سبەى
بەپێی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی کۆبوونەوە نهێنییەکانی بەرپرسانى ئیسرائیل، هێرشەکانی ١٣ی حوزەیران تەنیا بە ئامانجی سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەنجام نەدراوە، بەڵکو ڕوخاندنی حکومەت و تەنانەت لەناوبردنی خامنەیش بەشێکی سەرەکی ئامانجەکان بووە .
ڕاپۆرتێکی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل بەشێک لە گفتوگۆ نهێنییەکانی نێوان سەرکردەکانی وڵاتەکەی لە سەروبەندی شەڕی ١٢ ڕۆژەی لەگەڵ ئێران ئاشکرا کردووە.
بەڵگەنامەکان ئاشکرای دەکەن کە چۆن بڕیاری دەستپێکردنی شەڕەکەی ١٣ی حوزەیران دراوە، ئامانجەکانی چین و بۆچی دەستەبەرکردنی هاوکارییەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی لە بۆردومانکردنی دامەزراوەی ژێرزەمینیی فۆردۆ، هەر لەسەرەتاوە بە گرنگ دادەنرا؟
بەپێی کەناڵی ١٣ی ئیسرائیلى، گفتوگۆکان لەبارەى شەڕەکە لە ١٢ی حوزەیران لە یەکێک لە بنکە نهێنییەکان لە قودس بەڕێوەچووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەی بە "ساتێکی مێژوویی" ناوبردوە و هۆشداریدا لەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەندە مادەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی لەبەردەستدایە کە بتوانێت "هەشت بۆ نۆ بۆمبی ئەتۆمی" دروست بکات، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە “لێدانی گورزێکی قورسە لە ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی ئێران، زانایانی باڵا و ژێرخانی ئەتۆمی”.
بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندوە، ئامانج لە هێرشەکە“رێگریکردنە لە گەیشتن بە توانای ئەتۆمی ئێران، تەنانەت لە درێژخایەندا”. هەمان بەرپرس ڕایگەیاندووە کە تەنها ئەمەریکا توانای لەناوبردنی دامەزراوەی فۆردۆی هەیە، چونکە دامەزراوەکە لە قووڵایی شاخەکان دروستکراوە و بۆمبی ئاسایی ئیسرائیل توانای لەناوبردنی نییە.
ئامانجە ڕانەگەیەندراوەکان: ناسەقامگیرکردن و کوشتنی عەلی خامنەیی
بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی کە کەناڵی ١٣ی ئیسرائیلى ئاشکرای کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا هەندێک لە وەزیر و فەرماندەکانی ئیسرائیل بە ئاشکرا باسیان لە “لەناوبردنی جێنشینی فەرماندە کوژراوەکان، هێرشکردنە سەر ناوەندە میدیایی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی” کردووە. وەزیری دارایی بێزالیل سمۆتریچ لە کۆبوونەوەیەکدا داوای لە فەرماندەکانی سوپا کردوە کە "ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بدۆزنەوە"، بۆ بە ئامانجگرتنی خامنەیی.
ناتانیاهۆ لە کۆبوونەوەکەدا وتویەتى، گرنگترین ئامانج هێرشکردنە سەر ناوەندی ئەتۆمی فۆردۆ بەسەرکەوتوویی و ترساندنی حکومەتی ئێرانە، هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێرشکردن بۆ سەر کۆگای سووتەمەنی و ناوەندە هەستیارەکانی تاران دەتوانێت هەنگاوێکی سەرەکی بێت بۆ رووخاندنی دەسەڵاتى ئێران.
لای خۆیەوە ڕۆن دێرمر، وەزیری کاروباری ستراتیجی لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە، نەتانیاهۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا فشاری خستۆتە سەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ناردنی فڕۆکە بۆ گەیاندنی سووتەمەنی و ڕێگەدان بە هێرشکردنە سەر فۆردۆ. بە گوێرەی راپۆرتەکە ترەمپ بەڵێنی بە نەتەنیاهۆ داوە کە "لە کاتی گونجاودا" هەنگاو بنێت و دوای چەند ڕۆژێک فڕۆکەکانی سووتەمەنی ئەمەریکا گەیشتوونەتە ناوچەکە.
لای خۆشییەوە ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە کۆبوونەوەکەدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە هاوتا ئەمریکییەکەی پیت هێگسێت هەنگاوی بەم ئاراستەیە ناوە، لە هەمان کاتدا بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وابووە کە بەبێ هاوکاری پراکتیکی ئەمەریکا، لەناوبردنی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران جێبەجێ نابێت.
هەروەها لە میانی وتووێژەکاندا ناکۆکی لەسەر هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی ئێران لەوانەش پاڵاوگەکانی نەوت سەریهەڵداوە، کاتز ئاماژەی بەوەداوە کە ئەم جۆرە هێرشانە دەتوانێت ئێران بە توندی لاواز بکات، بەڵام دێرمێر هۆشداریدا لەوەی کە کردەوەیەکی لەو شێوەیە دەتوانێت شەڕەکە بوەستێنێت پێش ئەوەی ئامانجە سەرەکییەکانی بەدیبهێنرێت.