سبەی
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە وەڵامی ئەردۆغان دەداتەوە و دەڵێت: "ئەم گەلە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ناکاتە قوربانی تۆ، بەڵکو لە جێی تۆ دەیکات بە سەرکۆمار"، ئەمەیش دوای ئەوە دێت چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی ڕایگەیاند: "داخۆ چەند کەسی دیکەیش لەنێو جەهەپە بە خەونی بوون بە سەرکۆمار دەبنە قوربانی".
ئەمڕۆ شەممە 3ـی ئایاری 2025 لە میانی ئەو گردبوونەوەیەی جەهەپە لە شاری کۆنیا بۆ پشتیوانی لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی لەکارلادراوی گەورەشاری ئیستانبوڵ ڕێکیخست کە شارەکە یەکێکە لە قەڵا هەرە پتەوەکانی ئاک پارتی و دەیان هەزار کەسیش بەشداری لە گردبوونەوەکەدا کرد، ئۆزگور ئۆزەل بە توندی ڕەخنەی لە ئەردۆغان و حکومەتی تورکیا گرت.
سەرۆکی گشتیی جەهەپە بە توندی وەڵامی قسەکانی سێ ڕۆژ لەمەوبەری ئەردۆغانی دایەوە و دەڵێت: "ئەم گەلە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ناکاتە قوربانی تۆ، بەڵکو لە جێی تۆ دەیکات بە سەرکۆمار".
ئەمەیش دوای ئەوەی هات ئەردۆغان 30ـی نیسان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاک پارتی لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: "داخۆ چەند کەسی دیکەی لەناو جەهەپە بە خەونی بوون بە سەرکۆمار دەبنە قوربانی". ئەمەیش لە لای بەشێک لە چاودێران وەک هەڕەشەیەک خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، کە جەهەپە هەر کەسێک بکاتە کاندید بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، وەک ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەخرێتە زیندانەوە.
ئۆزگور ئۆزەل جەختی لەوە کردەوە کە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو هیچ تاوانێکی ئەنجام نەداوە تا بخرێتە زیندان، تاکە هۆکاری زیندانیکردنی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەردۆغان ترسی ئەوەی لێ نیشتووە لەسەر دەستی ئەو ئەستێرەی بەختی ئاوا ببێت.
سەرۆکی گشتی جەهەپە ئاماژەی بەوەیش دا لە 19ـی ادارەوە کە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەستگیر کراوە و پاشان زیندانی کرا، تائێستا بە بەهای دوو ترلیۆن و 200 ملیۆن لیرە (زیاتر لە 57 ملیار دۆلار) زیان بە ئابوریی تورکیا گەیشتووە.
ئەردۆغان بۆچی هەڕەشە دەکات؟
ئەو قسانەی ئەردۆغان لە کاتێکدا بوو دوو ڕۆژ پێشتر و لە 28ـی نیسان ئۆزگور ئۆزەل ڕایگەیاند: لەو باوەڕەدایە ئەگەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ئازاد نەکرێت، لە سەدا 70ـی دەنگەکانی هەڵبژاردن بە دەست دەهێنن و لە ڕێگای هەموارکردنەوەی دەستوریشەوە، مەنسور یەڤاش دەکەنە سەرکۆمار و ئەکرەم ئیمامئۆغڵویش ئازاد دەکەن و دەیکەنە سەرۆکوەزیران.
ووتەکانی ئەردۆغان لای بەشێک لە چاودێران وەک هەڕەشەی ناوبراو خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، کە جەهەپە هەر کەسێک بکاتە کاندید بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرکۆماری تورکیا، وەک ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ تۆمەتی دەدرێتە پاڵ و دەخرێتە زیندان.
هەڵوەشاندنەوەی بڕوانامەی زانکۆ'ی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و دەستگیرکردنی لە 19ـی ئاداری 2025 و دواتر دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی، دوای ئەوە هات، چەند ڕۆژێک بوو ناوی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە لایەن جەهەپەوە پەسەند کرا تا بتوانێت بکەوێتە کێبڕکێ لەگەڵ ئەو ئەندامانەی دیکەی جەهەپە کە دەیانەوێت خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرکۆماری تورکیا کاندید بکەن.
لە 23ـی ئادار و چەند کاتژمێرێک بەر لە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکەی جەهەپە بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی پارتەکە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرکۆمار، دادگا بە تۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی خستە زیندان.