سبەى
هێرشی ئەم دواییەی سەر دەوحە بە ئاماژەیەکی روون لێکدەدرێتەوە بۆ ئەگەرى هێرشى ئیسرائیل بۆ سەر تورکیا، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی تەلئەبیب و ئەنقەرە لەسەر چەندین بابەت بە تایبەت حەماس و سوریا خاڵی ناکۆکیان هەیە و ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکان لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا لە داهاتوویەکی نزیکدا بەهێزە.
بە گوێرەی میدیا ئیسرائیلی و عەرەبییەکان بە تایبەتی رۆژنامەی هائارێتزی ئیسرائیلی ئەگەر هەیە تورکیا ببێتە ئامانجی داهاتووی ئیسرائیل بەهۆی پشتگیریکردنی لە حەماس و ململانێی سەربازییەکانی ئەو دوو وڵاتە لە سوریا، ئەم ئەگەرە بەهۆی پەرەسەندنی ڕکابەریی نێوان هەردوو وڵات لە سوریا و لێدوانی دوژمنکارانەی نێوانیان لەنێویاندا دانپێدانانی نەتانیاهۆ بە جینۆسایدی ئەرمەنستان، بەهێزتر بووە.
لەلایەکی دیکەوە نەبوونی کەناڵی فەرمی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پەرەسەندە سەربازییەکان لە سوریا مەترسییەکانی پێکدادانی نێوان تەلئەبیب و ئەنقەرەی گەورەتر دەکات. تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ خۆی بۆ هەڕەشەکانی ئیسرائیل ئامادە دەکات لەڕێگەی بەهێزکردنی ژێرخانی سەربازیی خۆی، لەوانە سیستەمی بەرگری و بەرهەمهێنانی چەک.
ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە نەک هەر ناسەقامگیری ناوچەیی لێدەکەوێتەوە، بەڵکو دەتوانێت بە ڕاکێشانی زلهێزە جیهانییەکانی وەک ئەمریکا، ڕووسیا و چین بۆ ناو ململانێکان، ئاڵۆزى گەورەى لەجیهان لێبکەوێتەوە.
نەبوونی سنووری وشکانی هاوبەش چیتر ڕێگری نییە لە بەردەم ململانێکان، چونکە گرژییەکان لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و ئەلیکترۆنی و بە هێزە بەوەکالەتەکان زیاتر دەبن. ئەم ڕاپۆرتە ڕەهەندەکانی ئەم قەیرانە و دەرئەنجامەکانی تاوتوێ دەکات.
مێژووی دەستدرێژی ئیسرائیل و ناسەقامگیری ناوچەیی
لە ماوەی دوو ساڵدا لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەرەوە، ئیسرائیل شێوازێکی شەڕانگێزانەی نیشانداوە بە ئەنجامدانی هێرشی زۆر و بێ وێنەی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، لەوانە لوبنان، سوریا، ئێران و یەمەن.
هێرشی ئەم دواییە بۆ سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی مەودای ئەم دەستدرێژییانە بۆ وڵاتانی نوێ کە پێشتر ڕاستەوخۆ نەکرابوونە ئامانج، ئەمەش نیگەرانی جددی لە ناوچەکەدا دروستکردووە.
هەروەها مێژووی ململانێکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئوردن و میسر لە ڕابردوودا دەریدەخات کە خۆی لە دروستکردنی گرژی لەگەڵ وڵاتانی خاوەن پەیوەندی دیپلۆماسی یان تەنانەت هاوپەیمانی ستراتیژی ڕۆژئاوایی خۆی بەدوور ناگرێت.
شیکارییەکانی هارێتز دەریدەخەن کە ئیسرائیل ستراتیژی خۆی فراوانتر کردووە بە ئامانجی لاوازکردنی ئەوەی بە بەرەی مقاوەمە ناسراوە بەتایبەتی گروپەکانى وەک حەماس. ئەم ڕێبازە نەک هەر ناسەقامگیری ناوچەیی لێکەوتووەتەوە، بەڵکو مەترسیی ململانێی فراوانتری بە وروژاندنی کاردانەوەی بەرامبەر زیاد کردووە.
بۆ نموونە، هێرشە دووبارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکان لە سوریا، لەنێویاندا هێرشێکی ئەم دواییە بۆ سەر ئامێرەکانی چاودێری تورکیا، ئاماژەیە بۆ هەوڵدان بۆ زاڵبوون بەسەر ناوچە ستراتیژییەکان. ئەم کارانە لەگەڵ لێدوانەکانی ئەم دواییانەی نەتانیاهۆ، وەک دانپێدانانی بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان، بوونەتە هۆکارێکی گرنگی پەرەسەندنەکان لەگەڵ تورکیا. نەبوونی سنووری وشکانی هاوبەش چیتر ڕێگری ناکات لە هەر جۆرە هێرشێک کە ئیسرائیل بەنیاز بێت ئەنجامی بدات بەلەبەرچاوگرتنی هێزی ئاسمانی بەهێزی ئیسرائیل و هاوتەریب توانای هەواڵگری ئەو وڵاتە.
ڕۆڵی تورکیا لە بەرەی مقاوەمە و پشتیوانی لە حەماس
لە ساڵانی ڕابردوودا تورکیا بە پاڵپشتیکردنی ئاشکرای حەماس خۆی وەک یاریزانێکی سەرەکی لە میحوەری بەرخۆداندا جێگیر کردووە. ئەنقەرە نەک هەر ڕێگەی بە سەرکردەکانی حەماس داوە کە لەسەر خاکی خۆی چالاکی بکەن، بەڵکو سەرچاوەی دارایی و ئۆپەراسیۆنیشی بۆ ئەو گرووپە دابین کردووە. ئەم پشتگیرییە کە بەهۆی هەڵوێستی دژە ئیسرائیلی ئەردۆغانەوە بەهێزتر دەبێت، تورکیا لە وڵاتانی ناوچەکەی دیکەی وەک قەتەر جیا دەکاتەوە. بە پێچەوانەی قەتەر کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە بۆ مەبەستی دیپلۆماسی میوانداری حەماس دەکات، تورکیا چالاکانە پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنەکانی گروپەکە دەکات.
لێدوانەکانی ئەردۆغان کە ئیسرائیلی بە جینۆساید تۆمەتبار کردووە، لەگەڵ ڕێوشوێنە ئابوورییەکانی وەک سنووردارکردنی بازرگانی و گەمارۆی دەریایی، بووەتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان. چاودێرانی سیاسی و سەربازی ئەم ڕێوشوێنانە وەک ئامادەکارییەک بۆ شەڕ بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەڵدەسەنگێنن.
لە لایەکی دیکەوە، بانگەشەی شین بێت (دەزگای ئاسایشى ئیسرائیل) کە پیلانی حەماسی لە تورکیا بۆ تیرۆرکردنی بەرپرسێکی ئیسرائیلی پووچەڵکردەوە، بووەتە هۆی ئەوەی کە قسە و باسەکانی سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی تورکیا پەرەپێبدات. ئەم دۆخە لەگەڵ کێبڕکێی سەربازی لە سوریادا، تورکیای کردووە بە یەکێک لە ئامانجە ئەگەرییەکانی داهاتووی ئیسرائیل. پشتیوانی تورکیا بۆ حەماس، هەرچەندە لە ڕوانگەی ئەنقەرەوە ڕەوایە، بەڵام مەترسی ئەوە زیاتر دەکات کە ببێتە بیانووی هێرشی ئیسرائیل.
کێبڕکێی سەربازی لە سوریا و مەترسی ململانێی ڕاستەوخۆ
سوریا لە سەردەمی دوای ئەسەد، وەک یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی گرژیی نێوان تورکیا و ئیسرائیل، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە لە ئەگەری پەرەسەندنی ململانێکان. ئامادەبوونی سەربازی تورکیا لە سوریا و بوونی هاوکاتی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری ئەو وڵاتە، لەگەڵ نەبوونی کەناڵی فەرمی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی زیاتر کردووە.
هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر ئامێرەکانی چاودێری تورکیا لە سوریا و ئامادەیی ئەنقەرە بۆ پشتیوانیکردن لە گروپە ناوخۆییەکان دژی ئیسرائیل نیشانەیەکی ڕوونی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە.
نێوەندگیری ئازەربایجان لە مانگی نیساندا بۆ ڕێگریکردن لە پێکدادانی بەڕێکەوت تەنیا چارەسەرێکی کاتی بوو و نەیتوانی ڕەگ و ڕیشەی گرژییەکان چارەسەر بکات. لە لایەکی دیکەوە، زیادبوونی هاوکارییەکانی تورکیا و قەتەر لە سووریا، بەتایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو (بەشار ئەسەد)، نیگەرانییەکانی ئیسرائیلی چڕتر کردووەتەوە.
پێگەى ئیسرائیل هیۆم، ئەم هاوکارییە بە "مەترسی ستراتیژی" ناودەبات کە دەتوانێت هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بە قازانجی بەرەی مقاوەمە بگۆڕێت. ئەم کێبڕکێیە لەگەڵ بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی تورکیا، لەوانەش سیستەمی بەرگریی وەک “هیسار” و هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥، ئاماژەیە بۆ ئامادەیی ئەنقەرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل.
دەرئەنجامە ستراتیژی و جیهانییەکانی ململانێی تورکیا و ئیسرائیل
ململانێی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لێکەوتەی کارەساتباری بۆ ناوچەکە و جیهان دەبێت، ئەمەش بەهۆی پێگەی ستراتیژی هەردوو ئەکتەرەکەوە. تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ و ئیسرائیل وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی ڕۆژئاوا دەتوانن هاوپەیمانێتییە ناوچەیی و جیهانییەکان تێکبدەن ئەگەر بەریەککەوتنیان هەبێت. هارێتز هۆشداری دەدات لەوەی کە شەڕێکی لەو شێوەیە دەتوانێت بۆ دەریای ناوەڕاست بڵاوبێتەوە هەروەها ئەم ململانێیە زلهێزە جیهانییەکانی وەک ئەمریکا و ڕووسیا و چین دەکێشێتە ناو گێژەڵوکەکەیەوە.
لە ڕوانگەی سەربازییەوە ئیسرائیل بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و جبەخانەی ئەتۆمی دەستی باڵای هەیە، بەڵام سوپای تورکیا وەک یەکێک لە گەورەترین هێزەکانی ناتۆ توانای ئەوەی هەیە ئالەنگاری گەورە بۆ ئیسرائیل دروست بکات.
ڕۆڵی تورکیا لە ناتۆ و پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی وەک سعودیە، دەتوانێت هاوکێشە ناوچەییەکان زیاتر ئاڵۆز بکات. لە لایەکی دیکەوە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ ڕێگریکردن لە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ بە تورکیا ڕەنگدانەوەی نیگەرانییەکانی تەلئەبیبە سەبارەت بە هەڵسوکەوتە سەربازییەکانی ئەنقەرە. ئەم پێشبڕکێیە چەکدارییە لەگەڵ گرژییە سیاسییەکان دەتوانێ ناتۆ ناسەقامگیر بکات و هاوسەنگی هێزی جیهانی بگۆڕێت.