پەیامێک لە لوتکەى دەوحەوە؛ ترەمپ چۆن لە هێرشەکەى قەتەر ئاگادارکرایەوە؟

#ئیسرائیل#قەتەر#ئەمەریکا#کەنداو
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
هێمن مەحمود
پوختە :
  • سێ بەرپرسی ئیسرائیلی کە زانیاری ڕاستەوخۆیان لەسەر ئەو بابەتە هەیە ئاشکرایانکردووە، کاتژمێر هەشتى سەرلەبەیانى ڕۆژی سێشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکای ئاگادار کردووەتەوە کە بەنیازن هێرش بکەنە سەر ڕێبەرانی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحە، لەکاتێکدا کاتژمێر 8:51 خولەک راپۆرتەکان لەبارەى هێرشەکەوە بڵاوبوونەتەوە.
Primary Asset

سبەى

ئیسرائیل 50 خولەک پێش هێرشەکەى دەوحە ترەمپى ئاگادارکردووەتەوە لەکاتێکدا ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو هیچ پەیوەندییەکی بەهێرشەکەوە نەبووە، ئەوەش پرسیارى زیاتر لەبارەى ئەو هێرشە ئاشکرادەکات کە وڵاتانى عەرەبی و ئیسلامى خستووەتە جوڵە و بەهەڵوێستێکى یەکگرتوو دەیانەوێت روبەڕووى تەلئەبیب ببنەوە.

ماڵپەری ئەکسیۆسی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بەپشت بەستن بە چەندین سەرچاوەی ئاگاداری سەربازی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، کە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای ئاگادار کردووەتەوە کە هێرش دەکاتە سەر قەتەر.

سێ بەرپرسی ئیسرائیلی کە زانیاری ڕاستەوخۆیان لەسەر ئەو بابەتە هەیە ئاشکرایانکردووە، کاتژمێر هەشتى سەرلەبەیانى ڕۆژی سێشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکای ئاگادار کردووەتەوە کە بەنیازن هێرش بکەنە سەر ڕێبەرانی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحە، لەکاتێکدا کاتژمێر 8:51 خولەک راپۆرتەکان لەبارەى هێرشەکەوە بڵاوبوونەتەوە.

بەگوێرەی ئەکسیۆس، ئەو بانگەشەیەی  کۆشکی سپی "گاڵتەجاڕانەیە" کە تەنها دوای تەقاندنی مووشەکەکان زانیاریی لەسەر ئەو بابەتە زانیوە و دەرفەتی ئەوە لەبەردەم ترەمپ نەبوە کە دژایەتی ئەو هێرشەکە بکات،

هەر لەو بارەیەوە حەوت بەرپرسی ئیسرائیلی بە ئاکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، کۆشکی سپی پێشوەختە ئاگاداری هێرشەکە بوە، بە وتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ناتانیاهۆ درەنگ کۆشکی سپی ئاگادار کردەوە، بەڵام ئەوەندە کات لەبەردەستی ترەمپ بووە کە هێرشەکە هەڵبوەشێنێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە  قەتەر هاوپەیمانێکی گەورەی ئەمةریکایە، هەرچەندە لە دوای هێرشەکەی ئیسرائیل ترەمپ وتبووی، ''دڵخۆش نیم بەم کارەی ئیسرائیل، هێرشکردنە سەر قەتەر بڕیارێکە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داویەتیی و هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نەبووە".

هەڵوێستى هاوبەشى لوتکەى دەوحە

وڵاتانى عەرەبى و ئیسلامى کە لەدواى هێرشەکەى دەوحە کەوتونەتە جموجۆڵ، ئەمڕۆ لە لوتکەیەکى هاوبەشدا لە دەوحە جەختیان لە پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل کردەوە.

ئەو وڵاتانە لە بەیاننامەى کۆتاییدا لوتکەکەدا هەروەها جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستی گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی پێویست بۆ چالاككردنی میكانیزمه‌كانی به‌رگری هاوبه‌ش و به‌رزكردنه‌وه‌ی تواناكانی خۆپاراستن له‌ كه‌نداو، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی ئه‌نجومه‌نی هاوبه‌شی به‌رگری كه‌نداو له‌ قه‌ته‌ر کردەوە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ده‌ستدرێژی ئیسرائیل بۆ سه‌ر قه‌ته‌ر ئاسته‌نگ بۆ هه‌رچه‌شنه‌ چانسێكی گه‌یشتن به‌ ئاشتی له‌ ناوچه‌كه‌دا دروست ده‌كات و پشتیوانی خۆیان بۆ هه‌نگاوه‌كانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ هێرشەکە دەربڕى.

وڵاتانى عەرەبى و ئیسلامى هەروەها دژایەتى خۆیان بۆ پلانه‌كانی ئیسرائیل دوپاتکردەوە بۆ سه‌پاندنی واقیعێكی نوێ له‌ ناوچه‌كه‌دا و دەڵێن چاره‌نووسی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی بەیەکەوە بەستراوەتەوە,

بە پێویستیشى دەزانن، هه‌نگاوی به‌په‌له‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كۆتایی هێنان به‌ ده‌ستدرێژییه‌ دووباره‌بووه‌كانی ئیسرائیل له‌ ناوچه‌كه‌دا بگیرێته‌به‌ر و هه‌وڵه‌كان یه‌كبخرێن بۆ هه‌ڵپه‌ساردنی‌ ئه‌ندامێتی ئیسرائیل له‌ رێكخراوی‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی