ئاوی سەرچنار
سبەی
بەرێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەهۆی كەمبارانییەوە رێژەی ئاوی سەرچنار دابەزیوە و رەنگە لە داهاتوودا بیر لەوە بكەنەوە دابەشكردنی ئاو كەم بكەنەوە. ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر بەرێوەبەری ئاوی سلێمانی رایگەیاندبوو بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرهەمهێنانی ئاو لە سەرچنار بۆ نیوە دابەزیوە.
ئامانج جەلال، بەرێوەبەری راگەیاندنی ئاوی سلێمانی بە "سبەی" وت:"بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ كەمبارانی بوو، ئاستی ئاو دابەزیوە، بەڵام تائێستا دابەشكردنی ئاو وەك خۆیەتی، بەڵام لە رۆژانی داهاتوودا و لەگەڵ گەرمبوونی كەشەكە پێداویستی هاوڵاتیان زیاتر دەبێت، ئەوكاتە ناچار دەبین پێدانی ئاو درێژ بكەینەوە".
وتیشی:"تا ئەم بەروارە و تا ئەم كاتە هیچ بریارێك نییە بۆ درێژكردنەوەی كاتی دابەشكردنی ئاوی ماڵان و دابەشكردنەكە ئاساییە".
پێشتر بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە میدیای یەكێتی راگەیاندبوو " بەهۆی كەمبارانییەوە مەترسی لەسەر سەرچاوەكانی ئاو هەیە و ئەوەش كاریگەریی دەبێت لەسەر ئاوی سەرچنار كە سەرچاوەیەكی گرنگی ئاوی خواردنەوەی شارەكەیە".
لە سلێمانی رۆژانە پێویست بە 450 بۆ 480 هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە، بەڵام بەرێوەبەری ئاوی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە"لەباشترین حاڵەتیدا سەرچاوەی ئاوی سەرچنار بە تەواوی توانای خۆیەوە لە 24 كاتژمێردا 300 بۆ 320 هەزار مەترسێجا ئاو دەدات".
"ساڵی رابردوو ئەمكاتانە رۆژانە لە سەرچنارەوە توانراوە 180 هەزار مەترسێجا ئاوی خواردنەوە بەرهەمبهێنن، بەڵام ئەمساڵ بۆ 90 هەزار مەترسێجا كەمبووەتەوە، بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرهەمهێنانی ئاو لە سەرچنار 50٪ دابەزیوە". بەختیار تاهیر وای وتبوو.
بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی، وتیشی، "ئەگەر بەمشێوازەی ئێستا ئاو دابەزێت، ئەوا چوار رۆژ جارێك ئاو دابەشدەكرێت".
لەگەڵ كەمبوونەوەی دابارین و دابەزینی ئاستی سەرچاوەكانی ئاو، بەرێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی هۆشداری بە هاوڵاتیان دەدات و رایدەگەیەنێت، شۆردنی بەردەرگا و گەڕەك و ئۆتۆمبێل سزای لەسەرە و تیمەكانیان بە بەردەوامی بە كۆڵانەكاندا دەگەڕێن و سەرپێچییەكان تۆماردەكەن.