مریدول ژاین، بەڕێوەبەری نەخشەسازی و تازەگەری و پڕۆفتیسۆر مۆبین شایک پسپۆڕی زانستی کەلوپەل و پێداویستی کار لەسەر پڕۆژەکە دەکەن.
تاقیکردنەوەی داهێنانەکە لە نەخۆشخانەکان دەکرێت
تیمەکە لە پرۆسەی پێشخستنی داهێنانەکەدا، شیکارییان بۆ جۆرە جیاوازەکانی خوێ کردووە.
لە پشکنینەکانی تاقیگەدا دەرکەوت کلۆرایدی ئەمۆنیۆم کاریگەرترین جۆری خوێیە.
ئەم جۆرە خوێیە توانای ساردکردنەوەی ئاوی هەیە لە 28 پلەی سەدییەوە تا حەوت پلەی سەدی و دەتواندرێت جاری دیکەیش بەکار بهێنرێتەوە.
کاتێکیش لەگەڵ دژەبەست بەکار دەهێندرێت، ئەوا توانای کاردانەوەی بە جۆرێکە ئاو تا 10 پلەی ژێر سفری سەدی سارد دەکاتەوە.
ئەمەیش وەک هەنگاوێکی گرنگ دەبینرێت بۆ بەستن لە بەفرگەدا.
وەک قۆناغی یەکەم دەست کراوە بە تاقیکردنەوەی داهێنانەکە لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای ئیندۆر.
دکتۆر پریتەش ڤیاس، پزیشکی نەشتەرگەری ئێسک و شکاوی ئاماژە بەوە دەدات Thermavault دەتوانێت بۆ ماوەی 10 تا 12 کاتژمێر ڤاکسینەکان بە ساردی بهێڵێتەوە.
ئەم سێ گەنجە داهێنەرە لە بەرنامەیەیان دایە ئەو پارەیەی وەک خەڵات پێیان دراوە بۆ بەرهەمهێنانی 200 یەکەی نوێ و تاقیکردنەوەی ئەو 200 یەکە نوێیە لە 120 نەخۆشخانە بەکاربهێنن.