سێ بڕیار و یەک داواکاریی؛ ناوەڕۆکى کۆبوونەوەیەکى باڵا لەبارەى یەکخستنەوەى پێشمەرگە

#پێشمەرگە#یەکخستنەوە
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە حکومەتی عێراق کرا، مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخات، چونکە بە پێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق و پێویستە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانیان لەم چوارچێوەیەدا بێت.
Primary Asset

تا ئێستا نزیکەى نیوەى هێزەکانى پێشمەرگە یەکنەخراونەتەوە

سبەى

حکومەتى هەرێمى کوردستان سێ بڕیارى لەبارەى یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە دەرکرد، داواش لەبەغداد دەکات شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخات.

ئەو بڕیار و داواکارییانە رۆژى 15ى ئەیلول لە کۆبوونەوەیەکدا دران کە بەسەرپەرشتى مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرێوەچوو، بۆ بەدواداچوونی ڕێکار و هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتەکە، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوى کۆتایی کۆبوونەوەکە.

لەکۆبوونەوەمەدا ژمارەیەک بڕیار بۆ خێراترکردنی چاکسازییەکان دران، لەوانە یەکخستنی یەکە ژمێریارییەکان کە پێویستە هەموو پێکهاتەکانی پێشمەرگە، تەنیا یەک یەکەی ژمێریاری هەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا، بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییە داراییەکان.

 هەروەها بڕیاری ڕێکخستنەوەی پێکهاتە و بەیکەربەندیی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە درا بە جۆرێک کە لەگەڵ چاکسازییەکانی حکومەت بگونجێت.

ئاسانکاریکردن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە بڕیارێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو، سەرۆکی حکومەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد پەلە بکەن لە ڕاییکردنی مامەڵەکان و جەختی کردەوە کە نابێت کێشە یاسایی و تەکنیکیەکان ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچە و شایستەکانیان، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوەکە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە حکومەتی عێراق کرا، مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخات، چونکە بە پێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق و پێویستە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانیان لەم چوارچێوەیەدا بێت.

هەنگاوەکانى پڕۆسەى یەکگرتنەوەى هێزى پێشمەرگە لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان چڕکرانەوە، دواى ئەوەى بەپێی لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ وەزارەتى بەرگرى ئەمەریکا، کۆتایی ساڵى 2026 دیاریکرا بۆ تەواوکردنى پڕۆسەکە، لەبەرانبەر بەردەوامى هاوکارییەکانى ئەمەریکا و هاوپەیماناندا.

شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى پێشمەرگە لە 28ى نیسانى 2025 لە مەراسیمى پلاتفۆرمى دیجیتاڵى وەزارەتى پێشمەرگە لە هەولێر رایگەیاند، بەپێی لێکتێگەیشتنەکەیان لەگەڵ پنتاگۆن دەبێت کۆتایی 2026 بگەنە ئەنجامى کۆتایی و هەموو هێزەکان بخرێنە ژێر چەترى وەزارەتى پێشمەرگەوە.

وتیشى هێزى یەکگرتووى پێشمەرگە کە بڕیارى لەسەر دراوە 138 هەزار پێشمەرگە دەبێت، کە لە 11 فیرقە و دوو هێزى پشتیوانى یەک و دوو، دوو فەرماندەیی ناوچەیی سەربازى پێکدەهێنرێت. هیواشى خواست لە کابینەى داهاتوودا کۆتایی بەو پڕۆسەیە بهێنرێت و هێزێکى یەکگرتووى نیشتمانى پێکبهێنرێت.

هێزەکانى 80 ى پارتى و 70 ى یەکێتى، گەورەترین دوو هێزى دەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگەن کە ژمارەیان گەیشتووەتە 125 هەزار کەس، بەشێکیان لە چوارچێوەی لیوا هاوبەشەکان و بەشەکەی دیکەیان بەسەر هێزەکانی 80ی 70ی و چەند یەکە و لیوایەکی دیکەی سەر بە بەرپرسانی ئەو حیزبانەدا دابەش بوون.

"نزیکەى نیوەى هێزەکان یەکنەخراونەتەوە"

بەپێی دوایین راپۆرتى پشکنەرى گشتى ئەمەریکا لەبارەى هەڵسەنگاندنى کارەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمان لە چارەکى دووەمى ئەمساڵدا لە عێراق و سوریا و هەرێمى کوردستان، بەپێی لێکتێگەیشتنى ئەمەریکا و وەزارەتى پێشمەرگە 138 هەزار پێشمەرگە دەخرێنە ژێر فەرماندەیی وەزارەتى پێشمەرگەوە، بەڵام تا کۆتایی ئایارى ئەمساڵ 72 هەزار پێشمەرگە خراونەتە ژێر کۆنتڕۆڵى وەزارەتەکەوە، بەو پێیەش 66 هەزار پێشمەرگە کە نزیکەى نیوەى ژمارەى هێزەکانى پێشمەرگەیە هێشتا یەکنەخراونەتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، تا ئێستا ژمارەیەکى گەورەى پێشمەرگە لەدەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگە و لەژێر فەرماندەیی حزبیدا ماونەتەوە کە خۆیان لە هێزەکانى 70 ى یەکێتى و 80 ى پارتى دەبیننەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، تا ئێستا هەژموونى حزب بەسەر پێشمەرگەوە ماوە، سەرەڕاى هەوڵە بەردەوامەکان بۆ دروستکردنى فیرقە و لیواى یەکگرتوو، هەرچەندە هەوڵەکان دروستکردنى چەندین یەکەى سەربازییان لەژێر فەرماندەیی یەکگرتوودا لێکەوتووەتەوە، بەڵام ئەو یەکانە هێشتا پارێزگاریان لەفەرماندە حزبییەکان کردووە و لەناوچەى ژێر هەژموونى حزبەکانیان کاردەکەن.

بەپێی لێکتێگەیشتنى پنتاگۆن و وەزارەتى پێشمەرگە، پێویستە هێزەکانى پێشمەرگە بەتەواوى رێکبخرێنەوە لەژێر فەرماندەیی وەزارەتى پێشمەرگەدا لەچوارچێوەى 11 فیرقەدا. لە چارەکى دووەمى ئەمساڵدا سێ لەو فیرقانە لەکۆى 11 فیرقە بەتەواوى دەستبەکاربوون و سیانى دیکە هێشتا بەشێوەى سەرەتایی دەستبەکاربوون.

راپۆرتەکە دەریدەخات کە پڕۆسەى چاکسازیی بەتەواوى پێشمەرگەى یەکنەخستووەتەوە، بەڵکو ئەوەى هەیە دووبارە رێکخستنەوەیە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی