دوژمنە نوێیەکە لەناو خوێنتدایە؛ دۆزینەوەیەک لەناو مێشکی مرۆڤ زانایان شۆک دەکات

#مایکرۆپلاستیک#تەندروستی#خەڵەفان#نۆرەی دڵ#نەخۆشی
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • ڕۆژانە زیاتر لە 52 هەزار "مایکرۆپلاستیک" دەخۆین و هەڵدەمژین! توێژینەوە نوێیەکان پەیوەندییەکی شۆکهێنەری نێوان ئەم داگیرکەرە بێدەنگە و نۆرەی دڵ و خەڵەفان ئاشکرا دەکەن. بزانە چۆن وردیلە پلاستیکییەکان لەشمان داگیر دەکەن و تەندروستیمان دەخەنە مەترسییەوە.
Primary Asset

سبەی

ڕۆژانە زیاتر لە 52 هەزار "مایکرۆپلاستیک" دەخۆین و هەڵدەمژین! توێژینەوە نوێیەکان پەیوەندییەکی شۆکهێنەری نێوان ئەم داگیرکەرە بێدەنگە و نۆرەی دڵ و خەڵەفان ئاشکرا دەکەن. بزانە چۆن وردیلە پلاستیکییەکان لەشمان داگیر دەکەن و تەندروستیمان دەخەنە مەترسییەوە.

لە خواردن، لە هەوا، لە ئاودا... تەنانەت لەناو شیری دایکیشدا! مایکرۆپلاستیکەکان، ئەو وردیلە پلاستیکییە بچووکانەی کە بە چاو نابینرێن، بوونەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەمان. توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە بە هۆی بەکارهێنانی شتی پلاستیکییەوە ڕەنگە ڕۆژانە زیاتر لە 52 هەزار لەم "مایکرۆپلاستیکییانە" بچنە ناو لەشمانەوە. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: ئەم داگیرکەرە بێدەنگە چ کاریگەرییەکی لەسەر تەندروستیمان هەیە؟

مایکرۆپلاستیکەکان، کە قەبارەیان لە 5 میلیمەتر بچووکترە، ئێستا لە هەموو شوێنێکی لەشماندا دەدۆزرێنەوە؛ لە لیک و خوێنەوە بگرە، تا دەگاتە جگەر، گورچیلە، سپڵ، مێشک و تەنانەت ئێسکەکانیشمان. ئەم دۆزینەوانە زەنگی مەترسییەکی گەورە لێ دەدەن.

توێژینەوەیەک لە ساڵی 2024دا بڵاوکرایەوە و ئاشکرای کرد لە ساڵی 1990ەوە، بڕی ئەو مایکرۆپلاستیکەی دەچێتە ناو لەشی مرۆڤەوە، شەش هێندە زیادی کردووە. 

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، زانایان لە تاقیکردنەوەیەکی بوێرانەدا لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە، دەستیان کردووە بە پێدانی مایکرۆپلاستیک بە خۆبەخشی تەندروست، بۆ ئەوەی بزانن چارەنووسی ئەم وردیلانە لەناو لەشماندا چییە. 

ستێفانی ڕایت، سەرپەرشتیاری تاقیکردنەوەکە دەڵێت: “ئێمە هەموومان ڕۆژانە ئەم تاقیکردنەوەیە لەسەر خۆمان دەکەین، تەنها ئەنجامەکەی ناپێوین.”

دۆزینەوە شۆکهێنەرەکان

لە ئیتاڵیا، زانایان مایکرۆپلاستیکیان لەناو خوێنبەرە سەرەکییەکانی ملی ئەو کەسانەدا دۆزییەوە کە کێشەی دڵیان هەبوو. دەرکەوت ئەو کەسانەی ئەم وردیلانەیان لە خوێنیاندا هەبووە، مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ و مێشک 4.5 هێندە زیاتر بووە.

لە ئەمریکا، توێژینەوە لەسەر مێشکی مرۆڤی مردوو شتێکی شۆکهێنەری ئاشکرا کرد: ئەو کەسانەی پێش مردنیان تووشی خەڵەفان ببوون، 10 هێندە زیاتر مایکرۆپلاستیکیان لە مێشکیاندا هەبووە. 

پڕۆفیسۆر ماتیۆ کامپن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "ئەم دۆزینەوەیە شۆکی کردین."

لە چین، مایکرۆپلاستیک لەناو ئێسکی ئەو کەسانەشدا دۆزرایەوە کە نەشتەرگەریی جومگەیان بۆ کرابوو، ئەمەش نیگەرانیی ئەوەی دروست کردووە ڕەنگە کاریگەریی لەسەر گەشەی خانەکانی ئێسک و ماسولکە هەبێت.

مایکرۆپلاستیک: بکوژێکی ڕاستەوخۆ نییە، بەڵام هۆکاری نەخۆشییەکانە

پسپۆڕان هێشتا ناڵێن مایکرۆپلاستیک ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی شێرپەنجە یان جەڵتەی دڵ، بەڵام پێیان وایە وەک "یارمەتیدەرێکی خراپ" کار دەکات. 

فەی کوسێریۆ، پڕۆفیسۆری پیسبوونی ژینگە، دەڵێت: “ئەمە وەک ئەزبێست نییە کە ڕاستەوخۆ زیانێکی دیاریکراو بگەیەنێت. بەڵام ئەگەری هەیە بە زیانگەیاندن بە خانەکان و دروستکردنی هەوکردنی درێژخایەن، لەشمان لاواز بکات و زیاتر ئامادەمان بکات بۆ تووشبوون بە نەخۆشی.”

ئەوەی کارەکەی قورستر کردووە، ئەوەیە کە هەزاران جۆر مایکرۆپلاستیک بە قەبارە و پێکهاتەی جیاوازەوە هەن. 

هەندێکیان ژەهرە ژینگەییەکان و کانزا قورسەکان دەگوازنەوە، هەندێکی تریان کاریگەری دەکەنە سەر هۆرمۆنەکان. "نانۆپلاستیکەکان" کە لە مایکرۆپلاستیکیش بچووکترن، دەتوانن بچنە ناو خانەکانەوە و زیانی گەورەتر بە تەندروستیمان بگەیەنن.

پرسیاری ملیۆن دۆلاری: چەندێک مایکرۆپلاستیک ژەهراوییە؟

ئێستا زانایان لە تاقیگەکاندا بە بەکارهێنانی شانەی هاوشێوەی ئەندامەکانی مرۆڤ، هەوڵی دۆزینەوەی ئەو ئاستە دەدەن کە تێیدا مایکرۆپلاستیک دەبێتە ژەهر بۆ لەش.

داتاکانی سەرەتایی لەسەر ئاژەڵان دەریدەخەن کە ڕۆژانە وەرگرتنی بڕێکی زۆر کەم (0.7 بۆ 7 میلیگرام بۆ مرۆڤێکی 70 کیلۆیی) دەتوانێت ببێتە هۆی هەوکردن و تێکچوونی مێتابۆلیزم.

توێژینەوەکان ئەوەشیان دەرخستووە کە ڕەنگە مایکرۆپلاستیک کاریگەرییەکانی دەرمانی شێرپەنجە کەم بکاتەوە و دۆخی تووشبووانی نەخۆشییەکانی وەک ڕەبۆ خراپتر بکات.

پسپۆڕان هیوادارن بە دیاریکردنی زیانەکان، فشار لەسەر کۆمپانیاکان دروست بکرێت بۆ بەرهەمهێنانی پلاستیکێکی سەلامەتتر. 

پڕۆفیسۆر کوسێریۆ دەپرسێت: "ئایا ناتواندرێت جێگرەوەی باشتر بدۆزرێتەوە کە هەر لە سەرەتاوە ڕێگری بکەن لە چوونە ناوەوەی پلاستیک بۆ لەشمان؟"

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی