سبەی
دۆسیەیەکی دابەشکردنی میرات کە لە 1962ەوە لە دادگاکانی ئامەد'ی باکووری کوردستان بوو، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە نیو سەدە و گۆڕینی دەیان دادوەر و داواکاری گشتی، دواجار گەیشتە ئەنجام و ماف بۆ میراتگران گەڕێندرایەوە.
بەم جۆرە چارەنووسی زەوییەکی کشتوکاڵی کە ڕووبەرەکەی 26 هەزار و 500 مەتر دووجایە لە گەڕەکی حوجەتیی ناوچەی چنار، دوای 63 ساڵ مشتومڕی یاسایی، یەکلایی کرایەوە.
چیرۆکی ئەم دۆسیەیە لە 25ی کانوونی دووەمی 1962 دەستی پێکرد، کاتێک بنەماڵەی کیکیزادە سکاڵایان لە دژی بڕیارێکی دادگای کاداسترۆی ئامەد تۆمار کرد کە زەوییەکەیانی لە بەرژەوەندیی گەنجینەی دەوڵەت تۆمار کردبوو.
ئەوەی ئەم دۆسیەیەی کردووەتە نموونەیەکی دەگمەن، درێژیی ماوەکەیەتی. لە ماوەی ئەم 63 ساڵەدا، ژمارەیەکی زۆر دادوەر و داواکاری گشتی و شارەزای پسپۆڕ لەسەر دۆسیەکە گۆڕاون.
ژمارەیەک لە میراتگرە سەرەکییەکان کە لە سەرەتای دۆسیەکەدا لە ژیاندا بوون، کۆچی دواییان کرد و مافەکەیان بۆ نەوە و نەوەی نەوەکانیان ماوەتەوە.
دوای 63 ساڵ، دادگا بڕیاری کۆتایی دا
دواجار لە 27ی حوزەیرانی 2025دا، دادگا بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەکەوە دا.
لە بڕیاری کۆتایی دادگادا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی ڕووبەری 7 هەزار و 11 مەتر دووجای زەوییەکە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕێگەوبانەوە بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەکارهێنراوە.
لە بڕیارەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی بەشەکەی دیکەی زەوییەکە کە ڕووبەرەکەی 19 هەزار و 489 مەتر دووجایە، بەسەر 17 میراتگری یاسایی عەبدولقادر کیکیزادە، خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکەدا دابەش بکرێت.
ماف بۆ خاوەن ماف گەڕێندرایەوە
بەپێی بڕیارەکە، زەوییەکە بۆ 64 پشک دابەش کرا؛ 16 پشکی بەر سابيحە کیکیزادەی هاوسەری خاوەن زەوییەکە کەوت و 16 منداڵ و نەوەکەشی هەر یەکەیان 3 پشکیان بەرکەوت.
هاوکات، داوای ئەو دوو کەسەی کە لە دەرەوەی بنەماڵەکە بوون و دەیانویست ببنە خاوەن پشک لە زەوییەکە ڕەت کرایەوە.