تەندروستى سلێمانى لە وەزارەت نیگەرانە؛ دۆسیەى گیانلەدەستدانى شۆخان لە چاوەڕوانى بڕیارى کۆتاییدایە

#سلێمانى#نەشتەرگەریی جوانکاریی
14 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 14 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • لەسەرەتاى ئەمساڵەوە تا ئێستا دوو ژن بەهۆى ئەنجامدانى نەشتەگەریی دەرهێنانى چەورییەوە لە سلێمانى گیانیان لەدەستداوە، بەو هۆیەشەوە تەندروستى سلێمانى ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە و نەشتەرگەری تایبەت بە دابەزاندنی كێشى لەهەموو نەخۆشخانە حكومی و ئەهلیەكان بۆ ماوەیەكی كاتی راگرتووە
Primary Asset

سبەى

لێکۆڵینەوە لە دۆسیەى گیانلەدەستدانى ژنێک دواى ئەنجامدانى نەشتەرگەریی جوانکاریی لە سلێمانى بەردەوامە و هێشتا بڕیارى کۆتایی نەدراوە، سەرچاوەیەک لە تەندروستى سلێمانى بڵاوکردنەوەى ناوى پزیشک و نەخۆشخانەکە لەلایەن وەزارەتى تەندروستییەوە بە هەڵە ناودەبات و دەڵێت دیار نییە ئەو هەڵەیە بەسەر کێدا تێپەڕیوە.

رۆژى 23 ى نیسان، ژنێک بەناوى شۆخان عەبدوڵا تەمەن 36 ساڵ کە لەبەریتانیاوە گەڕابووەوە هەرێمى کوردستان، دواى ئەنجامدانى نەشتەرگەریی دەرهێنانى چەورى لە نەخۆشخانەیەکى تایبەت لە سلێمانى گیانى لەدەستدا.

سەرچاوەیەکى بەرپرس لە تەندروستى سلێمانى بە سبەى راگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوە لەلایەن وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتى تەندروستییەوە لەو دۆسیەیە پێکهێنراوە و ڕێکارەکان گیراوەتە بەر، بەڵام تا ئێستا لیژنەکە هیچ بڕیارێکی نەداوە.

رۆژى 24 ى نیسان، وەزارەتى تەندروستى ناوى پزیشک و ئەو نەخۆشخانەیەى بڵاوکردەوە کە نەشتەرگەرییەکەى لێ ئەنجامدراوە و بڕیاریدا لەسەر راگرتنى پزیشکەکە و تا کۆتایی هاتنی لێكۆڵینەوە لەو بارەیەوە و پێبژاردن و داخستنى هۆڵەکانی نەشتەرگەری نەخۆشخانەکە.

سەرچاوەکە نیگەرانى تەندروستى سلێمانى لە بڵاوكردنەوەی ناوی پزیشک و نەخۆشخانەکە لەلایەن وەزارەتى تەندروستییەوە نەشاردەوە و وتى "بڕیارێکی هەڵە بوو نەدەبوایە بەو جۆرە بڵاو بکرێتەوە و یەکەمجارە شتی وا ببێت و نازانین هەڵەکە بەسەرکێدا تێپەڕیوە، بەڵام ئەوە گرفتى بۆ لێکۆڵینەوەکان دروستنەکردووە".

دەشڵێت، ئەو پزیشکە پزیشکیی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتییە، دوو بڕوانامەى دکتۆرای هەیە و یەکێکیان پەیوەندی هەیە بەو نەشتەرگەرییەوە کە ئەنجامیداوە، بەڵام نازانن ڕێپێدراوە یان نا.

سبەى پەیوەندى بە بەرپرسانى تەندروستى و ئەو نەخۆشخانەیەوە کرد کە نەشتەرگەرییەکەى لێئەنجامدراوە، بەڵام بە پاساوى جیاجیا قسەیان لەو بارەیەوە نەکرد.

لەسەرەتاى ئەمساڵەوە تا ئێستا دوو ژن بەهۆى ئەنجامدانى نەشتەرگەریی دەرهێنانى چەورییەوە لە سلێمانى گیانیان لەدەستداوە، بەو هۆیەشەوە تەندروستى سلێمانى نەشتەرگەری لابردنی چەوی ورگ و نەشتەرگەری تایبەت بە دابەزاندنی كێشى لەهەموو نەخۆشخانە حكومی و ئەهلییەكان بۆ ماوەیەكی كاتی راگرتووە، تا بە هەماهەنگی سەندیكای پزیشكانی كوردستان و كۆمەڵە پزیشیكییەكان ڕێنمایی نوێی تایبەت بەو جۆرە نەشتەرگەرییانە دەردەكرێن.

د. سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی رۆژى 24 ى نیسان لە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە نەشتەرگەرییەکانی تایبەت بە لابردنی چەوری، بچوکكردنەوەی گەدە و لابردنی پێستی زیادەی دوای دابەزاندنی کێش، تێکەڵاوییەک لەنێوان پسپۆڕی پزیشکان دروستبووە، بەتایبەتى پزیشکانى نەشتەرگەریی گشتی، جوانکاری، هەرس و جگەر و پێست، هەریەکەیان خۆیان بە پسپۆڕی بوارەکە دەزانن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لە شوێنی نەگونجاو بە رێگای نازانستی ئەنجامبدرێت.

ئاماژەى بەوەشدا، دەیان سکاڵا لەسەر ئەو جۆرە نەشتەرگەرییانە تۆمارکراون و دەیان لیژنە دروستکران، بۆیە بڕیاریاداوە رێوشوێنی نوێ بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە نەشتەرگەرییانە بگیرێنەبەر و دەبێت لە چەند شوێنێکی تایبەت ئەنجامبدرێن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی