مۆلیدەی ئەهلی
سبەی
لیژنەی دیاریكردنی نرخی مۆلیدە ئەهلییەكان نرخی مۆلیدە ئەهلییەكانی بۆ مانگی نیسان دیاریكرد، بەراورد بە مانگی ئادار نرخەكەی دابەزیوە و هۆشداریش دراوەتە خاوەن مۆلیدەكان، پێویستە لەماوەی پێنج خولەك دوای كوژاندنەوەی كارەبای نیشتمانی مۆلیدەكان كارپێبكەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 6/5/2025 لیژنەی دیاریكردنی نرخی مۆلیدە ئەهلییەكان كۆبوەوە و بەپێی نرخی سوتەمەنی لە بازاڕەكاندا نرخی هەر كاتژمێرێك كارەبای موەلیدە بۆ یەك ئەمپێر (42) دینارە، بەمەش نرخی یەك ئەمپێر كارەبای موەلیدەی ئەهلی گەڕەكەكان لە ناوشاری سلێمانی لەنێوان (6500) بۆ (7500) دینارە.
بەو پێیەی موەلیدەكان لە نێوان (155 بۆ 179) كاتژمێر كاریان كردووە.
لیژنەی دیاریكردنی نرخی مۆلیدە ئەهلییەكان خشتەی كارپێكردنی موەلیدەكانی بۆ مانگی (5) تا بەرواری 15/5/2025 بەمشێوەیە خستووەتەڕوو:
رۆژانە لەكاتژمێر 12ی نیوەڕۆ تا یەكی شەو كاردەكەن.
كاتژمێر یەكی شەو دەكوژێتەوە تا 6:30 ی بەیانی.
كاتژمێر 6:30 ی بەیانی تا 8:00 ی بەیانی كاردەكەن.
كاتژمێر هەشتی بەیانی تا 12 ی نیوەڕۆ كارناكەن.
لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەكان، جەختیان لەوەكردوەتەوە "لەكاتی كوژاندنەوەی كارەبای نیشتیمانی نابێت كارپێكردنی موەلیدە و پێدانی كارەبا بەهاوڵاتیان لە پێنج خولەك زیاتر بخایەنێت، بەپێچەوانەوە خاوەن موەلیدەكە سزادەدرێت".
پێشتر و لە رۆژی دووشەممە 7/4/2025لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەكان كۆبووەوە و بەپێی نرخی سوتەمەنی لە بازاڕەكاندا نرخی هەر كاتژمێرێك كارەبای موەلیدەی بۆ یەك ئەمپێر بە (43) دینار بۆ مانگی سێ دیاریكرد، بەمەش نرخی یەك ئەمپێر كارەبای موەلیدەی ئەهلی گەڕەكەكان لە ناوشاری سلێمانی لەنێوان (8:250) بۆ (9.250) دیناربوو.
هەروەها لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەكان، جەختیان لەوەكردبوەوە "لەكاتی كوژاندنەوەی كارەبای نیشتیمانی نابێت كارپێكردنی موەلیدە و پێدانی كارەبا بەهاوڵاتیان لە (10) خولەك زیاتر بخایەنێت، بەپێچەوانەوە خاوەن موەلیدەكە سزادەدرێت".
دوو مانگ لەمەوبەر، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی، بڵاویكردەوە:" بە ئامادەبوون و بەشداریی بەرپرسانی كارەبا و تەكنیكار و لێپرسراوی موەلیدە ئەهلییەكان و ستافی پرۆژەی رووناكی لە ئەنجومەنی وەزیران، لە هەردوو وێستگەی ناوەندی شار و مەڵكەندی یەكەمین قۆناغی پرۆژەی رووناكی كارەبای 24 كاتژمێریی چووە بواری جێبەجێكردنەوە"
پڕۆژەی روناكی لە ئێستادا گەیشتووەتە 42 گەڕەك لەهەولێر و سلێمانی و دهۆك و بڕیارە بەم نزیكانەی بگەیەنرێتە هەڵەبجە، بەگشتی ئێستا نزیكەی 600 هەزار هاوڵاتی سوودمەندن لە پڕۆژەی ڕووناكی لەگەڵ 32 هەزار پڕۆژەی بازرگانی، هەروەها 729 مۆلیدە كوژاونەتەوە.
بەپێی پلانی وەزارەتی كارەبا بڕیارە پڕۆژەی رووناكی تا كۆتایی ئەمساڵ لە سەنتەری پارێزگاكان، ساڵی داهاتووش لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان جێبەجێبكرێت.
پرۆژەی رووناكی لە 17ـی مانگی 10ـی ساڵی رابردوو لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە راگەیەنرا. نرخی كارەبا بەپێی پڕۆژەكە ناڕەزایی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەو هۆیەشەوە مانگی رابردوو ئەگەری گۆڕانكاریی لە نرخەكە خرایەڕوو.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی كارەبا رۆژی یەكشەممەی رابردوو بە سبەی راگەیاند، پێدەچێت ئەم هەفتەیە لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر نرخی پڕۆژەی رووناكی بدرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێكی رەسمی لەو بارەیەوە ئاڕاستەی وەزارەتی كارەبا نەكراوە.
وتیشی نرخەكە لەسەر بنەمای خەرجی بەرهەمهێنانی كارەبا دیاریدەكرێت، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی كارەبا لەبارەی نرخی پێشنیازكراو ئاگادارنەكراوەتەوە.
نرخی ئەزمونی كارەبا بەپێی پڕۆژەكە بەم شێوەیە دیاریكراوە:
100-600 كیلۆوات: 19 تا 60 هەزار دینار
600-750 كیلۆوات: 60 تا 80 هەزار دینار
750-900 كیلۆوات: 80 تا 105 هەزار دینار
900كیلۆوات زیاتر: 105 هەزار زیاتر دەگەڕێتەوە
رۆژی 18ـی ئازار، كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری بەبەشداری بەشێك لە بەرپرسانی وەزارەتەكانی كارەبای هەرێم و عێراق، راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجامدرا بۆ تاوتوێكردنی پرسی كارەبای پڕۆژەی روناكی و نرخی كارەبا بەپێی پڕۆژەكە كە ناڕەزایی لێكەوتووەتەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەوەزارەتی كارەبا پێشتر بە “سبەی” راگەیاندبوو، لەكۆبوونەوەكەدا كۆدەنگی هەبووە بۆ كەمكردنەوەی نرخەكەی، بەشێوەیەك كە بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی هاوڵاتییان بەگشتی و كەمدەرامەتان.
وتیشی "بەشداربووانی كۆبوونەوەكە پێیان وابوو، نرخی ئەزمونی كارەبا بەپێی پڕۆژەكە نرخێكی بەرزەو لەگەڵ ئەوەدابوون پێداچونەوەی پێدا دەكرێت، بەڵام هێشتا دیار نییە بۆ چی ئاستێك كەمدەكرێتەوە".
بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی كارەبا، بڕی بەكارهێنانی كارەبا لەو شوێنانەی سیستمەكە تێیاندا خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە بەڕێژەی لەسەدا 30 كەمبووەتەوە.
كورتەنامە و داشكاندن
بۆ بەشداریكردن لە پڕۆژەكە پێویستە هاوبەشانی كارەبا بەشێوەی ئەلكترۆنی خۆیان تۆمار بكەن، بۆ ئەوەی مانگانە سێ جار و لەسەرەتا و ناوەڕاست و كۆتایی مانگ لەرێگەی كورتە نامەوە لەبڕی بەكارهێنان و پارەی كارەباكەی ئاگاداربكرێتەوە.
بۆ مانگی یەكەم حكومەت لەسەدا 50 داشكاندن بۆ هاوبەشان دەكات، بۆ مانگی دووەمیش لەسەدا 25، ئەوەش بە ئامانجی خۆگونجاندنی هاوبەشان لەگەڵ سیستمەكە. هەروەها هاوڵاتییان تەنها مانگانە پارەی بەكارهێنانی كارەبایان بەپێی ئەو سیستمە لێوەردەگیرێت و قەرزەكانی پێشوویان دەهێڵرێنەوە تا حكومەت بڕیاری لەبارەوە بدات.
هەروەها مۆلیدە ئەهلییەكان تا شەش مانگی دیكە بەپێی گرێبەستێك لەگەڵ حكومەت دەهێڵرێنەوە بەشێوەی پاڵپشت، دواتر بڕیار لەسەر درێژكردنەوەی وادەكە یان لابردنیان بەتەواوەتی دەدرێت.
ئامانجی پرۆژەكە خۆی لە چەند خاڵێكی سەرەكیدا دەبینێتەوە، كە بریتین لە دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری، كەمكردنەوەی بەكارهێنانی كارەبا، گۆڕینی كاركردنی مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ پاڵپشت واتە لەحاڵەتی پچڕانێكی كورتی كارەبا كاربكەن، لەگەڵ نەهێشتنی دوو پسوولەیی و كۆكردنەوەی پارەی كارەبا بەشێوەی مانگانە.